500 ملیار دۆلاره..عێراق چۆن دەتوانێت پارە بەقاچاخبراوەکانی بگێڕێتەوە؟

عیراق

27/12/2020‌ 1499 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی قسەی بەشێک لەچاودێران، قەبارەی ئەو پارانەی بەشێوەی قاچاخ لەعێراق براونەتە دەرەوەی وڵات بەنزیکەی ٥٠٠ ملیار دۆلار هەژماردەکرێت، کە بەشێکیان هی پێش ڕوخانی ڕژێمی بەعس‌و بەشێکیشیان هی دوای پرۆسەی ئازادی عێراقه‌.

ماوەی چەندین ساڵیشە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق ڕایانگەیاندوە، کار لەسەر گەڕاندنەوەی  ئەو پارانە دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەو دۆخە داراییەی قورسی عێراق پێیدا تێپەڕدەبێت‌و داواکاری بەردەوامی سندوقی نەختی نێودەوڵەتی لەعێراق بۆ ئەنجامدانی چاکسازی قوڵ‌و باشکردنی دۆخی ئابورییەکەی، بەڵام هێشتا هیچ هەنگاوێکی کرداری لەو ڕوەوە نابینرێت.

خالید جەشعەمی جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت:"هیچ ژمارەیەکی دیاریکراو لەسەر پارە بەقاچاخبراوەکانی عێراق لەبەردەستدا نییە، بەوپێیەی ئەو پارانە بۆ چەندین وڵاتی جیاجیا براون، بەڵام سندوقی زانیاری لەسەر پارە بلۆککراوەکانی عێراق لەوڵاتان هەیە کە بەشێکیان هی ئەو گرێبەستانەن حکومەتی عێراق پێش ساڵی ٢٠٠٣ لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان واژۆی کردون، جا چ کۆمپانیای تایبەت بن یان کۆمپانیای حکومی".

لەماوەی ڕابردوشدا لیژنەی دەستپاکیی باسی لەوەکردبوو، ئاستەنگی ناوخۆیی‌و دەرەکیی هەیە کە ڕێگرە لەوەی ئەو پارانە بۆ ناوخۆی عێراق بگێڕدرێنەوە.

هەروەک تەها دیفاعی ئەندامی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق وتویەتی:"گێڕانەوەی ئەو پارانە ئەرکی دەستەی دەستپاکییە"، هۆکاری سەرەکیی شکستی هەوڵەکانیشی بۆ نەبونی هەماهەنگی لەنێوان دامەزراوە حکومییەکان گێڕاوەتەوە، لەوانە وەزارەتی دەرەوەو بانکی ناوەندی‌و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی تر.

دیفاعی هەروەک باسی لەوەشکردوە، کێشەیەکی گەورەتریش هەیە ئەویش ئەوەیە کە بەشێک لەدەوڵەتەکان ئامادەنین بۆ بەدواداگەڕان‌و دۆزینەوەی پارە بەقاچاخبراوەکانی عێراق هاوکاری لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بکەن.

هەرچی نەتەوەیەکگرتوەکانیشە ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بەوەی ئاسانکاری بۆ عێراق دەکات تاوەکو بتوانێت پارە بلۆککراوو بەقاچاخبراوەکانی بگێڕێتەوە.

لای خۆشیەوە، عالییە نوسەیف ئەندامی لیژنەی دەستپاکی پەڕلەمانی عێراق ڕایگەیاندوە، بەغدا داتابەیسێکی لەسەر پارە بلۆککراوو بەقاچاخبراوەکان لەدەرەوەی وڵات نییە.

لەوچوارچێوەیەدا، لەمانگی تشرینی یەکەمی ڕابردودا، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، "هاوپەیمانێتییەکی دارایی لەژێر ناوی "گروپی پەیوەندی دارایی" دروستکراوە کە لەڕوی ڕاوێژکاری داراییەوە هاوکاری عێراق دەکات‌و لەناویاندا یارمەتیدانی عێراق لەگێڕانەوەی پارە بەقاچاخبراوەکانی.

گروپەکە لەکۆمەڵێک دەوڵەتی ناو کۆمەڵەی حەوت وڵاتە پیشەسازییەکە‌و سندوقی نەختی نێودەوڵەتیی‌و بانکی نێودەوڵەتی‌و بانکی ئەوروپا بۆ بنیادنان‌و ئاوەدانکردنەوەو وەزارەتی دارایی عێراق‌و بانکی ناوەندی عێراق‌و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێکهاتوە.

لای خۆیەوە گۆڤەند شێروانی پسپۆڕی ئابوری باسی لەوەکردوە، بۆ گێڕانەوەی پارە بەقاچاخبراوەکان، عێراق پێویستی بەوەیە داوای یارمەتی نێودەوڵەتیی بکات، لەوانە دامەزراوە ئابورییەکانی وەک سندوقی نەختی نێودەوڵەتی‌و بانکی فیدراڵی ئەمریکی‌و دامەزراوە داراییەکانی تر.

ئەو باسی لەوەشکردوە، ئەو پارانە لەچەندین وڵاتی جیاوازو لەژێر ناونیشانی جیاوازو خوازراودا لەکەرتی خانوبەرەو پڕۆژەی زەبەلاحدا وەبەرهێنانیان تێداکراوە، بۆیە گێڕانەوەیان وردی‌و هەوڵ‌و ماندوبونێکی زۆرو بەردەوامی دەوێت.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی