فەیسبووک دێتە جیهانی کاتژمێرە زیرەکەکانەوە!

هەمەڕەنگ

18/02/2021‌ 192 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای چوونەناو بازاڕی چاویلکە زیرەکەکان، کۆمپانیای فەیسبووک بڕیاریداوە وەبەرهێنان لە کاتژمێرە زیرەکەکانیشدا بکات، کە بەقسەی چاودێران رەنگە لەساڵی داهاتوودا بکەوێتە بازارەکانەوە، بەڵام فەیسبووک هێشتا لەوبارەیەوە هیچ زانیارییەکەی ئاشکرا نەکردووە.

پێگەی تەکنیکی" Android Authority" ئاشکرای کردووە کە کۆمپانیای فەیسبووک کار لەسەر بەرهەمهێنانی کاتژمێرێکی زیرەک دەکات کە لەڕێگای خزمەتگوزارییەکانییەوە دەتوانرێت نامەی پێ رەوانە بکرێت، ئەوە جگە لە بوونی تایبەتمەندی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندرووستیی و لەشڕێکی (فیتنس).

هەروەک بەپێی راپۆرتێکی پێگەی The Information، کاتژمێرەکە پشت بە سیستەمی بەگەڕخستنی ئەندرۆید دەبەستێت، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ڕوون نییە کە ئایا کار بە سیستەمی Wear OS ی گووگڵ دەکات یان نا.

راپۆرتەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەوەی ئەو کاتژمێرە لەوانی تر جیادەکاتەوە ئەوەیە کە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات لەڕێگای خزمەتگوزارییەکانی فەیسبووک وەک ماسنجەر و واتساپ و ئینستاگرام نامە بنێردرێت، جگە لەوەی کاتژمێرەکە توانای ئەنجامدانی پەیوەندی تەلەفۆنیش دەدات.

هەروەک راپۆرتە میدیاییەکان دەڵێن فەیسبووک نیازی هەیە پەرە بە سیستەمێکی بەگەڕخستنی تایبەت بە خۆی بدات کە لەداهاتوودا بۆ بەکارخستنی ئامێرەکانی پشتیپێدەبەستێت، کاتژمێرە زیرەکەکەشی بەشێک دەبێت لە بازارە ڕوولەگەشەکەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی ئەو کۆمپانیایە،کەئێستا  بریتییە لە بیستۆکی راستی گریمانەیی و ئامێری پەیوەندیکردنی ڤیدیۆیی و چاویلکەی زیرەک.
ئامادەکردن : ئاکۆ ئاڵی