فرۆشتنى چەکیش رادەگرێت.. ئیدارەی نوێی ئەمریكا نەرمی بەرامبەر سعودیە دەنوێنێت

مەلەفی تایبەت

28/02/2021‌ 2315 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئیدرەكەی تازەكەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی جۆ بایدن، جێنشینی سعودیەی بەوە تۆمەتبار كردبوو كە دەستی هەبووە لە ڕفاندن و كوشتنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنوسدا، بەڵام پێناچێت هیچ هەنگاوێكی كردەیی بۆ تەمبێكردن و سزادانی سعودیە بگرێتەبەر.

 سیاسی و شڕۆڤەكارانیش ئەم هەڵوێستەی واشنتۆن والێكدەدەنەوە كە ئامانجی ئەمریكا بە پلەی یەكەم پاراستنی بەرژەوەندییەكانیەتی لەوەی پەرۆشی مافەكانی مرۆڤ دادپەروەری بێت، پێیان وایە ئەگەر پیاوە بەهێزەكەی سعودیە میر محەمەد بن سەلمانی جێنشین بە ئامانج بگرن، دەبێت بەیەكجاری پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ڕیاز بپسێنن، ئەمەش دەرگا بۆ هاتنەناوەوەی زیاتری هەژموونی ڕوسیا و چین خۆش دەكات بۆ ناوچەكە.

لەم سۆنگەیەوە ئەنتۆنی بلینكن- ی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، وڵاتەكەی ئامانجی ئەوەیە گۆڕانكاری لە سعودیە ڕووبدات نەوەك بەیەكجاری پەیوەندییەكانی لەگەڵ بپچڕێنێت، ئەمەش دەری دەخات كە ئامانجی ڕاپۆرتەكەی ئەمریكا سەبارەت بە خاشقچی بۆ فشارخستنەسەر سعودیەیە، تاوەكو واشنتۆن دەستكەوتی زیاتری لەو وڵاتە دەست بكەوێت، بۆیە هانی ڕێكخراوەكانی مافەكانی مرۆڤ دەدات بە دوای هەڵە و كەموكورتییەكانی سعویەوە بن، لەولاشەوە چاو لە پێشیلكارییەكانی ئێران دەپۆشێت.

بلینكن لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا وتی، وڵاتەكەی فرۆشتنی چەكی هێرشبردن بە سعودیە دەوەستێنێت، ئامانجیشی ئەوەیە سعودیە لە ئایندەدا ئەو ڕەفتارانەی ئێستای دووبارە نەكاتەوە كە لە دۆسییەی خاشقچیدا پێی تۆمەتبارە.

لای خۆیەوە سعودیە ئەو تۆمەتانەی بە تەواوی ڕەتكردوونەوە كە لە ڕاپۆرتەكەی ئەمریكادا هاتووە و بە ناڕەوا و هەڵبەستراو وەسفی كردوون و ڕاشیگەیاندوە كە قابیلی قبوڵكردن نین.

هەندێك لە چاودێران پێیان وایە ئیدارە نوێیەكەی ئەمریكا تەنها ڕاپۆرتەكە دەخاتەڕوو و هەنگاوی دیكەی سزادان دژ بە سعودیە ناگرێتەبەر، چونكە ئەمە وا لە سعودییەكان دەكات كاردانەوەیان هەبێت و لە ڕوسیا و چین نزیك ببنەوە.

ئەو چاودێرانە پێیان وایە ئەمریكا لە سەنگ و قورسایی ئابووری و ئەمنی سعودیە بێئاگا نییە، چەندەها كۆمپانیای گەورەی ئەمریكا لە سعودیە كار دەكەن، بۆیە خێزانی فەرمانڕەوای سعودیە توڕە ناكات و دۆخەك دژ بە میری جێنشین بەرەو هەڵكشان نابات.

سعودیە لە سەردەمی ئۆبامادا لە سیاسەتی ئەمریكا ڕازی نەبوون و تا ڕادەیەك متمانەیان بە ئەمریكا لەرزۆك ببوو، بۆیە ڕیاز لە بوارەكانی سەربازی و ئابووریدا لە ڕوسیا و چین نزیكبۆوە، ئیدارەكەی بایدن ترسی لەوەیە كە ئەگەر فشاری زیاتر لە سعودیە بكات سەبارەت بە دۆسییەی خاشقچی و یەمەن، ئەو نزیكبوونەوەی ڕیاز لە مۆسكۆ و پەكین  دەبێتە واقع.

ڕۆژنامەی نیویۆڕك تایمز- ی ئەمریكی بە دووری دەزانێت بایدن سزای میری جێنشین بدات، چونكە ترسی لەوەیە چارەنووسی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سعودیەدا بەرەو خراپبوون بچێت، ڕۆژنامەكە ئەم بۆچوونەی لە دیدی و بۆچوونی دیڤید سانجر- ی پەیامنێركەی لە كۆشكی سپییەوە وەرگرتووە كە پێی وایە بایدن سەركێشی بە پەیوەندییەكانی وڵاتەكەیەوە ناكات لەگەڵ سعودیەدا و محەمد بن سەلمان سزا نادات.

كریستین دیوان لە پەیمانگای دەوڵەتانی كەنداوی عەرەبی لە واشنتۆن پێی وایە كە تیمی سیاسەتی دەرەوە بایدن خەڵكانی پسپۆڕ و شارەزان و كەسانی سادە و ساكار نین، ئەوان باش دەزانن كە بێ پەیوەندییەكی باش و تۆكمە لەگەڵ سعودیە ناتوانن ئامانجەكانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێننەدی، بەو پێیەی ڕیاز هێشتا سەرەداوی نەوت و دۆخی ئەمنی كەنداوی بەدەستەوەیە، بۆیە سزا بەسەر میری جێنشیندا ناسەپێنن، تاوەكو كێشەیان لەگەڵ پاشا و سەركردایەتی دەوڵەتی سعودیەدا بۆ دروست نەبێت. 

هەینی ڕابردوو واشنتۆن ڕایگەیاند كە كۆتوبەندییان خستۆتەسەر پێدانی ڤیزا بە 76 هاوڵاتی سعودی، بەو پێیەی تۆمەتبارن بە هەڕەشەكردن لە بەرهەڵستكارانی سعودیە لە دەرەوەی وڵات.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئەوەشی گوت كە سزاكان لەژێر ناونیشانی (گەمارۆی خاشقچی) دەسەپێندرێن و ڕێگری لە هەر كەسێك دەكەن تۆمەتبار بێت بە هەڕەشەكردن لە بەرهەڵستكارانی سعودیە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات.

 دبلۆماتكارێكی خۆرئاوایش لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێس ڕایگەیاندووە كە ئەمریكا دەزانێت سزادانی محەمەد بن سەلمان قورسە، چونكە لەوانەیە ئەو میرە بۆ چارەكە سەدەیەكی دیكە فەرمانڕەوایی سعودیە بكات، بەمەش ئەمریكا زەرەرمەند دەبێت و بەرگەی ئەو زیانانە ناگرێت.

ئەم هەڵویستە تازەی واشنتۆن ناڕەزایی و كاردانەوەی توندی ڕێكخراو و چالاكوانانی مافەكانی مرۆڤی وڵاتەكەی بەدوای خۆیدا هێنا، بۆیە فارشا كۆد فایۆر- ی شڕۆڤەكاری پەیمانگای بەرگری لە دیموكراسیەت لە واشنتۆن پێی وایە ئەمە ئەو گورزە نییە كە زۆرێك هیواخواز بوون ئەمریكا لە سعودیەی بوەشێنێت.

شڕۆڤەكاری ناوبراو ئەوەشی گوت كە ئەم هەڵویستەی ئەمریكا پێچەوانەی بەڵێنەكانی بایدنە كە بنگەشەی ئەوەی دەكرد سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی لەسەر بنەماكانی مافەكانی مرۆڤ دادەڕێژێت و پێچەوانەی ئیدارە كۆنەكەی تڕەمپ هەنگاو دەنێت.

پێگەی ئەلەكترۆنی: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر