کوێستان محەمەد: موچەى کابانى ماڵ پڕۆژەى گۆڕانەو دەبێت پەرلەمان پەسندى بکات

کوردستان

18/11/2020‌ 2316 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیرى کاروبارى کۆمەڵایەتى ئاماژە بەوە دەکات کە ژن نەیتوانیوە لەناو حزب و حکومەتدا نیوەى بەرپرسیاریەتى و پێگەکانى خۆى وەربگرێت.

کوێستان محەمەد وەزیرى کاروبارى کۆمەڵایەتى لە چاوپێکەوتنێکى تایبەتدا لەگەڵ "شارپرێس" باس لەسەرەتاکانى ژیان و کارى رێخراوەیی و حزبی خۆى باس دەکات و هاوکات لەسەر رۆڵ و پێگەى ژنیش لەناو حزب و حکومەتدا رەخنەو نیگەرانى هەیە.

کوێستان محەمەد دەڵێت" ئەگەر جیاوازى رەگەزی ژن و پیاو لە هەرێمى کوردستاندا بە ژمارە وەربگرین و بە پۆینتیش زیاتر بێت لەچاو ئەو هەموو تواناو کەفائەتەى ژن کە هەیە هێشتا ژنان لەناو حزب و حکومەتدا نەیتوانیوە لە ٥٠%ی پێگەو بەرپرسیاریەتى خۆی وەربگرێت، ئەمەش وایکردوە نەتوانرێت سود لە تواناى ئەو نیوەى کۆمەڵگایە وەربگیرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەو بەڕێوەبردن".

ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات، هەر ژنێک لە سیاسەتدا کار بکات کۆسپ و تەگەرەى بۆ دروست دەکرێت، بەڵام وەک خۆى دەیڵێت هەموو ئەو کۆسپانە ئازایەتى و جورئەتى دەوێ.

لەبارەى کارەکانى رۆژانەى خۆى وەک وەزیری کاروبارى کۆمەڵایەتى کوێستان محەمەد باس لەوە دەکات کە خۆی و ستافەکەی و وەزارەتەکەشى زۆر ماندون و دەڵێت" ئەم وەزارەتە وەزارەتێکى گرنگ و پڕکیشە، وەزارەتێکە بەردەوام لەپەراوێزدا، ئەوانەى پەیوەندیان بە وەزارەتەکەى ئێمەوە هەیە ئەوانەن کە کەسانى هەژارو کەمئەندامن و کرێکارە،ئێمە کە دەستمان پێکرد بەو هیوایەى کە گۆڕانکارى لە ژیانى ئەمانەدا بکەین بۆ ئەوەش هەنگاوى زۆر باشمان ناو دەستمان کرد بە کارى قورس و گرن، بەڵام رێگرى گەورە لەبەردەممان کۆرۆناو قەیرانى داراییە".

وەزیرى کاروبارى کۆمەڵایەتى ئەوە دەخاتەڕوو، ئەوان پڕۆژەى زۆر گرنگیان هەیە بۆ چارەسەرکردنى ئەم کێشانە کە پڕۆژەکانیان لە ئەنجومەنى وەزیرانە، بەڵام جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە پێویستى بەوەیە کە دۆخى دارایی هەرێم بەرەو باشى بڕوات و قەیرانى دارایی کۆتای بێت.

سەبارەت بە مووچەى کابانى ماڵیش کە گۆڕان بانگەشەى بۆ دەکرد، کوێستان محەمەد دەلێت" مووچەى کابانى ماڵ دروشم نییە، بەڵکو پڕۆژەی بزوتنەوەى گۆڕانەو کارى لەسەر دەکات، دەبێت پەرلەمان ئەو پڕۆژەیە پەسند بکات بۆ ئەوەى حکومەت کارى لەسەر بکات".

س.هـ