موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەردەم چارەنوسێکی نادیاردا

ڕاپۆرت

28/11/2020‌ 854 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوو مانگ بەرلە ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند پێنج موچەی ئەمساڵ پاشەکەوت دەکات و لە مانگی ئەیلولەوە سی ڕۆژ جارێک بەشێوەی خۆ گونجاندن لەگەڵ داهاتی مانگانەی حکومەت موچەی فەرمانبەران دابەشدەکات.

بەڵام ئەم بڕیارە تەنها بۆ یەک مانگ جێبەجێکراو ئیدی حکومەتی هەرێم توانای دابەشکردنی موچەی مانگی ١٠ی ئەمساڵی نەماو تا ئێستا کە کۆتایی مانگی یازدەیە هێشتا فەرمانبەران نازانن کەی موچە وەر دەگرن و ئەگەر وەریشی بگرن چەند دەبێت و چەندی لێ کەمدەکرێتەوە.

لە مانگی ئابی ئەمساڵ، حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند ڕێککەوتن کە بۆ سێ مانگ حکومەتی ناوەند بڕی ٣٢٠ ملیار دیناری مانگانە ڕەوانەی هەریم بکات، دوای ئەوە بەشێوەیەکی کۆنکرێتی ڕێککەوتن بکەن بۆ ئەوەی لە بودجەی ساڵی داهاتودا ئەوکێشانە چارەسەر بکەن و رێگە لە دووبارە سەرهەڵدانەوەیان بگرن.

بەڵام ئەوەی کە ڕویدا، تەنها یەک مانگ حکومەتی ناوەند پابەند بوو بەو بڕیارەوەو، بەبۆنەی ئەوەی حکومەتی ناوەند توانای پێدانی موچەی نەمابوو، پرۆژە یاسایەک ئامادەکراو لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر دراو خواستەکانی کورد ڕەچاو نەکران لە پرۆژە یاساکەدا، کە یاساکە بە یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی ناسراو پەرلەمانی عیراق حکومەتی پابەند کرد بە جێبەجێکدنی یاساکەوە.

هەرچەندە دوای ٢٤ کاتژمێر لە دەرچونی یاساکە، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ئەوەی ڕاگەیاند، کە حکومەت نایەوێت بەباتی قوتی هاوڵاتیانی کورد بە سیاسی بکات و، وەک ئەركێکی سەرەکی خۆی مانگانە ٣٢٠ ملیار دینارەکە ڕەوانەی هەرێم دەکات، تا هەردوولا دەگەنە ریککەوتن.

ئەم قسانەی وتەبێژی حکومەتی عیراق ئاهێکی بەبەر فەرمانبەران و دەسەلاتدارانی حکومەتی هەرێمیش هێنایەوەو دلنیابوون لەوەی مستەفا کازمی و کابینەکەی نیەتێکی باشیان هەیەو ناچنە ژێر باری یاساکەی پەرلەمانی عیراقەوە، کە هەندێک لە بەرپرسانی هەریم بە تۆڵە سەندنەوە لە کورد ناویان دەبرد.

هەر دوای ئەو قسانەی وتەبێژی حکومەتی فیدرالی، هەرسێ سەرۆکایەتی هەریم کۆبونەوە و سەرۆکی هەێم و سەرۆکی حکومەت بەجیا بەیاننامەی توندیان دژی یاساکە دەرکرد، لەلایەکی تریشەوە هێزە عەرەبیەکان کەوتنە سەرکۆنەکردنی وتەبێژی حکومەت و داوایان کرد کە حکومەت بە هەموو جۆرێک پابەند بێت بە یاساکەوە ، تا هەریم بە تەواوی لەگەڵیان ڕێک نەکەویت و داواکانیان جێبەجێ نەکات هیچ بڕە پارەیەک ڕەوانەی هەرێم نەکرێت.

حکومەتی هەرێم بڕیاری ناردنی شاندێکیدانوستانی داوە بۆ بەغداد و تا ئێستا نە ئەندامانی شاندەکە دیارن و نە هیچ سەردانێكیش کراوە.

لە دواین کۆبونەوەی خۆیدا حکومەتی هەرێم لە بری ڕێککەوتن لەگەل بەغداد داوای ناردنی موچەی پێنج مانگی ئەمساڵی کرد کە حکومەت کردویەتی بە پاشەکەوت و ئیستا دەیەوێت زیندوی بکاتەوەو لە حکومەتی عیراقی وەربگریتەوە، هەندێک لە شارەزایان و چاودێران پێیان وایە ئەم داوایەی حکومەتی هەرێم دەرخەری ئەوەیە حکومەتی هەرێم نیەتی ڕێککەوتنی لەگەڵ ناوەند نییەو ڕازی نییە بە ڕێککەوتن بەوجۆرەی ئەوان داوای دەکەن.

حکومەتەکەی کازمیی لە ئێستاداو بە پێی ئەو یاسایەی کە لە پەرلەمان دەرچوە ناتوانێت هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێم بنێریت جگە لە حاڵەتی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغداد، بە پێی زانیاریەکان کازمی لە چەند رۆژی ڕابردودا چەند هەوڵێکی داوە بۆ ئەوەی هێزو لایەنە سیاسیەکانی عیراق قایل بکات بە ناردنی ٣٢٠ ملیار بۆ ئەم دومانگەی کە ماوە ، بەڵام زۆرینەی ئەو‌هێزانەی کازمی قسەی لەگەڵ کردوون زۆر بە توندی دژی ئەوە بوون و رایان وابوە ئەگەر پارە ڕەوانەی هەرێم بکرێت هیچ واتەیەک بۆشکۆی پەرلەمانی عێراق و یاساکانی نامێنێتەوە.

ئێستاو دوای ئەم هەموو بگرەو بەردەیە فەرمانبەرانی هەرێم دوای زیاتر لە چل ڕۆژ لە چاوەرانیی دابەشکردنی موچەدان و، حکومەتی هەرێمیش دەستەوەستان چاوەرێی ناردنی پارەیە لەبەغدادەوە بۆ ئەوەی بیکاتە موچەی فەرمانبەرەکانی.

ئێستا فەرمانبەران لە دڵەراوکێ و دیار نەبونی چارەنوسی موچەی مانگی دەدا پێشوازیی لە مانگی دوانزە دەکەن و نازانن ئاخۆ حکومەتی هەرێم بەپێی ئەو پارەیەی لەبەردەستیەتی نیوەی موچەکانیان دەدات؟ یان دیسانەوە مانگ درێژ دەبێتەوە بۆ شەست ڕۆژ، یان حکومەت خەمی موچەخۆران دەخوات و بە قەرزی ناوخۆیی کورتهێنانەکە پڕ دەکاتەوەو دەست دەکات بە دابەشکردنی موچە..