ژماره‌ى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان كه‌مده‌كرێنه‌وه‌و ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆك كۆماریش زیاد ده‌كرێت

عیراق

21/01/2021‌ 4315 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای تەواوکردنی کارەکانی لیژنەی هەموارە دەستورییەکان لەسەرۆکایەتیی کۆمار، ئەندامێکی لیژنەکە گرنگترین ئەو بڕگانەی ئاشکراکرد کە هەموارکردنەوە گرتونیەتەوە، پێشبینیشیکردوە، سەرۆکایەتی کۆمارو ئەنجومەنی نوێنەران لیژنەیەکی هاوبەش دروستبکەن تاوەکو بەیەک ڕەشنوسی یەکگرتوو لەبارەی هەموارەکان لێی دەربچن.

موحسین سەعدون ئەندامی لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستور لەسەرۆکایەتیی کۆمار بەڕۆژنامەی "سەباح"ی وتوە:"کارەکانی لیژنەکە بەسەرۆکایەتیی د.عەلی شوکری گەورە ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆمارو ٢٥ پسپۆڕی یاسای دەستوریی لەهەموارکردنەوەی سەرجەم بەندەکان تەواوبون‌و تەنها چاوپێداخشاندنەوەیان ماوە".

جەختیشیکردۆتەوە، "هەموارەکان لەگەڵ ئەو کەموڕیانەدا دێنەوە کە لەناو دەستوردا هەبون".

بەوته‌ى، سەعدون لەگرنگترین ئەو مادە دەستوریانەی هەموارکراونەتەوە بریتین لەکەمکردنەوەی ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ١٨٠ ئەندام کە ئێستا ژمارەیان ٣٢٩ ئەندامە، ئەوە جگە لەهەموارکردنەوەی مادەی ٧٦ بەشێوەیەکی ڕیشەیی کە لەیەکێک لەبڕگەکانیدا دەڵێت (پاڵێوراوی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت ڕادەسپێردرێت).

لەبەشێکی دیكه‌ى لێدوانه‌كه‌یدا سەعدون دەڵێت:"لیژنەکە ڕێککەوتوە کە دەسەڵاتێکی زیاتر بەسەرۆک کۆمار بدرێت لەجیاتی ئەوەی کار لەسەرئەوە بکرێت سیستەمەکە بەتەواوەتیی بکرێت بەسیستەمی سەرۆکایه‌تیی وەک ئەوەی بەشێک لەخۆپیشاندەرانی بەغدا داوایاندەکرد، بەوپێیەی گۆڕینی سیستەمەکە بۆ سەرۆکایەتیی قورسەو پێویستی بەگۆڕینی ژمارەیەکی زۆری مادەکانی دەستور هەیە".

ڕونیکردۆتەوە، "یەکێک لەمادە هەرە گرنگەکان پەیوەستە بەدروستکردنی (ئەنجومەنی فیدراڵی) کە هۆبەی دوەمی یاسادانان دەبێت لەعێراق‌و هاوشێوەی ئەنجومەنی پیران یان پیاوماقوڵانە، کە بەپێی ئەوە دەبێت لەئاستی ئەنجومەنی نوێنەراندا بێت".

ئەوەشی وتوە:"سەرۆکایەتی کۆمار ڕەشنوسی هەموارەکان ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات تاوەکو لەسەر یەک ڕەشنوسی هاوبەش ڕێکبکەون"، جەختیشیکردۆتەوە لەسەر بونی ئیرادەیەکی سیاسیی هاوبەش بۆئەوەی ئەو هەموارانە لەناو پەڕلەمان دەنگیان پێبدرێت‌و تێپەڕێنرێن.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی