په‌رله‌مانتارێكى كورد ڕوبه‌ڕوو داواى ناردنى 320 ملیاره‌كه‌ له‌كازمى ده‌كات

کوردستان

05/12/2020‌ 2037 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

په‌رله‌مانتارێكى كورد له‌به‌غدا ئاشكرایده‌كات، له‌پرسه‌یه‌كدا سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقى بینیوه‌و داواى لێكردوه‌، ڕێگه‌یه‌ك بدۆزێته‌وه‌ بۆ ناردنى 320 ملیار دیناره‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستان.

د.به‌ختیار جه‌بار شاوه‌یس په‌رله‌مانتارى كورد له‌به‌غدا له‌فه‌یسبوكى خۆى بڵاویكردۆته‌وه‌و نوسیویه‌تى:"لەمەراسیمی پرسەی پەرلەمانتار عه‌لی عەبودی (خوا لێی خۆش بێت) دەرفەتم وەرگرت‌و بەسەرۆک وەزیران مستەفا کازمیم وت:"موچەی خەڵکی کوردستان، بالەوەزیاتر نەبێتە قوربانی سیاسەتی نەوتی شکستخواردووی دەسەڵاتدارانی هەرێم".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ نوسیویه‌تى پێم وت:"دەزانم قانون دەستی گرتویت، بەڵام هەرچۆنێک بێت، بەڵکو دەرچەیەک بدۆزیتەوەو 320 ملیارەکە بنێری".

باسى له‌نامه‌یه‌كیش كردوه‌ بۆ كازمى‌و ده‌ڵێت:"نامەیەکم بۆ ناردی بەزمانی کوردی‌و عەرەبی، سەبارەت بەکەیسی هەڵەبجەو ئەنفال، هیوادارم کاری پێبکەیت، بەتایبەتی کە چەند مانگێکی تر یادی ئەو دوو کارەساته‌ی میللەتی کوردە".

له‌به‌رامبه‌ر وه‌ڵامه‌كانى كازمیش ئاشكرایكردوه‌، "ئه‌ویش له‌وه‌ڵامدا تاکیدی زۆری کردەوە لەسەر قسەکانم، وتی دەبێت بەهەموانەوە چارەسەر بدۆزینەوە".

وه‌كو د.به‌ختیار نوسیویه‌تى:" بەڵام هەستم بەبونی زەختێکی زۆر دەکرد لەسەری کە نەیدەتوانی بەڕاشکاوی باسی بکات".

له‌كۆتاییشدا ده‌ڵێت:"ئێمە هەموو دەرفەتێک ئەقۆزینەوە بۆ خزمەتی خەڵکی خۆمان، تەنانەت لەپرسەیشدا، ئەوانیش چی دەڵێین ئەوا خوا شاهیدی نێوانمانە (والله ماوراە القصد)".