ئەردۆغان دیسانەوە دەیەوێ دەستور هەمواربکرێتەوە

مەلەفی تایبەت

04/02/2021‌ 1042 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جارێکى تر تورکیا دەیەوێ دەستوەردان لەدەقەکانى دەستوردا بکات، هەربۆیە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاندوە، پوێستە بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەى هەموارکردنەوەى یاسا بنەڕەتیەکانى دەوڵەت، بەڵام ئاماژەى بەوردەکارى ئەو بەندانەى دەستور نەکردوە کە پێویستیان بەدوبارە چاوپێداخشاندنەوە هەیە.

ئۆرهان غفارلى شارەزا لەناوەندى توێژینەوەى سیاسى لەئەنكەرە ئاماژەى بەوەکردوە، ماوەیەکى دورودرێژە گفتوگۆکان سەبارەت بەگۆڕانکارى دەستور لەتورکیا درێژەى هەیە، ئەو گفتوگۆیانەش بەشێوەیەکى بنەڕەتى لەناو بەرهەڵستکارەکاندا بونى هەیە کە داواى بەهێزکردنى ڕۆڵى پەرلەمان دەکەنەوە.

غه‌فارلى ڕاڤەیەکى تایبەتى هەیە بۆ ئەو جەدەلە نوێیەى ئێستا دەربارەى دەستور هەیە؛ ئەویش ڕەنگیداوەتەوە لەدۆخى پارتى دادو گەشەپێدانى دەسەڵاتدارو دەڵێ: ڕاپرسیەکانى ئەمدواییە لەتورکیا دەریدەخەن کە ڕێژەى پشتیوانیکردن بۆ پارتى دادوگەشەپێدان بەشێوەیەکى زۆر کەمیکردوە، سەرەڕاى ئەوەى جەماوەرێتى ئەردۆغان پاشەکشەیکردوە. 

ئه‌وه‌شى وتوه‌:"سەرۆک بەتەواوەتى هەستى بەم دۆخە نالەبارە کردوە کە لێکەوتەى زۆرى هەیە، هەر لەکێشە ڕاستەقینەکانى ئابورى نیشتمانیەوە بگرە تاوه‌کو کاردانەوەى یاریچیە نێودەوڵەتیەکان لەسەر دۆخى مافەکانى مرۆڤ لەو وڵاتەدا، دیارە ساڵ لەدواى ساڵ، دۆخى ئابورى داتەپێ، هەموو ئەمانەش پێویستیان بەڕاستکردنەوە هەیە".

ئه‌وه‌شى وتوه‌:"سەرەتا ئەردۆغان باسى لەپێویستى چاکسازى یاسایى دەکرد سەبارەت بەئازادى ڕادەربڕین‌و دادگاو دادوەرى".

غه‌فارلى پێیوایە، "ئەوەى ئێستا ئەردۆغان دەیڵێ سەبارەت بەوەى دەستورێکى نوێ پێویستە بۆ تورکیا؛ لێڵ‌و ناڕونە، بەهەرحاڵ، دیارە بەهێزکردنەوەى ڕۆڵی پەرلەمان لەژیانى سیاسى تورکیادا لەهەموان گرنگترە، کە لەم چەند ساڵەى دواییدا ڕۆڵەکەى پاشەکشەیکردبوو، بۆیە پێدەچێ دەستپێکردنەوەى گفتوگۆ لەمبارەیەوە برەوى پێبدرێت، ڕەنگیشە، تورکیا بگەڕێتەوەسەر بیرۆکەى دوبارە دانانەوەى سەرۆک وەزیران".

سه‌رچاوه‌: RT.Arabic
ئاماده‌كردنى: حیلمى ڕەسوڵ ڕەزا