شارپرێس ـ تایبه‌ت:
به‌بێ هیچ ڕێكه‌وتنێكى پێشوه‌خته، حكومه‌تى هه‌رێم له‌بری ڕه‌وانه‌كردنی وه‌فدی باڵا‌و خاوه‌ن بڕیار، نامەیەك ده‌نێرێته به‌غدا بۆ داواكردنی شایسته داراییه‌كانی چوار مانگی خۆی، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌به‌غداوه باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، هیچ ڕێكه‌وتنێك نییه بۆ ئه‌وه‌ى به‌غدا پاره ڕه‌وانه‌ى هه‌رێم بكات‌و به‌گشتیش لایه‌نه شیعه‌و سوننه‌كان دژى ناردنى هه‌رجۆره هاوكارییه‌كى دارایین بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن كازمیه‌وه، سه‌رچاوه‌یه‌كى وه‌زاره‌تى دارایی‌ش ده‌ڵێت:"ئه‌گه‌ر به‌غدا پاره‌كه نه‌نێرێت، هه‌فته‌ى داهاتوو ده‌ست به‌دابه‌شكردنى موچه ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ریش زوتر بینێرێت ئه‌وا زوتر ده‌ستپێده‌كه‌ن".
كازمى هه‌وڵى ناردنى پاره‌كه‌یدا، به‌ڵام نه‌یتوانى
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست شارپرێس كه‌وتون، کازمی لەچەند ڕۆژی ڕابردوداو دواى نامه‌كه‌ى هه‌رێم كه ئێستا له‌به‌غدایه، چەند هەوڵێکیداوە بۆ ئەوەی هێزو لایەنە سیاسیەکانی عیراق قایل بکات بەناردنی دوو گوژمه‌ى ٣٢٠ ملیارى بۆ ئەم دومانگەی کە ماوە له2020دا، بەڵام سه‌رجه‌م ئه‌و لایه‌ن‌و هێزانه‌ى کازمی له‌گفتوگۆى له‌گه‌ڵ كردون، ڕه‌تیانكردۆته‌وه.
كازمى له‌هه‌وڵه‌كانى به‌رده‌وامه
دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر، د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق‌و مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبونەوە له‌سه‌ر پرسى ناردنى شایسته داراییه‌كانى هه‌رێم‌و جێگره كورده‌كه‌ى سه‌رۆكى په‌رله‌مان ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، كازمی دەیەوێت بۆ ناردنی 320 ملیار دیناری ھەرێم كۆدەنگی دروستبكات.
به‌وته‌ى حه‌داد، له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌یدا له‌گه‌ڵ كازمی، ناوبراو دانی بەوەداناوه كە زوڵم لەھەرێمی كوردستان دەكرێت، "ئەو بڕە پارەیەی بۆ ھەرێم دەنێرین زۆر كەمترە لەمافی خۆیان، پێویستە زیاتری بكەین، بەڵام ھەندێك كەس لەپەرلەمان‌و دەرەوەی پەرلەمان ئاستەنگ بۆ ئەمە دروستدەكەن، بۆ ئه‌مه‌ش لەگەڵ لایەنەكان لەگفتوگۆداین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان‌و ناردنی ئەو بڕە پارەیەی كە تائێستا بۆ ھەرێمی كوردستان نەنێردراوە".
ئامۆژگارى هه‌رێم كراوه بۆ ئه‌و نامه‌یه
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌به‌غداوه كه داوایانكرد ناویان ئاشكرانه‌كرێت بۆ شارپرێس قسه‌یانكردو باسیان له‌وه‌كرد، ئه‌و نامه‌یه‌ى هه‌رێم ڕه‌وانه‌ى به‌غداى كردوه، ڕێککەوتن نییە، به‌ڵكو ئامۆژگارى هەرێم کراوە کە نامەیەکى له‌وشێوه‌یه، بەڵام لەهەموو حاڵەتەکاندا ئەگەرنییە پارەکە بەو شێوە بنێردرێت كه داواكراوه، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان له‌سه‌ر ناردنى یه‌ك گوژمه‌ى 320 ملیار دینارى چڕبۆته‌وه.
ئه‌گه‌ر به‌غدا نه‌ینارد چى ڕوده‌دات؟
سه‌رچاوه‌كانى شارپرێس باسیان له‌وه‌شكرد، ئەگەرى دوەمیش هەیە کە حکومەتى عێراق نەتوانێت پارەکە ڕەوانە بکات، ئه‌وكات گرفتەکانى نێوان هەولێرو بەغدا قوڵترده‌بنەوەو بۆ ئه‌وه‌ش لەئێستادا هەرێم خۆى بۆ ئەو ئەگەرانەش ئامادەكردوه.
له‌برى وه‌فد، نامه‌یه‌كى كاغه‌زى
ڕۆژی چوارشه‌ممه 25ی نۆڤه‌مبه‌ر، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم، له‌دوا كۆبونه‌وه‌ی خۆیدا، بڕیاریدا نامه‌یه‌كی فه‌رمیی به‌ناوی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بكات‌و داوای به‌شه بودجه‌ی هه‌رێم بكات بۆ مانگه‌كانی (5، 6، 7و 10)ی ئه‌مساڵ، چونكه عێراق نه‌یناردوه‌و وه‌كو حكومه‌تیش ده‌ڵێت: ئه‌و مانگانه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی 2020وه نییه".
ئه‌گه‌رى ناردنى دوو گوژمه‌ى 320 ملیار دینارى هه‌یه
له‌لایه‌كى تریشه‌وه چه‌ند زانیاریه‌ك كه ده‌ست شارپرێس كه‌وتون پێچه‌وانه‌ى زانیاریه‌كانى پێشون‌و باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه حكومه‌تی عێراق سێ موچه، یان لانیكەم، بەدوو گوژمەی جیاجیا، بڕی (320) ملیار دینار ڕه‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكات، له‌به‌رامبه‌ریشدا هه‌رێم هیچ گرفتێكی تا پەسەندكردنی بودجەی 2021 نامێنێت، چونكه كۆتا موچه‌كانی ئه‌مساڵی موچەخۆران، بەو پارەیەی بەغداو داهاتی نەوت‌و ناوخۆ‌و خاڵە سنورییەكانەوە دابینده‌كات‌و ئه‌وانه‌شی كه نه‌دراون، پاساوو ناوێكیان بۆ ده‌دۆزرێته‌وه.
ڕێكه‌وتنى ژێر به‌ژێر
زانیاریه‌كان ئاماژه به‌وه‌ده‌كه‌ن، كێشه‌كه ناردنی وه‌فدی باڵا‌و خاوه‌ن بڕیارنییه له‌هه‌رێمه‌وه بۆ به‌غدا، به‌ڵكو ماوه‌ی چەند رۆژێكە، بەتایبەتیی لەدوای تێپەڕاندنی یاسای "پڕكردنەوەی كورتهێنانی قەرز"ەوە لەلایەن پەرلەمانی عێراق‌و بێ بەشداریكردنی كورد، جۆرێك له‌گفتوگۆى ژێر به‌ژێر له‌نێوان هه‌ردوو حكومه‌تدا هاتوەتە ئاراوە بۆ دۆزینەوەی دەرەچەیەك تاكو كازمی بتوانێت ئەو چەند گوژمە پارەیە بۆ هەرێم بنێرێت‌و له‌سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوشه‌وه، هه‌رێم، به‌شێك یان هه‌موو نه‌وته‌كه‌ی ڕاده‌ستده‌كات، ئه‌وه‌ش دوای ڕێكه‌وتنی كۆتایی له‌نێوانیاندا.
لایه‌نه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان هاتونه‌ته‌سه‌رخه‌ت
شارپرێس زانیویه‌تی، حیكمه‌تی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی هه‌ولێرو به‌غدا، ته‌نها په‌یوه‌ست نییه به‌ڕێكه‌وتنی ژێر به‌ژێری خۆیانه‌وه، به‌ڵكو لایه‌نی ده‌ره‌وه‌ی وه‌كو ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان‌و ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی‌و كونسوڵخانه گرنگه‌كانیش هاتونه‌ته‌سه‌ر خه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كانی نێوان ئه‌و دوو حكومه‌ته له‌بودجه‌ی ساڵی 2021 به‌ته‌واوه‌تی چاره‌سه‌ربكرێت‌و هه‌رێم‌و به‌غداش پابه‌ندی ڕێكه‌وتنه‌كه بكه‌ن.
له‌ژێر ناوى چیدا كازمى پاره‌كه ده‌نێرێت؟
به‌غدا له‌هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌چاره‌ی گونجاودایه بۆ ئه‌وه‌ی كاتێك ئه‌گه‌ر ئه‌و پارانه ڕه‌وانه‌ی هه‌رێم كران، شه‌قامی عێراقی به‌هه‌ردوو دژه‌كه‌ی واته (سوننه‌و شیعه)ش ڕه‌زامه‌ندبن‌و ناڕه‌زایی ده‌رنه‌بڕن، بۆ ئه‌وه‌ش "مسته‌فا كازمی" ده‌یه‌وێت له‌ژێر داتاشینی ناوی قه‌رزی مانگه‌كانی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ‌و توڕەنەكردنی سەركردەو نوێنەرەكانی شیعە لەپەرلەمانی عیراق، هاوكاریی دارایی هه‌رێم بكات، چونكه ئه‌گه‌ربێت‌و داتاشینی ناوه‌كه‌ی كازمی به‌دڵی شه‌قامی عێراقیی نه‌بێت، ئه‌وا گڵۆپی هیوای كازمی ده‌كوژێته‌وه‌و په‌رله‌مان لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات‌و له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوشدا به‌ده‌ستی به‌تاڵ ده‌چێته ده‌ره‌وه.
یه‌كشه‌ممه یان دوشه‌ممه بڕیارى له‌سه‌ر ده‌درێت
زانیاریه‌كان ئاماژه به‌وه‌ده‌كه‌ن، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه یان دوشه‌ممه‌ی داهاتوو ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، لەبڕگەیەكی كۆبونه‌وه‌كەیدا، تاوتوێی نامه‌كه‌ی هه‌رێم دەكات‌و بڕیاری له‌باره‌وه دەدات، به‌ڵام وه‌ڵام‌و بڕیاری كۆتایی كازمی ئه‌وه نابێت كه خه‌ڵكی كوردستان نیگه‌ران بكات له‌لایه‌ك‌و له‌لاكه‌ی تریشه‌وه شه‌قامی عێراق له‌خۆی توڕه‌بكات.
هه‌رێم ڕه‌چاوى دۆخى كازمیشى كردوه
له‌نامه‌كه‌دا، حكومه‌تی هه‌رێم ڕه‌چاوی دۆخی مسته‌فا كازمی كردوه، بۆیه داوای موچه‌ی مانگه‌كانی (5، 6، 7و 10)ی ئه‌مساڵی كردوه، بۆ ئه‌وه‌ی شه‌قامی عێراقی‌و عه‌ره‌بی عێراق له‌سه‌رۆك وه‌زیران توڕه‌نه‌بن‌و ئه‌وانیش بتوانن وه‌كو قه‌رزی ئه‌و مانگانه ئه‌و پاره‌یه ڕه‌وانه بكه‌ن، چونكه یاسای قه‌رز له‌م مانگه‌دا په‌سه‌ندكراوه‌و ئه‌و مانگانه‌ش كە هه‌رێم داوایكردوه، پێش دەرچواندنی ئەو یاسایە بوەو قه‌رزه‌و له‌ئه‌ستۆی عێراقه.
په‌رله‌مانتارانى كورد له‌كوردستان چى ده‌ڵێن؟
په‌رله‌مانتارانیش له‌په‌رله‌مانی كوردستان پێیانوایه، ئه‌و پاره‌یه‌ی كه عێراق ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌رده‌دات بۆ موچه‌ی ئه‌و مانگانه، دەبێت ڕاستەوخۆ لەهەرێم بەسەر موچەخۆراندا دابەشبكرێت‌و بەپێچەوانەشەوە فشاری شه‌قامی كوردی ده‌ستپێده‌كات‌و ناڕه‌زاییه‌كان به‌رزده‌بنه‌وه، سەرەڕای ئەوەی پەرلەمانی كوردستانیش ناچاردەكرێت بۆ چڕكردنەوەی فشارەكانی بۆ سەر حكومەت‌و پشتیوانیكردنی داواكانی خه‌ڵك.
بۆیه، چاوەڕواندەكرێت هەفتەی داهاتوو 320 ملیارد دینار لەبەغداوە بخرێتەسەر هەژماری بانكیی هەرێم‌و ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشكردنی موچە بكرێت، سەرەڕای ئەوەی ئەگەری ئەوەش هەیە هەر لەمانگی 12ی ئەمساڵدا، هەمان گوژمەی پارە بۆ هەرێم بنێردرێت، بەڵام دابەشكردنی ئەو دوو موچەیە، نابێتە موچەی ئەو مانگانەی كە حكومەتی هەرێم لەنامەكەیدا بۆ بەغدا داوایكردوە، بەڵكو بۆ دابەشكردنی موچەكانی مانگە كۆتاییەكانی ئەمساڵ دەبێت.
"به‌غدا چه‌ند گوژمه‌ى 320 ملیارى بنێرێت ده‌بێت ئه‌وه‌نده موچه دابه‌شبكرێت"
له‌وباره‌یه‌وه مه‌م بورهان قانع ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان جه‌ختیكرده‌وه، "به‌غدا چه‌ند گوژمەی پارەی 320 ملیار دیناری ڕه‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكات، ده‌بێت حكومەتی هه‌رێم-یش ئه‌وه‌نده موچه به‌فه‌رمانبه‌ران بدات‌و نابێت بەناوی قەرزكردنەوە، بەشێكی ئەو گوژمە پارانە بۆ موچەی موچەخۆران سەرفنەكرێن، چونكە ئەو پارەیە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە، نەك سەرفكردنی بۆ شتی تر".
مەم بورهان قانع بڕوای خۆیشی نیشاندا كە "حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی عیراقیی، ڕێكەوتنێكی مەبدەئییان كردوە بۆ ئەوەی هەرێم داوای پارەی ئەو چوار مانگە بكات كە بەر لەپەسەندكردنی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی لەپەرلەمانی عێراقیدا پەسەندكراوە".
وتیشی:"نامەكەی حكومەتی هەرێم ئەنجامی دەبێت، بەڵام ئەو گوژمە پارانەی كە بەناوی مانگەكانی پێشوەوە، ڕەنگە تەنها دوو مانگیان بنێردرێت، بۆ موچەی مانگەكانی كۆتایی ئەمساڵ دەبن، نەك دانەوەی موچەی ئەو مانگانەی پێشوو، حكومەتی هەرێم، بێ هیچ دەقێكی یاسایی، ڕایگرتون‌و ئەم مافە ڕەوایەی موچەخۆرانی پێشێلكردوە".
هه‌فته‌ى داهاتوو دابه‌شكردنى موچه ده‌ستپێده‌كات
پێشتر وته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێم ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، ئه‌گه‌ر به‌غدا پاره‌كه‌ى هه‌رێم نه‌نێرێت، ئه‌مان ڕێوشوێنى دیكه ده‌گرنه‌به‌ر، له‌و ڕوه‌شه‌وه سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌وه‌زاره‌تى دارایی بۆ شارپرێسى ڕونكرده‌وه، "لەناوەڕاستی هەفتەی داهاتوەوە دەست بەدابەشکردنی موچەی مانگی ١٠ی ئەمساڵ دەکرێت بۆ ئه‌وه‌ش دوو بژاردەیان لەبەردەستدایەو بۆ ئه‌وه‌ش سه‌رجه‌م داهاته‌كانیان كۆكردۆته‌وه، ئه‌گه‌ر به‌غدا له‌م هه‌فته‌یه‌دا پاره‌كه نه‌نێرێت، ئه‌وا هه‌فته‌ى داهاتوو دابه‌شكردنى موچه‌ى مانگى 10 ده‌ستپێده‌كات".
ش.هـ