نهێنی پێشکەوتنی سوپای تورکیا بەسەر هاوتا میسرییەکەی لەپۆلێنە سەربازییەکاندا چییە؟

جیهان

09/02/2021‌ 2832 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پێگەی "گڵۆباڵ فایەر پاوەر"ی ئه‌مریكی، ساڵانە ڕیزبەندی نوێی بەهێزترین سوپاکانی جیهانی بڵاودەکاتەوە، کەبەپێی ئەوە سوپاکانی میسرو تورکیا وەک بەهێزترین سوپای ناوچەکە هەژمارکراون، بەڵام بەپێی ڕیزبەندی ساڵی ٢٠٢١ی پێگەکە سوپای تورکیا وەک یازدەیەمین‌و سوپای میسری وەک سێزدەیەمین بەهێزترین سوپای جیهان ناویان هاتوە.

هەرچەندە بەپێی پۆلێنە نوێکە سوپای تورکیا لەپێش سوپای میسرەوەیە، بەڵام لەڕوی ژمارەی سەربازەوە میسر لەپێشەوەیە، بەوپێیەی میسر خاوەنی ٤٥٠ هەزار سەربازی ئامادەو ٤٨٠ هەزار سەربازی یەدەگە، لەکاتێکدا تورکیا خاوەنی ٣٥٥ هەزار سەربازی ئامادەو ٣٨٠ هەزار سەربازی یەدەگە.

لەڕوی بونی هێزی ئاسمانییەوە تورکیا لەپێش میسرەوەیە، بەشێوەیەک تورکیا هه‌زارو 56 فڕۆکەی جەنگی هەیە، کە ٢٠٦یان هێرشبەرو ٨٠یان فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازیی‌و ٢٧٣ فڕۆکەی ڕاهێنانی سەربازیی‌و ٤٧١ هێلیکۆپتەری سەربازیی، کە ١٠٤یان کۆپتەری هێرشبەرن.

لەبەرامبەردا میسر هه‌زارو 53 فڕۆکەی جەنگییە، کە لەو ژمارەیە ٢٥٠یان شەڕکەرو ٨٨یان فڕۆکەی هێرشبەرو ٥٩یان فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازیی، ئەوە جگە لە٣٤١ فڕۆکەی ڕاهێنانی سەربازیی‌و ٣٠٤ هێلیکۆپتەری جەنگی كە٩١یان هێرشبەرن.

لەهێزە وشکانییەکاندا زاڵێتی بۆ سوپای میسرە، بەشێوەیەک میسر خاوەنی سێ هه‌زارو 735 تانک‌و 11هه‌زارو زرێپۆش‌و هه‌زارو 165 تۆپی ئۆتۆماتیکی‌و دوو هه‌زارو 200 تۆپی مەیدانییە، ئەوە جگە لەبونی هه‌زارو 235 ڕاجیمەیه‌، لەبەرامبەردا تورکیا خاوەنی سێ هه‌زارو 45 تانک‌و 11 هه‌زارو 630 زرێپۆش‌و ٩٤٣ تۆپی ئۆتۆماتیکی‌و هه‌زارو 200 تۆپی مەیدانی‌و ٤٠٧ ڕاجیمەیە.

لەهێزه‌ دەریاییەکانیشدا دیسان سوپای میسر لەهاوتا تورکییەکەی بەهێزترە، هەرچەندە دەبێت ئەوە لەبەرچاوبگیرێت کە میسر ژمارەیەکی زۆر لەپارچەی دەریایی کۆنی هەیە، بەڵام بەشێوەیەکی گەورەو بەکوالێتی بەرز دەستیکردوە بەنوێکردنەوەیان.

لەئێستادا هێزی دەریایی میسر لە ٣١٦ پارچەی دەریایی پێکهاتوە کە هه‌شتیان ژێردەریایی‌و ٥٠ کەشتی چاودێری‌و نۆ کەشتی جەنگی خێراو حه‌وت کەشتی  پاپۆڕشکێن‌و ٢٣ کەشتی تایبەت بەهەڵگرتنەوەی مینی دەریایی.

لەکاتێکدا تورکیا خاوەنی ١٤٩ پارچەی دەریاییە کە ١٢ ژێردەریایی، ١٦ کەشتی جەنگی خێرا، ١٠ کەشتی پاپۆڕشکێن، ٣٥ کەشتی چاودێریی‌و ١١ کەشتی تایبەت بەهەڵگرتنەوەی مینی دەریایی.

بەڵام لەبواری بودجەی تەرخانکراو بۆ بواری سەربازیی لەبەرژەوەندی سوپای تورکیایە، بەوپێیەی بودجەی سوپای میسر ساڵانە ١٠ ملیار دۆلارە، لەبەرامبەردا بودجەی بەرگری تورکیا  ١٧،٣ ملیار دۆلارە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی