دوایین زانیاری سەبارەت بە پشکى هەرێم لە بودجەدا ئاشکرا دەکرێت

ئابوری

19/02/2021‌ 3465 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، بەرەوپێشچونێکی باش هەیە بە ئاراستەی ئەوەی هەفتەی داهاتوو گرێی پشکی هەرێم لە موازەنەدا یەکلاببێتەوە و هەردو لا لەسەری کۆکبین و دەنگی لەسەر بدرێ.

هۆشیار عەبدوڵا ئەندامى لیژنەى دارایی لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند"لەگەڵ ئەو لیژنەیەی لە لایەن کوتلە شیعیەکانەوە راسپێردراون بۆ یەکلاکردنەوەی دەقی بەدیل سەبارەت بە پشکی هەرێم بەردەوام لەسەر خەتین، دوێنێ سەرۆکی کۆماریان بینیوە، بە گوێرەی ئەو دیدارە بەرەوپێشچونێکی باش هەیە".

ئاماژەى بەوەشکرد، ئاراستەکان بەرەو ئەوەن هەفتەی داهاتوو گرێی پشکی هەرێم لە بودجەدا یەکلاببێتەوە و هەردوو لا لەسەری کۆکبین و دەنگی لەسەر بدرێ.
هەروەها هۆشیار عەبدوڵا دەشڵێت، ماددەیەک کە وەک هیوا جێگیرمانکردوە لە قانونی بودجە ئەوەیە ک هەر پارەیەک بۆ هەرێم بێت دەبێ ئەولەویەتی یەکەم بۆ موچە بێت پێش هەر بوارێکی تر، بۆ مێژوو دەیڵێم لە هەمو ئەو ماددانەی کە لەبەرژەوەندی موچە خۆران و بوارەکانی تر جێگیرمان کردوە نوینەرەکەی یەکێتی هاوکار و پشتیوانمان بوە.
ناوبراو پێیوایە کە دواکەوتنی بودحە تەنها یەکێک لە هۆکارەکان پشکی هەرێمە، هۆکاری سەرەکی ئەوەیە بەشێک لە کوتلە شیعیەکان دەیانەوێ بە موازەنە قۆڵی کازمیی بابدەن و نایانەوێ ئاسان و خێرا ئەو پاسە بدەنە حکومەتەکەی.
س.هـ