ئەنجومەنی وەزیران: داوای به‌شه‌ بودجه‌ی مانگه‌كانی 5، 6، 7 و 10ی ئه‌مساڵ له‌ به‌غداد ده‌كه‌ین

کوردستان

25/11/2020‌ 1096 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و رایگه‌یاند، داوای به‌شه‌ بودجه‌ی مانگه‌كانی 5، 6، 7 و 10ی ئه‌مساڵ له‌ به‌غداد ده‌كه‌ن.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم‌، له‌ دەستپێکی کۆبوونەوەی ئه‌مڕۆدا و بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان، مه‌سرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە،  کە حکومەتی هەرێم داکۆکی لە پاراستنی مافەکانی ئافرەتانی کوردستان و سنووردان و نەهێشتنی تووندوتیژی دژی ژنان و دیاردە کۆمەڵایەتییە نەخوازراوەکان و دابینکردنی یەکسانیی کۆمەڵایەتی و جێندەری دەکات.  

لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، دوا پێشهاتەکانی ڕێڕەوی دانوستان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە ماف وشایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو، بەتایبەتیش دوای تێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی 2020 لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بە بێ ئامادەبوونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان .

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە، کە هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی خۆی داوە و هەموو پابەندییەکانی خۆی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بنەڕەتی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ کردووە و بەردەوامیشین لە گفتوگۆ.  ئاماژەی بەوەشدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لایەنی فەرمی گفتوگۆیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و بە هیچ شێوەیەک حکومەتی هەرێم، سازش لە مافە دەستورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکات.

وتیشی دواخستنی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، پێشینەیەکی مەترسییدارە و پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستانە . 

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا نامەیەکی فەرمی بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکات و داوای بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بکات بۆ مانگەکانی پێنج و شەش و حەفت و دەی ئەمساڵ کە ماف و شایستەیەکی ڕەوای هەرێمی کوردستانە و حکومەتی فیداڵی نەیناردووە و هیچ پەیوەندییەکی بە یاسای کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی 2020 ەوە نییە . 

ئەنجومەنی وەزیران سوپاسی هەڵوێستی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق جینین پلاسخارت دەکات کە لە وتارەکەیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش، جەختی لەوە کردبووەوە فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان  ، تەنیا فەرمانبەر و مووچەخۆری هەرێم نین بەڵکو هاووڵاتی عێراقین و پێویستە بابەتی مووچە نەکرێتە بەشێک لە کێشە سیاسییەکان و نابێت بە شێوەیەکی بە کۆمەڵ بکرێنە قوربانی. 
 
ئەنجومەنی وەزیران داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات پشتگیریی لە هاتنەئارای ڕێککەوتنێکی بنەڕەتی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بکەن لە پێناو دابینکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان. 

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا ، ئەنجومەنی وەزیران پەیڕەوی ( دیاریکردنی ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان )ی بە کۆی دەنگ پەسەند کرد . 

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بە کێشەی دیاریکردنی موڵکیەتی زەویوزاری کریستیانەکان کرد لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان . ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، لیژنەیەکی بەداوداچوون پێکبهێرنرێت بۆ چارەسەرکردن و کۆتایی هێنان بەو کێشانە، بە ئاراستەی لە بەرچاوگرتن و دابینکردنی مافەکانی گشت پێکهاتەکانی خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و سنووردانان بۆ هەر زێدەڕۆییەک کە لە ئارادا بێت. 

ئەنجومەنی وەزیران هەروەها جەختی کردەوە لە شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەم و چەسپاندنی لامەرکەزیەتی ئیداریی پارێزگاکان .