هاوپەیمانێتی پارتی و هێزە عەرەبییەكان بەكوێ دەگات؟

کوردستان

09/01/2021‌ 644 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق نزیکبووەتەوە و، پارتی دیموکراتی کوردستانیش بۆ شێوازی بەشداریکردنی لەو هەڵبژاردنەدا، دوو ئاراستەی جیاوازی تێدا دروستبووە.
ئاراستەیەکیان پێی باشە حزبەکەیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەتیەکی گەورەدا بەشداری بکات، کە لە سەرجەم لایەن و نەتەوەکان پێکبهێنرێت و ئاراستەکەی دیکەش دژی گەڕانەوەی حزبەکەیانن بۆ بەغداد و پێیانوایە هێزە عێراقییەکان بەردەوام دەبن لە دژایەتیکردنی حزبەکەیان.
هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی شەرقیە ئاشکرای کردووە، بیرۆكەیەك هەیە كە هێشتا بەباشی گەڵاڵە نەبووە، ئەویش ئەوەیە ئێمە بۆ تەنیا بیر لە چوارچێوە بەرتەسكەكەی كورد بكەینەوە ؟ بۆچی هاوپەیمانێتی دەرەوەی نەتەوە‌و مەزهەب نەكەین، واتا لیستی تێكەڵ، لەراِستیدا ئەمە باسكراوە.
باسی لەوەش کردووە، لەو بارەیەوە هێشتا بڕیار نەدراوە، بەڵام بەدووری نازانێت، لەگەڵ ئەو لایەنانەی سوننە یاخود شیعە هاوپەیمانێتی بکەن كە نزیكن لێیان و دەتوانن لەگەڵیان ڕێکبکەون.
ئەو سەركردەیەی پارتی جەختی لەوەش کردووەتەوە، هەرچەندە تاوەكو ئێستا گفتوگۆکان نەگەیشتونەتە کۆتایی لەسەر هاوپەیمانێتییەكە، بەڵام لێکۆڵینەوە لەسەری بەردەوامە، ئەوەشی پێشنیار کراوە ئەوەیە کە ئەو هاوپەیمانێتیە بە بەشداری ئەو کوتلە کوردیانە بێت کە سەنگیان هەیە نەک کەسەکان، هەروەک لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو ڕویاندا.

پێچەوانەی قسەكانی هۆشیار زێباری، ئازاد جوندیانی ڕاوێژکاری مەسعود بارزانی سەرۆکی حزبەکە، پێشتر لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان ڕایگەیاندووە، هەرچەندە عەرەبی عێراق هەرگیز نەیانوتوە ئێمە نەتەوەی كوردمان قبوڵ نییە، بەڵام ئەوان كوردێكی كۆیلە، نەتەوەیەكی كۆیلەو بچوكیان دەوێت، بگرە لە ئاستی (تاك)یشدا ئەوان تاكی بچوكی كوردیان دەوێت، بۆیە ئەو كەسەی كۆیلەبونی قبوڵە با بچێت بۆ بەغداد.
وتووشیەتی ئەوەی کۆیلەبوونی کوردی قبوڵبێت و بانگەشەشی بۆ بکات ناکرێت لە کوردستان بێت و بۆشی ناچێتەسەر.
هاوكات مەسعود حەیدەر ڕاوێژکاری بارزانی و بەشێكی دیكە لەسەركردە و پەرلەمانتارەكانی پارتی دژی گەڕانەوەی حزبەکەیانن بۆ بەغداد و پێیانوایە، لایەنە شیعەكان دەیانەوێت تۆڵە لەهەرێم بكەنەوە و ئەوانیش فشار لەكازمی دەكەن كە بەشە بودجەی هەرێم نەنێرێت. 
دروستبوونی ئەم دوو ئاراستە جیاوازە لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا لە کاتێکدایە، بڕیارە لە رۆژی 6 ی حوزەیران هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ئەنجامبدرێت و هێز و لایەنە سیاسییەکانیش هەر یەکە و بە جۆرێک خۆی بۆ هەڵبژاردنەکە ئامادە دەکات.