ترەمپ پێش جێهێشتنی پۆستەکەی چەند کەسایەتییەکی تری عێراق سزاده‌دات

عیراق

14/01/2021‌ 767 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئیدارەی ترەمپ بیر لەوەدەکاتەوە، پێش ڕادەستکردنی دەسەڵاتەکانی بەئیدارەی بایدن لە٢٠ی ئه‌م مانگه‌دا، سزا بەسەر کۆمەڵێک کەسایەتی تری عێراقیدا بسەپێنێت.

پێگەی "ڤۆیس ئۆف ئەمریکا" لەڕاپۆرتێکیدا باسی لەوەکردوە، سیاسییە عێراقییەکان بەشێوەیەکی درێژخایەن ملکەچی گروپە چەکدارییەکان بون کە لەدوای ساڵی ٢٠١٨وە پێگەیەکی گەورەیان لەناو پرۆسەی سیاسییدا بەدەستهێناوە، بەشێوەیەک ئەجێندای سیاسیی بۆ بەرژەوەندی میلیشیاکان ئاراستە دەکەن، ئەوەش ئاسانکاری دەکات بۆئەوەی لەدوای هەڵبژاردنەکان ئێران جارێکی تر دەستتێوەردان لەپرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا بکاتەوە، ئەمەش وایکردوە واشنتۆن بیر لەوەبکاتەوە پێش کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتیی ترەمپ، کۆمەڵێک کەسایەتیی تری عێراقی بخاتە ناو لسیتی سزاکانەوە.

لەڕاپۆرتەکەی "ڤۆیس ئۆف ئەمریکادا"دا هاتوە، ((پۆڵێنکردنی فالح فەیازی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی بەهۆی تێوەگلانی لەپێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ‌و سەرکوتکردنی خۆپیشاندانە مەدەنییەکانی ساڵی ٢٠١٩ی چەند پارێزگایەکی عێراق، سەرەتایەکی نوێیە لەپەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکاو عێراق، بەوپێیەی ڕاوێژکاری پێشوی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق گەورەترین کەسایەتیی عێراقییە کە لەمساڵانەی دواییدا لەلایەن واشنتۆنەوە سزادراوە)).

ئەوەشی وتوە:"لەگەڵ ئەوەی فەییاز پێگەیەکی دیارو گەورەی لەسەر ئاستی عێراقدا هەیە، بەڵام سەرکردەکانی وڵات لەناویاندا بەرهەم ساڵحی سەرۆک کۆمارو مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران دژایەتی خۆیان بۆ بڕیاری سزادانی ڕانەگەیاند".

ئاماژەی بەوەشکردوە، حکومەتی بەغدا لەڕاگرتنی هاوسەنگی لەپەیوەندییەکانی لەگەڵ هەریەک لەئێران‌و ئەمریکا کەوتۆتە ژێر گوشارێکی زۆرەوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی