چارەسەرێکی نوێ بۆ توشبوانی شێرپەنجە

تەندروستی

25/11/2020‌ 714 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ڕۆژنامەی "دەیلی مەیڵ"ی بەریتانی، بەهۆی دۆزینەوەی چارەسەرێکی نوێوە، دەکرێت توشبوانی شێرپەنجەی خوێن لەوەرگرتنی چارەسەری کیمیایی ڕزگاریان بێت، بەشێوەیەک پەرەپێدەرانی ئەو چارەسەرە نوێیە جەختیانکردۆتەوە، چارەسەرەکەی ئەوان لەچارەسەرە باوەکانی تری شێرپەنجە کاریگەریی لاوەکی کەمتری دەبێت کە ئەمەش وادەکات تەمەنی توشبوان بەشێوەیەکی بەرچاو درێژبکاتەوە.

چارەسەری کیمیایی وادەکات بۆماوەی چەند مانگێک نەخۆشییەکە لەجەستەی کەسەکەدا نەمێنێت، دواتر نەخۆشییەکە سەرهەڵدەداتەوە، بۆیە دەبێت جارێکی تر بخرێتەوە ژێر چارەسەری کیمیایی، بەڵام لەجاری داهاتودا کاریگەرییەکەی کەمتر دەبێتەوە.

چارەسەرەکە نوێکە پشت بەپێکهاتەیەکی تێکەڵ لەهەردوو دەرمانی venetoclaxو obinutuzumab دەبەستێت، کە دەرمانی یەکەم بەرهەمهێنانی ئەو پرۆتینە کۆتوبەند دەکات کە خانە شێرپەنجەییەکان بۆمانەوەیان پێویستیان پێیەتی، لەکاتێکدا دەرمانەکەی تر یارمەتی سیستەمی بەرگری جەستە دەدات خانە نائاساییەکان بدۆزێتەوەو بیانکوژێت.

ئەو تاقیکردنەوە نوێیە لەسەر ژمارەیەک لەتوشبوانی شێرپەنجەی خوێن تاقیکراوەتەوەو دەرکەوتوە کە لە 80%یان دوای وەرگرتنی بەتەواوەتیی لەنەخۆشییەکە چاکبونەتەوە، لەکاتێکدا لە 49%ى ئەوانەی چارەسەری کیمیایی وەردەگرن بەتەواوەتیی لەنەخۆشییەکە چاکدەبنەوە.

لای خۆیەوە پڕۆفیسۆر پیتەر هێڵمن ڕاوێژکاری نەخۆشییەکانی خوێن لەنەخۆشخانەی فێرکاری لیدز لەبەریتانیا دەڵێت:"ئەو چارەسەرە نوێیە کاریگەرییەکەی گەورەی دەبێت‌و ژیانی توشبوانی شێرپەنجەی خوێن بەتەواوەتی دەگۆڕێت".

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی