فۆرین پۆڵسی: داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا گەورەترین ئاڵنگاری بەردەم ئیدارەی بایدنە

جیهان

20/11/2020‌ 949 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گۆڤاری "فۆرین پۆڵسی"ی ئەمەریکی لەراپۆرتێکدا باسی لە ئاڵنگارییە نوێکانی بەردەم ئیدارەی نوێی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی جۆ بایدن کردووە کەبەپێی ئەوە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەورەترین ئاڵنگاری بەردەم جۆ بایدنی سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دەبێت.

گۆڤارەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە سەرەتای تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٠٣ دەگەڕێتەوە کاتێک پەڕلەمانی تورکیا ڕێگەی بە سوپای ئەمریکا نەدا لەخاكی ئەو وڵاتەوە هێرشی سەربازیی بکرێتە سەر عێراق، کە دواتریش و لەسەردەمی ئیدارەی ئۆباما بەهۆی پشتیوانیکردنی واشنتۆن لە هێزەکانی سوریای دیموکرات و هەوڵەکانی تورکیا بۆ کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە رووسیا پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەی زیاتر ئاڵۆز کرد.

هێشتا بابەتی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە جێگای گرینگیپێدانی دەزگاکانی راگەیاند و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و پسپۆڕانی بواری کاروباری تورکیا و ئەمریکایە، بەشێوەیەک بەشێک لە شرۆڤەکاران و گرینگیدەرانی کاروباری تورکیا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێیان وایە لەبەرچەندین پێدراوی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەسەردەمی ئیدارەی بایدندا بەرانبەر بە تورکیا زۆر توندتر دەبێت.

لەناو ئەو پێدراوانە لێدوانی چەند مانگ لەمەوەبەری بایدنە کە تێیدا رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا بەکەسێکی سەرکوتکەر وەسف کردبوو، هەروەک تێیدا بەڵێنیدابوو ئەگەر ببێتە سەرۆکی ئەمریکا ئەوە پشتیوانی هێزە بەرهەڵستکارەکانی تورکیا دەکات.

فۆرین پۆڵسی لەراپۆرتەکەیدا پێشبینی کردووە کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا ئاستەنگی بۆ قۆناغی نوێی سیاسەتی ئەمریکا درووست دەکات کە رۆڵی دەبێت لە گۆڕانکای لە سسیتەمی نوێی جیهانی، کە گۆڕاکانکارییەکە بەشێوەیەکە واشنتۆن روو لە رۆژهەڵاتی ئاسیا دەکات و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست جێدەهێڵێت، لەهەمان کاتدا لەڕێگای پشتیوانیکردنی هاوپەیمانەکان بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەپاریزێت و ستراتیژیەتێکی هەرێمیی نوێ دادەڕێژێت.

لەو نێوەندەدا هەریەک لە رووسیا و چین وا سەیری تورکیا دەکەن کە دەکرێت فاکتەرێکی کارا بێت لە کەمکردنەوەی هەژموونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و رۆڵەکەی لە جیهاندا، لەبەرئەوەی تورکیای نەیاری واشنتۆن دەتوانێت درز بخاتە ناو هاوپەیمانی ناتۆ.

گۆڤارەکە دەڵێت هەرچەندە تورکیا ئەو توانایەی هەبێت سەرئێشە  بۆ واشنتۆن درووست بکات و فاکتەری گوشار بێت لەسەر جیهانی رۆژئاوا، لەهەمان کاتیشدا دەترسێت لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە سزا بدرێت و ئابوورییەکەی تووشی داڕمان بکات.

فۆرین پۆڵسی پێشیازی کردووە واشنتۆن لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا سیاسەتێکی توند پەیرەو بکات بێئەوەی بەیەکجاری ئەو پەیوەندیانە تێکبدات و بیکاتە وڵاتێکی نەیار.

گۆڤارەکە وایدەبینێت کە جۆ بایدن بەهۆی ئەزموونە دوورودرێژەکەی لە یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان، سیاسەتێکی مامناوەند لەگەڵ تورکیا دەگرێتەبەر، بەڵام دوروستبوونەوەی پەیوەندییە گەرم و گوڕەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە هاوشێوەی جاران کارێکی نەکردەیە.

ئامادەکردن : ئاکۆ ئاڵی