شارپرێس:
بەگوێرەی سەرچاوەکانی ڕوانگەی سوری بۆمافەکانی مرۆڤ، لەناوچەکانی هەرێمی عەفرینو دەوروبەری کە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی گروپە سورییەکانی سەر بەتوركیادایه، کێڵگەی چاندنی حەشیشو مادە هۆشبەرەکان ڕوی لەزیادبونکردوە، بەشێوەیەک ئەو گروپانە بەشێوەیەکی ئازادانەو بێ بونی هیچ جۆرە سانسۆرێک پەرەی پێدەدەن.
ڕونگەکە باسی لەوەشکردوە، گرووپەکانی وەک (ئەحرار ئەلشام، سوڵتان موراد، ئەحرار شەرقییەو بەرەی شامییە)، لەگوندەواری عەفرین بەتایبەتی لەمەیدانی (ئەکپەسو خەراب سلوکو سورکە)ی سەر بەناحیەی ڕاجۆ خەریکی چاندنی مادەی حەشیشن.
باس لەوەشکراوە، کێڵگەی چاندنی مادە هۆشبەرەکان لەسەر ڕوبەرێکی فراوانی ناوچەکە دەکرێت، بێئەوەی دەسەڵاتدارانی تورکیا لەفەرمانڕەوایی کرداری ناوچەکەن هیچ هەنگاوێک دژە بەوکارەی گروپە چەکدارییە سورییەکان بنێن، کە ئەوە بەڵگەیە لەسەرئەوەی ئەوانیش ئاگاداری ئەوکارەنو پشکیان تێیدا هەیە.
لەماوەی ڕابردوشدا، ڕوانگەی سوریا ئاماژەی بەوەشکردبوو، گروپە چەکدارییەکانی سەر بەتورکیا، هەر بەوە نەوەستاون کە بەشی هەرە زۆری دانیشتوانی ڕەسەنی عەفرین دەربەدەربکەنو دەستبەسەر ماڵو موڵکیاندا بگرن، بەڵکو بەڕەزامەندییو هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی تورکەکان، ناوچەکەیان کردۆتەوە مۆڵگەیەکی بەپیتی سپیکردنەوەی پارە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی