شارپرێس:
بەگوێرەی کۆمپانیای وانەر برازەر بۆ بەرهەمەهێنانی سینەمایی، دوای ماوەیەکی زۆر دابڕان لەبەرهەمهێنانیان، لەماوەیەکی نزیکدا تۆمو جێری دەگەڕێنەوە بۆسەر شاشەی سینەماکان، بەشێوەیەک لەپێنجی مارسی ساڵی داهاتودا لەهۆڵەکانی سینەمادا نمایشدەکرێت.
فیلمە نوێکەی تۆمو جێری لەپاڵەوانێتی خانمە ئەستێرەی گەنج کلۆی گریاس مۆریتزو ئەستێرەی کۆمێدی ڕۆب دیلانی دەبێت، ڕوداوەکانیش باسی خانمە فەرمانبەرێک دەکات کە لەهۆتێلێکی گەورەو بەناوبانگ کاردەکات کە تێیدا داوای یارمەتی لەپشیلەیە دەکات لەمشکێکی سەر هارو هاجو سەربەگۆبەند ڕزگاری بکات کە خەریکە ئاهەنگی یەکێک لەکەسە دەوڵەمەندەکان تێکبدات.
بەڵام هەربەزویی ئەو خانمە فەرمانبەرەو تۆمو جێری هاوپەیمانێتییەکەی سێلایەنە دژ بەبەڕێوەبەری هۆتێلەکە دروستدەکەن کە پیلانێکی مەترسیداری لەژێر سەردایە، کەسایەتیی تۆمو جێری لەماوەی نێوان ساڵی ١٩٤٠ تاوەکو ١٩٦٧دا ١٦١ ئەڵقەی لێبەرهەمهێنرا کە چەندین خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستهێناوە.
کەسایەتی تۆمو جێری لەلایەن جۆزێف باربێرا بەهەماهەنگی لەگەڵ ویلیام هانای هاوبەشی دروستکران، دواین ئەڵقەشی لەساڵی ١٩٩٣ بەرهەمهێنرا.
جۆزێف بابێرا لە١٨ی دیسەمبەری ساڵی ٢٠٠٦ لەلۆس ئەنجلۆس لەتەمەنی ٩٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، هەروەک ویلیام هانا لەساڵی ٢٠٠١و لەتەمەنی ٩٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی