پرۆژەکانی لامەرکەزیی دەبنە چارەسەری کێشەکان یان دەبنە کێشەیەکی تر بۆ هەرێم؟

ڕاپۆرت

21/01/2021‌ 416 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

راگەیاندنی پرۆژەی جێبەجێ كردنی لامەركەزی پارێزگاكان كەلەلایەن یەكێتی و گۆڕانەوە بەدووشێوەی جیاواز لەیەك رۆژدا راگەیەندرا تادێت باس وخواست لەسەری گەرمتر دەبێت و یەكێتی پێی وایە چارەسەری كێشەكان دەكات پارتیش داوادەكات یەكێتی پەلەنەكات لەپرسی لامەركەزییدا.

 هەرچەندە مەسرور بارزانی لەسەرەتای راگەیاندنی كابینەكەی پرسی لامەركەزی وەكو بەشێکی گرنگ لە کارنامەی كابینەكەی راگەیاند، بەڵام دوای زیاتر لەساڵ و نیوێك تائێستا هیچ هەنگاوێكی بۆنەنراوە و لەئێستاشدا بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی دەیانەوێت پرسی لامەركەزی پارێزگاكان بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

 لەوبارەیەشەوە فەرمان حەسەن ئەندامی ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت، لامەركەزیی پارێزگاكان بەشیك لەبەرنامە و پرەنسیپی بزوتنەوەی گۆڕانە و ساڵانێكی زۆرە كاری لەسەردەكات و ئەمەی ئێستاش هەیە بیركردنەوەی بزوتنەوەكەیە بۆ لامەركەزییەت و پرۆژەیەكی ئامادەكراوە و ماوەی زیاتر لەساڵێكە پێشكەشی حكومەت كراوە و لامەرکەزیەکت بەشێکی سەرەکی ڕێکەوتنی سیاسی نێوان پارتی و بزوتنەوەی گۆڕانە.

بەرپرسەکەی بزوتنەوەی گۆڕان جەخت لەوەشدەكاتەوە، گۆڕان خۆی بەخاوەنی رەسەنی پرۆژەی لامەركەزییەت دەزانێت و ساڵانێكی زۆرە ئەوپرۆژەی پێشنیاز كردووە و ئێساش بەهەمان گوری جاران پرۆژەكەی هێناوەتەوە بەر باس بەهیوای ئەوەی كاربكرێت و لەكارنامەی حكومەتیش زۆر دواكەوتووە و ئەمەش لەپێناوی خەڵكدایە.

 لەبەرامبەریشدا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ماوەیەكە هەوڵەكانی لەهەرێم و بەغدا چڕكردووەتەوە لەبارەی پرسی لامەركەزی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی ئەو حزبە دەڵێت، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوانمان لەگەڵ پارتی چاوەڕوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانین بۆ جێبەجێکردنی لامەرکەزیی دارایی و کارگێڕیی لە هەموو پارێزگاکانی هەرێم.

 هاوكات سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پێی وایە، ئەم پرۆژە تازەنیە و ئێستا لەهەمووكات پێویسترە چونكە، یەكێتی دوای قەیرانی دارایی و ناكۆكییەكان دروستبوونی ئەو ئاستەنگییانەی هەن ئەو بڕیارەی داوە كە پرۆژەی لامەركەزی پێشكەشكردووە.

 پیرە لە دیمانیەکی شارپرێسدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەم پرۆژەیە هەموو كێشەكانی 28 ساڵی رابردوو چارەسەر ناكات بەلانی كەمەوە بەشێكیان چارەدەكات.

 ئەوسەركردەیەی یەكێتی دەڵێت، پرۆژەی لامەركەزیی بۆهەموو هەرێمی كوردستانە و پەیوەندی بەكێشەكانی هەرێم و بەغداوە نیە و بەڵكو ئەوپرۆژەیە، سەركەوتوبێت حكومەت سەركەوتودەبێت و دووئیدارەییش نییە.

 لە لایەکی ترەوە زیاد کاکە ڕەزا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاندووە، "ئێمە لەگەڵ پەیڕەوکردنی سیستمی لامەرکەزین لە هەڕێم و باوەڕیشمان پێی هەیە، بەڵام ئەو پرسە نابێت پەلەی تێدا بکرێت و پێویستی بەڕاوێژی هەموو لایەنەکان هەیە بەتایبەتی پارتی و گۆڕان".

 بەرپرسەکەی پارتی ئاماژەی بەوەشکردووە، "پەیڕەوکردنی سیستمی لامەرکەزییەت لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە کۆمەڵێک ڕێکاری یاسایی و دەرکردنی چەندین ڕێنمایی هەیە کە ئەوەش کاتی دەوێت، بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژەیە بەشێوەیەکی باش لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا بشکێتەوە، نابێت پەلەی تێدا بکرێت و نابێت لایەنێکی دیاریکراوە بۆچونی خۆی بەسەر لایەنەکانی دیکەدا بسەپێنێت.

بەگوێرەی پرۆژەی لامەركەزییەتی پێشنیازکراوی گۆڕان ویەكێتی، دابەشكردنی دەسەڵاتەكان پەیوەستە بەپارێزگار وسەرپەرشتیارانی یەكە سەربەخۆكان وبەڕێوەبەرە گشتیەكانی سەر بە پارێزگاكان، پێویستە لەسەر پارێزگا بەشێكی دەسەڵاتەكانی كارگێڕی ودارایی دابەشبكات بۆ قەزاو ناحیەكان بەڕەچاوكردنی تایبەتمەندی و شوێنی جوگرافیا.

یەكێتی لەیەكێك لەماددەكانی پرۆژەکەیدا دەڵێت، هەموو قۆناغەكان و چالاكییەكانی پەیوەست بە پرۆسەكانی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەكان بە هەماهەنگی دەبێت لەگەڵ پارێزگا، بۆ ئەو مەبەستەش پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆ ئامادەی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز دەبێت لەكاتی گفتوگۆكردن و بڕیاردان لەسەر ئەو قۆناغ و چالاكییەی دەكەوێتە سنوری جوگرافیاكەی و بەپێی تایبەتمەندیتی بۆ زامنكردنی بەشداری لەبڕیاردان و دابینكردنی ماف و شایستە داراییەكانی و پاراستنی بەرژەوەندی دانیشتوانەكەی .