سەركەوت شەمسەدین: هاوپەیمانی هیوا لەسەر پرسی موچە و بودجەی هەرێم ئەنجامی گرنگی بەدەستهێناوە

کوردستان

16/01/2021‌ 1574 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامێكی هاوپەیمانی هیوای کوردستانی رایدەگەیەنێت، ئەندامانی هاوپەیمانی هیوا لە لیژنەی دارایی بە نوێنەرایەتی هەموان کۆششێکی زۆر دەکەن تا لەسەر پرسی موچە و بودجەی هەرێم رێکەوتن بکرێت  و توانیوانە ئەنجامی گرنگ بەدەست بهێنن دەشڵێت، تا ئێستا پارتی نەهاتۆتە ژێر بار یەکێتیش هێشتا مەوقیفی رون نییە.

سەركەوت شەمسەدین لەنوسینێكدا كەلەهەژماری تایبەتی خۆی بڵاویكردووەتەوە نوسیویەتی، ئەنجامەکە ئەوەیە کە هاورێیانی ئێمە داوایانکردووە کە کاربکرێت بۆ لێک نزیککردنەوە و چارەسەری کێشەکان، نەک لەبەر حەملەی هەڵبژاردن ئێسکی یەکتر بشکێنی، بەڵکو لەسەر بنەمای دادگەری و دەستور مامەڵە بکرێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، هیچ بیانویەک نەماوە بۆ رێکنەکەوتن لەگەڵ بەغداد

ئەوئەندامەی هاوپەیمانی هیوای كوردستانی لەئەنجومەنی نوێنەران باسیلەوەشكردووە، لە ئێستادا لایەنەکانی ناوەراست و باشوری عێراق کە رۆڵێ یەکلاکەرەوەیان هەیە لە پرسی بودجە بەرون و راشکاوی ئامادەییان دەربریووە بۆئەوەی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم وەربگرن  وتێچوی دەرهێنان و گواستنەوە  نەوت تا بەندەری جیهان و کێشەی گرێبەستەکانی کۆمپانیا بیانییەکان چارەسەربكەن.

ئەوەشی نوسیوە، ئامادەییان دەربریووە كە کێشەی تورکیا و رێکەوتنی بەناو (٥٠) ساڵی و کێشەی کۆمپانیای رۆزنەفت و دانەغاز و قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێم هەمووی لە ئەستۆ ئەگرێت بەمەرجێک بەیانات و داتاکان پێشکەش عێراق بکەن.

سەركەوت شەمسەدین باسی ئەوەشی كردووە، لایەنەعێراقییەكان ئامادەن، کێشەی پێشمەرگە وەک سوپای عێراق و حەشد چارەسەر بکرێت و کێشەی ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر بکرێت و وردبینی تێدابکرێت . 
هەروەها بودجەی پترۆ دۆلار بۆ کوردستان دابین دەکرێت.'بودجەی پەرەپێدای هەرێمەکان دەدرێتە پارێزگاکانی هەرێم.

لەبەشێكی دیكەی نوسینەكەی هاتووە، چەندین پرسی گرنگتریش هەیە هاورێیانمان گفتوگۆی گرنگ و بەرهەمدار ئەکەن، بەڵام تا ئێستا پارتی نەهاتۆتە ژێر بار یەکێتیش هێشتا مەوقیفی رون نییە، هاوپەیمانی هیوا بەپرۆژەی بەدیلەوە گفتوگۆی بەرهەمدار ئەکات.