ئەو نیشانانەی ئاماژەن بۆ تووشبوون بە رەقبوونی خوێنبەرەکان

تەندروستی

17/01/2021‌ 880 جار خوێندراوه‌ته‌وه

  شارپرێس:

نەخۆشیی peripheral artery disease جۆرێکە لە جۆرەکانی رەقبوونی خوێنبەرەکان، نەخۆشییەکەش کاتێک دەردەکەوێت کە کۆلیسترۆڵی زیانبەخشی ناو خوێن لەدیواری لوولەکانی خوێندا جێگیردەبێت و زیان بە خوێنبەرەکان دەگەیەنێت.

لەوبارەیەوە دامەزراوەی نەخۆشییەکانی دڵ لە ئەڵمانیا دەڵێت ئەو فاکتەرانەی دەبنە هۆی تووشبوون بە رەقبوونی خوێنبەرەکان بریتین لە بەتەمەنداچوون، جگەرەکێشان، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، ئاستی کۆلیسترۆڵی ناو خوێن، قەڵەوی و نەخۆشییە درێژخایەنەکان.

سەبارەت بە نیشانەکانی نەخۆشییەکە، ناوەندە ئەڵمانییەکە دەڵێت ئازاری قاچەکان و سڕبوون و تەزینی قاچەکان، پووکانەوە و لاوازبوونی ماسولکەکان و ئەستووربوونی نینۆکی قاچەکان لەدیارترین نیشانەکانی تووشبوونن بەنەخۆشییەکە. لەحاڵەتەکانی پیشکەوتنی نەخۆشییەکە برین لە پەنجەی پێکان درووست دەبێت، کە رەنگە ببێتە هۆی نەخۆشیی گەنگەرین لە پێ و قاچەکان.

لەپاڵ چارەسەرکردن بە دەرمان، پێویست بەئەنجامدانی قەستەرە دەکات تاوەکو خوێن بۆ قاچەکان بگەڕێتەوە. لەپاڵ ئەوەشدا دەبێت نەخۆشەکە ستایلی ژیانی خۆی بگۆڕێت، وەک دەستەبەرداربوون لە جگەرەکێشان و پەیرەوکردنی سیستەمێکی خۆراکیی تەندرووست وەک دوورکەوتنەوە لە ژەمە خێراکان زۆر خواردنی سەوزە و میوەی تازە و بەرهەمەکانی دانەوێلە، ئەوە جگە لە ئەنجامدانی جوڵە و راهێنانە وەرزشییەکان.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی