لیژنەی شەهیدان: بەناوی شەهیدانەوە بازرگانی بە زەوییەوە دەکرێت

کوردستان

26/11/2020‌ 435 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیژنەی کاروباری شەهیدان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەدواداچوون بۆ ئەو زەوییانە دەکەن کە بەناوی شەهیدانەوە بازرگانیی پێدەكرێت.  

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی لیژنەكە، ئەمڕۆ لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی كۆبووەوە و چەند پرسێکی تاووتوێ کرد.  

ئاماژەیان بەوەكردووە، تەوەری یەكەمی كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردن بوو لەسەر سەردانیكردنی لیژنەكە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، کەشاندێكی لیژنەكه‌ له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا به‌مه‌به‌ستی بەدواداچوون بۆ ئەو ناڕەزایەتییەی سەبارەت بەدابەشكردنی كەلوپەل بەسەر كەسوكاری شەهیدانی شەڕی تیرۆریستانی داعش ئه‌نجامیدابوو و لەگەڵ وەزیرو بریكاری وەزیری پێشمەرگە كۆببووەوە.  

لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەهاتووە، له‌كۆبوونەوەكە لیژنەکە بڕیاریدا بانگهێشتنی وەزارەتی شەهیدان بكات بۆئەوەی هەماهەنگیی زیاتر دروست بكرێت و بەدواداچوون بۆ بابەتی دابەشكردنی یارمەتی بەسەر كەسوكاری شەهیدان بكرێت، كە چیتر وەزارەتی شەهیدان رێگەنەدات ئەو جۆرە كەلوپەلە كۆنانە بەسەر خانەوادەی شەهیداندا دابەش بكرێت.  
هەر لەكۆبوونەوەكەدا لیژنە بڕیاری ئەوەشیدا بەفەرمی نوسراو ئاڕاستەی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان بكات تاوەكو كۆنتڕۆڵی ئەو رێكخراوانە بكەن كەبەناوی شەهیدانەوە كاردەكەن.  
ئەوەشخراوەتەڕوو، لەكۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا بڕیاردرا ئەو لیژنەیه‌ی كه‌ لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دیاریكراوە بەدواداچوون بكات بۆ ئەو زەوییانەی كەبەناوی شەهیدان بازرگانیی پێوە دەكرێت.