شه‌ڕى ڕاگه‌یاندنى ده‌سه‌ڵات بۆته‌ مایەی نانەوەی پشێویی کۆمەڵگە

کوردستان

25/01/2021‌ 2755 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هێشتا بەس نییە ئەم نمایشە هێڵنج ئاوەرە کۆتایی نەهات
شەڕە زرتانێی هابیل‌و قابیل هەر نەبڕایەوە
پەردەی وەهمکرد لەسەر عەورەتیان تڵیشی نەبردو هەڵنەدرایەوە

ئەمە یەکێکە لەهۆنراوەکانی عەبدوڵڵا پەشێوی شاعیر کە بۆ ساڵانێکی زۆر پێش ئێشتا نوسراوە، بەڵام هەرکات سەیری ڕوداوەکان‌و واقیعی هەرێمی کوردستان‌و پەیوەندی نێوان هێزە سیاسیەکان، بەتایبەت پارتی‌و یەکێتی بکەیت هەمان ئەو دێڕە هۆنراوەیە بۆ ئەو واقیعەش دەبێت‌و گوزارشت لەڕوداوەکانی ئەوکاتە دەکات کە ئەو هۆنراوەیەی تێدا دەخوێنیتەوە.

ئەم شەڕەی ڕاگەیاندن‌و یەکتر تۆماتبارکردن‌و جنێودان بەیەکەی کە ئێستا لەلایەن سەرکردە باڵاکان‌و میدیا دەستەمۆکانیان‌و کادرانی حزب‌و حکومەتەوە دەکرێتەسەر یەکترو پەلاماری پیرۆزیەرکانی یەکتر دەدەن، هەموو ئەو لێدوان‌و قسەو تەشهیرەی کە لەسەر ڕزگارکردنی بستە خاکێک لەلایەن ئەم یان ئەویانەوە دەبێتە مایەی نانەوەی پشێویی کۆمەڵگەو دەرونی تاک بەتاکی ئەم کۆمەڵگەیە ئازار دەدات لەپای چی؟

ئاخر مەخمور هەرکەس ئازادی کردبێت کەی کێشەیە؟ تۆبیت یان ئەو، ئەوەی گرنگە، ئێستا مەخمور ئازادەو هەولێر پارێزراوەو سلێمانیش ئارام، بۆ ناتوانن تەنها یەکجار بەو نەفەسە بیربکەنەوە کە گرنگ ئەنجامەکەیە نەک ئەوەی کێ کارەکەی کردوە؟

کەرکوک کە ئێستا سەرکردەکانی هەردولاتان بەداگیرکراو ناوی دەبەن چ گرنگییەکی هەیە کێ بوەتە هۆی داگیرکردنی؟ گرنگ ئەوەیە ئێستا ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لەوێ ئازار دەچێژن‌و ڕۆژانە سوکایەتی بەپیرۆزیەکانیان دەکرێت لەگەورەوە بۆ بچوک، ئیتر هەرکەس ڕادەستی کردبێت چ گرنگی هەیە سەوز بێت یان زەرد؟

ئێوە لەتاو ئەوەی کە هێرشێکی توندتر بکەنەسەر یەکتر دیمەنی ناو کۆبونەوە زۆر داخراوو هەستیارەکانی خۆتان‌و سەرکردەکانتان بۆ ڕای گشتی دەگێڕنەوە‌و پیشانیدەدەن کام سەرکردە لەو حاڵەتەدا دۆخی چۆن بوەو ئەویتریان چی وتوەو ئەمی تریان چی کروە، کە ئەمە بەهیچ جۆرێک ڕێپێدراو نییە باسبکرێت، چونکە ئەو حاڵەتە تایبەتانە لەهەموو وڵاتێکداو لەنێو هەموو هێزێکدا لەکاتە هەستیارەکاندا ڕودەدات، بەڵام چونکە ئێوە تەنها ئامانجتان شکاندنی یەکترە ناتوانن لەوە تێبگەن‌و لەو دیو سنوری مۆراڵەوە قسەدەکەن.

بۆ ناتوانن میدیا وەک خۆی بەکاربهێنن‌و دەیخەنە نێو ململانێ‌و کێشەو نا ڕەواکانتانەوەو دەیکەنە بەشێک لەو وێنە ناشیرینەی کە دەتانەوێت بینەخشێنن؟ مەگەر تێگەشتنتان بۆ کرانەوە بەڕوی میدیاو دروستکردنی میدیای زەبەلاح‌و جیهانگەراییدا هەر ئەمەبوو کە میدیا بکەنە داردەست‌و کەی ویستتان پەلاماری یەکتری پێبدەن؟

هێندەتان پارەی میللەت لەسپۆنسەرکردن‌و دروستکردنی پەیج‌و ئەکاونتدا خەرجکردوە بۆ هێرشکردنەسەر یەکتر، لێشاوێکتان لەخەڵکی جنێوو فرۆش‌و بێ مۆڕاڵى دور لەئەتەکێتی میدیایی دروستکردوە کە لەکاتە هەستیارەکاندا پەنایان دەبەنەبەرو دەیاندەن بەگژیەکدا.

ببینن هێندە لەنێو خۆتاندا دژ بەیەک کارتان کردو ململانێی ناشەریفانەو شەڕی ڕاگەیاندنتان کرد، هێندەتان سوکایەتی بەڕەمزەکانی یەکترکرد ئەوەتا بێگانەشتان فێری ئەوەکرد هەریەکەو لەلایەکەوە سوکایەتی بەڕەمزەکانتان بکەن، ئاخۆ لەخۆتان پرسیوە ئەمە چۆن ڕویداو خەتای کێ بوو؟

دەی ئیتر بەسی بکەن‌و کۆتایی بەم ناتەبایی‌و دژایەتییە بهێنن‌و کورد وتەنی تاباو سەبا پێکەوە دابنیشن‌و ئەو هەرێمەی لەژێر دەستیاندایە بیپارێزن‌و بەڕێوەی بەرن، واز لەیەکتر شکاندن بهێنن، بەسی کەن‌و کۆتایی بەو بارە دەرونییە خراپە بهێنن کە بۆ هاوڵاتیانی بەش مەینەتی ئەم هەرێمەتان خولقاندوە.

بەسی کەن‌و با چیدی خوێنی پێشمەرگە نەڕژێت‌و ئێوەش لەسەر دەستکەوتنی هەندێک دەستکەوت شەڕە جنێوو شەڕی میدیاتان بێت، بەسی کەن‌و با ئیتر ڕۆڵەی ئەم نیشتیمانە لەتاو بێدادی‌و شەڕی ناڕەوای ئێوە سەری خۆی هەڵنەگرێت‌و شەپۆلەکانی ئیجە قوتیبدەن.

بەسی کەن ئیتر خۆتان هێندە بچوک مەکەنەوە دۆستەکانی دوێنێتان ئەمڕۆ ببنە نەیارو سوکایاتی بەخۆتان‌و مێژوو ڕەمزەکانتان بکەن.... بەسی کەن بەس...