ئێران: جارێكى تر دانوستان ناكه‌ینه‌وه‌

جیهان

23/01/2021‌ 599 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران ڕەتیکردۆتەوە، جارێکی تر وڵاتەکەی دانوستان لەسەر بەرنامە ناوەکییەکەی بکاتەوە.

مەحمود واعیزی لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێرانی (ئیرنا) سەرەڕای جەختکردنەوە لەوەی کە وڵاتەکەی ئامادەنییە جارێکی تر لەسەر بەرنامە ناوەکییەکەی دانوستان بکاتەوە.

هیواشى خواستوە جۆ بایدن هەمان سیاسەتی ئیدارەی پێشوو بەرامبەر بەئێران پەیڕەونەکات، "سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشوی ئەمریکا زیانێکی گەورەی بەئەمریکا گەیاندوەو ڕێزو شکۆی ئەو وڵاتەی نەهێشتوە".

واعیزی جەختیکردۆتەوە، "ئێران هیچ پەیوەندیدارنییە بەوەی لەئەمریکا دەگوزەرێت، بەڵام ئەوەی پەیوەندی هەیە بەڕێککەوتننامەی ناوەکی، ئەوە دەکەوێتەسەر ئەوەی تاچەند ئەوان پابەندی بەرپرسیارێتییەکانیان بەپێی ڕێککەوتنەکە دەبن، ئەگەربێت‌و لەجێبەجێکردنی پابەندییەکانیان ڕاستگۆبن ئەوە بارودۆخەکە دەگۆڕێت".

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران ئەوەشی وتوە:"پێشتر دانوستان لەسەر ڕێککەوتننامەی ناوەکی کراوەو جارێکی تر دانوستان لەوبارەیەوە ناکرێتەوە، بابەتەکەش دەکەوێتەوەسەر ئەوان ئایا دەیانەوێت بۆی بگەڕێنەوە یان نا، ئەوەی بەلای ئێرانەوە گرنگە بریتییە لەهەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر گەلی ئێران".

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی