هه‌واڵێكى ناخۆش بۆ ئه‌و پیاوانه‌ى توشى كۆرۆنا بون‌و ئێستا چاكبونه‌ته‌وه‌

تەندروستی

22/11/2020‌ 9834 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ گەیشتۆتە ئەو دەرئەنجامەی کە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ دەتوانێت بۆماوەیەکی دورودرێژ لەناو "هێلکەی گونەکان"دا بمێنێتەوەو زیانیش بەتوانای وەچەخستنەوە (زاوزێ)ی لە 20%ی ئەو  پیاوانە بگه‌یه‌نێت کە لەنەخۆشییەکە چاکبونەتەوە.

ڕۆژنامەی "دەیلی مەیڵ"ی بەریتانی بڵاویكردۆته‌وه‌، لێکۆڵەرەکان لەکۆلێژی پزیشکی سەر بەزانکۆی میامی میلەری ئەمریکی توێکاریان بۆ لاشەی ٦ پیاو کردوە کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە گیانیان لەدەستداوە، دوای شیکردنەوەی شانەی گونی مردوەکان دەرکەوتوە کە گرفت بۆ کارکردنی سپێرمەکانیان دروستبوە، لەوانە کەمبونەوەی بەرهەمهێنانی سپێرم‌و پێنەگەیشتنیان.

لەگەڵ ئەوەشدا، دوای مانگێک لەچاکبونەوەی ڤایرۆسەکە لەناو هێلکەی گونی پیاوێکی ٢٨ ساڵیدا دۆزراوەتەوە، ئەمەش مانای وایە کاریگەرییە گریمانکراوەکانی ڤایرۆسەکە دوای ماوەیەکی زۆر لەچاکبونەوە هەردەمێنێت.

د.ڕاگیس ڕاماسامی ئامادەکاری سەرەکیی لێکۆڵینەوەکە دەڵێت:"ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە ئەوە پیشاندەدات کە لە20%ى ئەو پیاوانەی ڤایرۆسی کۆڕۆنایان تێپەڕاندوە بەدرێژایی ژیانیان بەدەست گرفتی توانای وەچەخستنەوەوە دەناڵێنن".

ئەو پزیشکە ئەوەشی وتوە:"ئەوەش زانراوە ڤایرۆسی کۆڕۆنا پەیوەستە بەسیی‌و گورچیلەکانەوەو ئەگەری هەیە زیان بەهەردوکیان بگەیەنێت، کە خاڵی هاوبەشی هەردوکیان بریتییە لەوەرگری ACE2 کە ڤایرۆسەکە بۆچونە ناو جەستە پێیانەوە دەلکێت‌و توشی خانەکانی جەستەی مرۆڤ دەبێت، ئەو وەرگرانە بەچڕی لەو دوو ئەندامەی جەستەدا هەیە".

دەشڵێت:"ئەوەی جێگای سەرنجە کە هێلکەی گون زۆرترین ژمارەی ئەو وەرگرانەیان تێدایە بەراورد بەسەرجەم ئەندامەکانی تری جەستەی مرۆڤ".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، راسامی دەڵێت ئەو وتیمەکەی ویستیان بزانن کە ئەوە مانای وایە دەکرێت ڤایرۆسەکە لەناو هێلکەی گونیشدا بدۆزرێتەوە، هەربۆیە لێکۆڵینەوەیان لەوبارەیەوە کردووە.
تیمی لێکۆڵینەوەکە ڕێنمایی ئەوکەسانە دەکەن کە ڤایرۆسی کۆڕۆنایان تێپەڕاندوە بەوەی ئەگەر هات‌و ئازاری گونەکانیان هەبوو، ئەوە بەزویی سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی