ئەردۆغان بۆچی وەزیری بەرگری ناردە عێراق و هەرێم؟

ڕاپۆرت

21/01/2021‌ 5958 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕەجەب تەیب ئەرۆدغان سەرۆكی توركیا وەزیری بەرگری وڵاتەكەی ناردە عێراق‌و دوای چەند كۆبونەوەیەك لە بەغداد بۆ پشودانێكی ئارام نزیكی دۆستەكانی لەهەولێر هەڵبژارد، لەماوەی 36 كاتژمێری مانەوەشیدا 9 كۆبونەوەی ئەنجامدا كە هیچیان لەبەرژەوەندی كورد نەبون.

ڕۆژی دوشەممە خولوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیا بەسەردانێك گەیشتە شاری بەغداو زنجیرەیەك كۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیران‌و وەزیرانی ناوخۆو بەرگری ئەنجامدا، بەڵام بۆ پشودانێكی ئارام‌و بێ‌ ترس، شەوەكەی بەفڕۆكە توركیەكەی گەیشتە هەولێرو لەئوتێل دیڤانی ئەوشارە، شەوێكی ئارامی بەسەربرد.

بۆ ڕۆژی دواتر، ژمارەیەك كۆبونەوەی ئەنجامدا، بەڵام تەنها لەگەڵ بارزانیەكان، سەرەتا لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌و دواتریش مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌ و پاشانیش كۆبونەوەیەكی دوو قۆڵیان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم ئەنجامدا و لە هیچکام لە کۆبونەوەکاندا بەرپرسانی یەکێتی و گۆران ئامادە نەبوون و خولوسی ئاکار دیداری لەگەڵ هیچکام لە بەرپرسانی یەکێتی و گۆڕان ئەنجامنەدا..

ئەگەرچی لەو كۆبونەوانەی هەرێم تەنها ئاماژە بەوەكراوە، باسی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم‌و توركیا كراوە، بەڵام زانیاری گرنگ دەستكەوتون، كە تەواوی كۆبونەوەكان بەدڵی پارتی بوە، چونكە توركیا سورە لەسەرئەوەی فشاری زیاتر لەسەر پەكەكە لەخاكی هەرێمی كوردستان دروستبكات و لەلایەکی ترەوە لێکتێگەیشتن کراوە لە نێوان هەرێم و عێراق و تورکیادا بەمەبەستی بەردەوامیدان بە هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی تورکیاوە کە هەرێم مەترسی ئەوەی هەبوو عێراق و تورکیا ڕێکەون و ڕێگری لە هەناردەی نەوتی هەرێم بکەن لەو رێگەیەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی توركیا، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە جەختیكردۆتەوە، لەچەند ڕۆژی داهاتودا هەواڵی خۆش‌و مێژویی دەبیستن لەبارەی كۆبونەوەكانی لەهەرێمی كوردستان‌و عێراق.

شارپرێس لەسەرچاوەیەكی تایبەت‌و ئەمنیەوە زانیاری وردی دەستكەوتوە لەسەرئەوەی، وەزیری بەرگری توركیا بەبەرپرسانی پارتی كە جگە لەمەسعود بارزانی هەریەك لەمەسرور بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی خاوەن بڕیارەكانی ئەم هەرێمەن، ڕاگەیاندوە، دەبێت بەتەواوی هەرێمی كوردستان خۆی یەكلایی بكاتەوە لەهاوكاریكردن‌و پشتیوانیكردنی توركیا لەشەڕی دژ بە(پەكەكە)دا.

لەناو كونسوڵخانەی وڵاتەكەشی لەهەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانەوە، خولوسی ئاکار بەئاشكرا ئەوەی وت:"لەگەڵ هەرێمی كوردستان ڕێكەوتوین لەسەر دامەزراندنی سەنتەرێك بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری، چونكە سورین له‌سه‌ر كۆتایهێنان به‌تیرۆر له‌چوارچێوه‌ی هاوكاریی هه‌ولێرو به‌غدا، له‌قۆناغی داهاتودا گۆڕانكاریی گرنگ له‌و ڕوه‌وه‌ ده‌بیندرێت، لەنزیکیشەوە چاودێری دەرکردنی پەكەكە لەشنگال دەکەین".

لەلایەكی دیكەشەوە ڕۆژنامه‌ی "هه‌به‌رتورك" له‌ڕاپۆرتێكدا ورده‌كاریی سه‌ردانی وه‌زیری به‌رگریی توركیای بۆ به‌غداو هه‌ولێر ئاشكراكردوه‌و ده‌ڵێت:"توركیا پێشنیازی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی هاوبه‌شی خستوه‌ته‌ به‌رده‌ست هه‌ولێرو به‌غدا، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌نۆ خاڵه‌وه‌ هێرشبكرێته‌سه‌ر په‌كه‌كه‌"

ئەوەش زانراوە لەو نۆ كۆبونەوەیەی لەعێراق‌و هەرێمی كوردستان ئەنجامیدا، تەنها د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بەئاكاری وتوە:"پێویستە توركیا ڕێز لەسەروەری خاكی عێراق بگرێت‌و دەستدرێژیەكانی بوەستێنێت، چونكە عێراق خاوەنی سەروەریە"

چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، هیچ كام لەو كۆبونەوانەی كراون سودی نابێت بۆ دژایەتیكردنی پەكەكە، لەو ڕوەشەوە د.فایەق گوڵپی سیاسەتمەدار پێیوایە، "هاتنی خلوسی ئاکار سودی نییە، لەبەرئەوەی پەکەکە لەژێر دەستی عێراق‌و هەرێمدا نییە، ئەو هێزە لەشەڕی پارتیزانیدایەو ئەم گەلەکۆمەیەش کاریگەری لەسەر پەكەكە نابێت".