هەرێم و بەغدا لەسەر کێشە داراییەکان لە رێککەوتن نزیکدەبنەوە

عیراق

03/12/2020‌ 1902 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەردوو هەرێم و بەغدا لەسەر کێشە داراییەکان لە رێککەواتن نزیکدەبنەوەو بڕیارە لە چەند رۆژى داهاتوودا شاندى هەرێم سەردانى بەغدا بکاتەوە.

سەرچاوەیەکى بەرپرس لە ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمی کوردستان بە شارپرێسی راگەیاند، لە چەند رۆژى رابردوودا گفتوگۆى بەردەوام لەنێوان هەردوو سەرۆک وەزیرانى عێراق و هەرێم و بەرپرسانى دیکەى هەرێم و بەغدا هەبووە بۆ چارەسەرکردنى کێشە داراییەکانى هەردوولا.

ئاماژەى بەوەشکرد، کێشە داراییەکان بەرەو چارەسەر دەڕۆن و هەردوولایان لە رێککەوتن نزیک بوونەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش شاندێکى هەرێم رۆژى یەک شەممە یان دوو شەممە سەردانى بەغدا دەکەن و رێککەوتنەکە یەکلایی دەکەنەوە.

سەبارەت بە مووچەش ئەو سەرچاوەیە روونیکردەوە، بڕیارە لەم یەک دوو رۆژەدا بەغدا ٣٢٠ ملیار دیناری هەرێم رەوانە بکات.

هەروەها سەرچاوەکەى شارپرێشی خستەڕوو، بەرپرسانى کورد لەبەغدا هەوڵی جدی زۆریان داوەو چەند رۆژێک لەبەینى هەرێم و بەغدا لە گفتوگۆو نامەگۆڕینەوەدان،روونیشیکردەوە، رەزامەندى زۆرینەى لایەنە شیعەکان وەرگیراوە بۆ ئەوەى سەرۆک وەزیران پارەى مووچە بۆ هەرێم بنێرێت.

مانگى رابردوو پەرلەمانى عێراق یاسای وەرگرتنى قەرزى لەلایەن حکومەتەوە پەسند کرد، بەڵام ئەو یاسایە بە زۆرینەى دەنگ و بەبێ رەزامەندى پەرلەمانتارانى کوردو تەرخانکردنى پشکى هەرێم لەو قەرزە تێپەڕێنرا، ئەوەش کاردانەوەى لەلایەن هە رێمەوە لێکەوتەوە.

لە مانگی ئابی ئەمساڵ حکومەتی هەرێم و عێراق رێککەوتنێکیان واژوو کرد کە رێکەوتنەکە بۆ ٣ مانگى کۆتایی ئەمساڵەو تیایدا ئەوە هاتووە کە هەرێمى کوردستان مانگانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل رەوانە دەکات و نیوەى داهاتەکانى ناوخۆ رادەستى حکومەتى عێراق دەکات و لەبەرامبەردا بەغدا مانگانە ٣٢٠ ملیار بۆ هەرێمى کوردستان دەنێرێت، بەڵام بەپێی وتەى بەرپرسانى حکومەتى عێراق و پەرلەمانتارانى کورد لە بەغدا هەرێم هیچ کام لەو دوو ئەرکەى جێبەجێ نەکردوە.

س.هـ

 

 

بەپەلە