نووسەری کورد، سارا عومەر خەڵاتی ئەدەبی "لۆریاڵی زێڕین"ی پێبه‌خشرا

کوردستان

20/11/2020‌ 1841 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نووسەری کورد، سارا عومەر ئاشكرایكرد، بەرواری 18ی ئه‌م مانگه‌ لە شاری کۆپنھاگن لە وڵاتی دانیمارک خەڵاتی ئەدەبی ”لۆریاڵی زێڕین“، The Golden Laurelی پێبەخشرا. 

له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا سارا عومەر بڵاویكرده‌وه‌: "خۆشحاڵم پێتان ڕابگەیەنم، کە بەرواری 18ی نۆڤێمبەر لە شاری کۆپنھاگن لە وڵاتی دانیمارک خەڵاتی ئەدەبی ”لۆریاڵی زێڕین“، The Golden Laurel.م پێبەخشرا، ئەمە خەڵاتێکی ئەدەبیی دانیمارکییە، کە لە ساڵی ١٩٤٩دا دامەزرێندراوە، ھەموو ساڵێکیش بە یەکێک لە نووسەرەکانی وڵاتی دانیمارک دەبەخشرێت".

باسی له‌وه‌شكردووه‌: ئەو لیژنەیەی بڕیار لەسەر بەخشینی خەڵاتەکە دەدات پێکھاتوون لە ڕەخنەگەرانی ئەدەبیی و خاوەن کتێبخانەکانی ئەو وڵاتە، ئەمانە خەڵاتەکە بە کتێبێک دەبەخشن، کە ئاستێکی ئەدەبی بەرزی ھەبێت و سەرنجی ڕەخنەگران و خوێنەرانی بەلای خۆیدا ڕاکێشابێت. نووسەری براوە کەسێکە  زۆرترین خوێنەری ھەبووە و کتێبەکە بە شێوەیەکی بەربڵاو بەناو کۆمەڵگادا بڵاوبۆتەوە. زۆرێک لە نووسەرە گەورەکانی دانیمارک ئەم خەڵاتەیان بردۆتەوە و ھەر نووسەرێکیش دەتوانێت یەکجار لە ژیانیدا ئەم خەڵاتە وەربگرێت. 

سارا عومەر ده‌شڵێت: "من کە دوێنی ئەو خەڵاتەم وەرگرت یەکەمین نووسەرێکم، کە پاشخانێکی کوردیی و خۆرھەڵاتی ناوەڕاستم ھەیە. بەر لەمن ئەو خەڵاتە بە کەسێکی ھەڵگری ئەو پاشخانە نەدراوە. ھەروەھا یەکەمین نووسەرێکی پەناھەندەم، کە ئەم خەڵاتە وەربگرێت، وەکچۆن لە ھەمانکاتدا گەنجترین نووسەرێکم خەڵاتەکەم پێبەخشرابێت".

ئه‌وه‌شی نووسیووه‌: بەبۆنەی وەرگرتنی ئەم خەڵاتەوە دەمەوێت جارێکی تر پێ لەسەر چەند بابەتێکی گرنگ دابگرم، وەکچۆن لە وتارەکەی دوێنێمدا لە شاری کۆپنھاگن باسمکرد، لە لای من بەرگریکردن لە ئازادی نووسین و ڕادەربڕین بابەتی ھەرە گرنگیی ئەم سەردەمەی ئێستامانە. ئەم ئازادییە لە ئێستادا لەژێر ھەڕەشەیەکی بەردەوام و ھەمەلایەندایە، نەک تەنھا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا بەڵکو لەناو ئەوروپا خۆشیدا. باشترین نموونەیەک ئەم ھەڕەشەیەمان نیشانبدات سەربڕینی ئەو مۆمۆستا فەرەنسییە بوو لەسەر بەرگریکردن لە ئازادیی ڕادەربڕین و ھەوڵدان بۆ ناساندنی منداڵان بەم ئازادییە و فێرکردنیان، کە ڕێزی لێبگرن.