چی لەپشت دەرگا داخراوەکانی تیرۆری پاریسەوە هەیە؟ هەندێک زانیای نوێ

جیهان

09/01/2021‌ 2685 جار خوێندراوه‌ته‌وه

سەلاح خدر
ڕاستە کۆمەڵکوژی پاریس بەدەستی دەوڵەتی تورک پێکهات بەڵام هێزی دیکەی شاراوەش لەناو ئەو تاوانەدا هەن.
ئەو کۆمەڵکوژییە لەکاتێدا پێکهات کە قۆناغی دیالۆگ بوو، لە ئیمراڵی گفتوگۆ لە نێوان دەوڵەتی تورک و ڕێبەر ئاپۆدا هەبوو.
لەو کاتەدا کە هەواڵی ئەو تیرۆرە گەیشتە ڕێبەر ئاپۆ ئەو ڕوداوەکەی وەک هەوڵێک بۆ تێدانی دیالۆگ و دیدارەکانی ئیمراڵی و بەردەوامی پیلانگێڕی بەناوکرد و ئاماژەی بە ڕۆڵی گلادیۆش کرد لەو تاوانەدا.
ئەوە یەکەم ڕووداو نەبوو لە کاتی دانوسانەکانی ئاشتیدا ڕووبدەن.
بەرلەوەش لەکاتێدا ڕێبەر ئاپۆ و دەوڵەتی تورک لە گفتوگۆدا بوون، کوشتن و کۆمەڵکوژی ئەنجامدرا.
لە دانوسانەکانی ١٩٩٣ لەسەردەمی تورگوت ئۆزالی سەرۆک کۆماری ئەوکاتی تورکیادا، بەکوشتنی ٣٣ سەربازی تورک لە ناوچەی لیجەی ئامەد لەلایەن شەمدین ساککەوە قۆناغەکە لەباربرا و پاشان دەرکەوت شەمدین پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی تورک هەبووە و هەربۆیە تەسلیمی پارتی بوو و پارتیش ڕادەستی تورکیای کرد، لەدوای ئەوە ئۆزالیش ژەهرخوارد کرا و کوشتیان بەوەش نەیانهێشت دانوسانەکان بگاتە ئەنجام و شەڕ دەستی پێکردەوە.
لە ساڵی ١٩٩٧ دا و لە سەردەمی نەجمەدین ئەربکان دا جارێکی تر ناڕاستەوخۆ دانوسان لەنێوان حکومەتی تورک و پەکەکەدا دەستی پێکرد، بەڵام ئەوکاتیش دەوڵەتی قوڵ و گلادیۆ کودەتای سپی یان بەسەر ئەربکاندا کرد و حکومەتەکەیان پێهەڵوەشاندەوە و دانوسانیش نەگەیشتە ئەنجام.
جارێکی تر لە کۆتایی ٢٠٠٥ تا ٢٠٠٦ ناڕاستەوخۆ دیدارەکانی ئۆسلۆ دەستی پێکرد، تا لە یەکی تشرینی دووهەمی ٢٠٠٧ دا شاندی پەکەکە و حکومەتی تورک ڕوبەڕوو لە ئۆسلۆ دانیشتن، ئەمە هەتا مانگی تەمووزی ٢٠١١ بەردەوام بوو بەڵام نەگەیشتنە ئەنجام.
کۆتایی ٢٠١٢ جارێکی تر لە ئیمراڵی دیدارەکان ئەنجامدرانەوە، ئەوکات ئەردۆغان دان بەوەدانا کە دیدار هەیە، بەڵام بەشێوەیەکی تاکتیکی تەعامولی لەگەڵ قۆناغەکەدا دەکرد، سەرەتای مانگی ئاداری ٢٠١٣ چونی شاندەکان بۆ ئیمراڵی دەستی پێکرد، لەگەڵ ئەوەی موتابەقاتی دۆڵمەباخچە لەنێوان هەردوولاشدا واژۆ کرا بوو، بەڵام ئەردۆغان کاتێک زانی نەیتوانیوە پڕۆسەکە بۆ مەرامە سیاسیەکانی بەکاربهێنێت، لە مانگی نیسانی ٢٠١٥ کۆتایی بەدانوسانەکان هێنا و کۆمەڵکوژ و ڕەشبگیری لە باکوری کوردستان ئەنجامدا.
تەواو لە گەرمەی دیدارەکانی ئاشتی ئیمراڵیدا لە نۆی کانونی دووهەمی ٢٠١٣ دا بوو ساکینە جانسز و هەڤاڵانیان تیرۆر کرد هەر بۆیە، ڕێبەر ئاپۆ شەهیدکردنی ساکینە جانسزی وەک کودەتای نۆی کانونی دووهەم بەناو کرد و گوتی، ئەمە پەیامێکە بۆ پەکەکە.
لە دیدارەکانی ئەو ساڵەدا ڕێبەر ئاپۆ ئاماژە بەڕۆڵی گلادیۆ دەکات لەو کۆمەڵکوژیەیی پاریسدا و دەڵێت ئەو کارە لەلایەن گلادیۆوە ئەنجامدراوە، دەرچوونی خۆشی لە سوریا بە ئۆپەراسیۆنی گلادیۆ – ناتۆ ناوبردبوو، شەهیدکردنی ساکینە جانسزیشی وەک پیلانگێڕی دووهەمین بەناو کردبوو.
لەناو دەوڵەتی تورکدا هێڵی گلادیۆ و هێڵی نزیکی چارەسەری هەیە، هەربۆیە هەمیشەی هەوڵی کودەتا دەدرێت.
ڕێبەر ئاپۆ ڕایگەیاندبوو لەو ڕۆژەوەی تورکیا بووەتە ئەندامی ناتۆ، ڕووداوی سیاسی، کۆمەڵایەتی و پیلانگیڕێ نێونەتەوەیی لەڕێی ناتۆ – گلادیۆوە ئەنجام دەدرێن.
ڕێبەر ئاپۆ لە کوشتنی سەرۆک وەزیرانی سوید ئۆلف پاڵمێ دا ئاماژەی بەڕۆڵی ناتۆ کردبوو و ڕووداوەکەش هەتا ساڵی پار بەسەرداپۆشراوی مایەوە و ئێستاش لەگەڵیدا بێت پلاندانەرانی ئەو تیرۆرە ئاشکرا نەکران.

ئەگەر ئەو قۆناغانە باش شیکار نەکرێت ئەوا زەحمەتە لە ڕووداوە گرنگەکان تێبگەن.


گلادیۆ هێزێکی شاراوەی ناو ڕێکخراوی پەیمانی ئەتڵەنتیکی باکوور ناسراو بە ناتۆ یە، ئەگەر ئەو هێزە نەبوایە کێ دەیتوانی لەپاریس کۆمەڵکوژیەکی وەها ئەنجام بدات، ڕاستە بەدەستی دەوڵەتی تورک پێکهات بەڵام بەچاودێری و لەژێر کۆنتڕۆڵی گلادیۆدا ئەنجامدرا.
کەواتە دەبێت ڕۆڵی فەڕەنساش لەو تیرۆرەدا هەبێت، چونکە هەتا ئێستا فەڕەنسا ڕاستی تاوانەکە و تاوانبارانی ئاشکرا نەکردووە.
لەگەڵ ئەوەی هەموو کەس دەزانێت حکومەتی ئاکەپە و ئەردۆغان بڕیاری ئەو کۆمەڵکوژییەیان داوە، لەلایەن میتی تورک و هاکان فیدانەوە پلان و جێبەجێ کراوە و بکەرەکەشی عومەر گونەی بووە، هێشتاش دادگای فەڕەنسا لێپرسینەوەی لە حکومەتی ئەردۆغان نەکردووە، ئەمەش هێزی داوتە حکومەتی تورک کۆمەڵکوژی دیکە ئەنجام بدات.
ڕوونترین بەڵگە دانپێدانانەکانی دوو کاربەدەستی میتی تورکە، کە ساڵی ٢٠١٧ لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لەلایەن هەپەگەوە لە شارۆچکەی دووکانی سلێمانی دەستگیرکران کە پەکەکە بە ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەی کۆمەڵکوژی پاریس بەناوی کرد، ئەو دوو میتە لە دانپێدانانەکانیاندا زۆرێک نهێنیان لەبارەی کۆمەڵکوژی ساکینە جانسز و هەڤاڵانی ئاشکرا کردووە.
هەر دوو کاربەدەستەکەی میت بەناوەکانی ئەرهان پەکچەتین و ئایدن گونەل، ماوەی ٢٠ ساڵ لە کوردستان و تورکیا کاریان بۆ میت کردبوو.
دوای پێنج مانگ لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا لەلایەن هەپەگەوە دانیان بەوەدانا کە بەفەرمانی ئەردۆغان و میت کاریان بۆ تیرۆرکردنی بەڕێوبەرانی پەکەکە کردووە، دانیان بەوەشدانا کە کۆمەڵکوژی پاریس بەفەرمانی ڕاستەوخۆی ئەردۆغان ئەنجامدراوە.
ئەرهان پەکچەتینی میت ئاشکرای کردبوو کە کۆمەڵکوژی پاریس لەلایەن سەرۆکی ژووری چالاکی پارچەکردنی نەتەوەیی بەناوی ئوغوور کان ئایک و بەرێوبەری لقی ئۆپەراسیۆنەکان ئۆغوز یورەک و ئەندامی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان ئایهان ئۆرەن بەڕێوەچووە.
یەک لە بەڕێوبەرانی میتی تورک بەناوی سەلاحەدین ئاساڵ کە لەگەڵ موحەمەد دەروێشئۆغڵوو ئەندامی شاندی دانوسانەکان بوون لە ئیمراڵی پلانی کۆمەڵکوژی ٢٠١٣ی پاریس یان داڕشتووە، سەلاحەدین ئاساڵ ڕاستەوڕاست لەگەڵ ئەردۆغان و هاکان فیدان کار دەکات. پەکچەتین دانی بەوەشدا ناوە کە عومەری گونەی بکەری تاوانەکەش ئەندامی میت بووە.
باشە چارەنوسی ئەو چوار ئەندامەی میت کە بەفەرمانی ئەردۆغان و هاکان فیدان کۆمەڵکوژیەکەیان ئەنجامدا چی لێهات:
پلەی ئوغوور کان ئایک و ئۆغوز یورەک و سەلاحەدین ئاساڵ لە دەزگای میت بەرز کرایەوە.
ئایهان ئۆنەن بۆ ئەوەی هیچ نهێنییەک ئاشکرا نەکات بێسەروشوێن کرا.
بکەری تاوانەکە عومەر گونەی لە زیندانی پاریس بەپیلانێکی تایبەت کوژرا.
بەڵگەیەکی دیکە لە چواردەی کانونی دووهەمی ٢٠١٤ لە چاپەمەنیەکاندا بڵاوکرایەوە و تیایدا ئاشکرای دەکات کە فەرمانی کۆمەڵکوژی ساکینە جانسز و هەڤاڵان بەواژۆی هەرچوار کاربەدەستی ئاماژە بۆکراوی میت ئەنجامدراوە.
پاشان تۆمارێکی دەنگی عومەر گونەی بڵاوکرایەوە کە لەگەڵ میت دانیشتووە و قسە لەسەر پلانی کۆمەڵکوژیەکە دەکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا کاربەدەستانی فەڕەنسا لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەی پێویستیان لە بارەی دۆسیەکەوە نەکرد بەمردن یاخود کوشتنی عومەر گونەی بەبێدەنگی لە ١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠١٦ خواستیان دۆسیەکە بەیەکجاری دابخەن. 
جگە لەوانەش چەندین سیخووڕ لەو پیلانگێڕییەدا بەکارهێنراون کە یەک لەوانە کەسێکی تورکە بە ناوی روحی سەمەن، لە ئەڵمانیا دەژی  و لێپرسینەوەی لەگەڵدا نەکراوە.
عومەر گونەی بکەری تیرۆرەکەی پاریس ساڵی ٢٠٠٣ لەڕێی هاوسەرگیرییەوە چووەتە ئەڵمانیا و لەشاری بادتۆز لە هەرێمی باڤاریا نیشتەجێ بووە. لەو کاتەدا زۆرترین پەیوەندی و هاتن و چوونی لەگەڵ ڕوحی سەمەن لەو شارەدا هەبووە. هەردووکیان لە کارگەری کینشۆفەر GMBH  کاری کردووە .
سەمەن لە باڤاریا کاری ڕێکخستنی نەژادپەرستە تورکەکان بووە، ساڵانێک لە مزگەوتەکانی سەر بە ئەردۆغان و ڕێکخراوی یەکێتی کاروباری ئاینی ئیسلامی تورک کاری کردووە، لەهەمان کاتدا لەگەڵ گروپی تۆپی پێی تورکە نەژاردپەرستەکان بەناوی تورک سپۆر هاوشام کاری کردووە.
لەدوای کۆمەڵکوژیەکە لە کاتێدا عومەر گونەی لە زیندانی فەڕەنسا دەبێت سەمەن دەچێتە دادگای پاریس و خۆی وەک هاوڕێی گونەی دەناسێنێت و سەردانی دەکات.
گونەی لە زیندان نوسراوێک دەداتە سەمەن بۆی بگەیەنێتە میت کە تیایدا داوای لە میت کردووە لە زیندان بیڕفێنن و ئەویش بۆی دەگەیەنێت. لەگەڵ بوونی بەڵگە لەو بارەیەوە لە دەست یەکینە ئەمنیەکانی فەڕەنسا بەلام هیچ لێپێچینەوەیەکیان لەگەڵدا نەکردووە.
لەگەڵ هەموو ئەو بەڵگە و ڕاستیانەش لە پەیوەندی سەمەن بە میتی تورکەوە، تا ئێستا دادگای ئەڵمانیاش لێکۆڵینەوەی لەگەڵ سەمەن نەکردووە.
هەبۆیە بێ هەڵوێستی ئەڵمانیا لەڕای گشتی کوردان دا وەک چاوپۆشی ئەو وڵاتە لە کار و جموجۆڵەکانی میت لێک دەدرێتەوە.