گیوڤه‌ن له‌زیندانه‌وه‌ نامه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌

کوردستان

07/03/2021‌ 931 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هاوسەرۆکی کەجەدە لەزیندانی ژنان لەخارپێت له‌باكورى كوردستانه‌وه‌ په‌یامێكى به‌بۆنه‌ى هه‌شتى مارس (ڕۆژى جیهانى ژنان)ه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاند، "بەپێشەنگایەتیی ژنان لەڕۆژئاوا سه‌لمێندرا كه‌ ژنان نە بێچارەن‌و نە بێ ئەڵتەرناتیڤن"، ده‌شڵێت:"هاوارو دەنگی دایکان لەهەموو چەکەکان بەهێزترە ئێمە هاوار بۆ ئاشتی، خۆشەویستی‌و خۆشبینی دەکەین".

لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکی کۆنگرەی جڤاکی دیموکرات (کەجەدە) لەزیندانی ژنان لەخارپێت له‌باكورى كوردستان پەیامێکی بەبۆنەى ٨ی ئادار بڵاوکردەوەو لەپەیامەکەیدا هاتوە، "ڕزگاریی ژنان ڕزگاری کۆمەڵگەیە، ئازادیی ژنان ئازادیی کۆمەڵگەیە، بژی ٨ی ئادار".

له‌و په‌یامه‌دا كه‌ له‌ڕێگه‌ى بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌وه‌ بڵاویكردۆته‌وه‌، هاوسەرۆکی کەجەدە ده‌ڵێت:"ئێمە هەموو بۆسەو یارییەکانی سیستمی پیاوی سەردەستمان یەک بەیەک تێپەڕاندو بەخێرایی بەرەو ئازادی دەڕۆین".

ده‌شڵێت:"با گەلەکەمان باش بزانێت ئەو سیستمەى کە ژنان پێیدەگەن‌و بونیاتی دەنێن، هەموو کەس دەتوانێت خۆی بەئازاد تیایدا ببینێت‌و ئازادانە خۆی دەرببڕێت‌و ببێتە رەنگی ژیانی ئازاد، دیموکرات‌و ئازادیی ژن، لەبەرئەوەش ئێمە دەڵێین، ڕزگاریی ژن ڕزگاریی کۆمەڵگەیە، ئازادیی ژن ئازادیی کۆمەڵگەیە".

گیوڤه‌ن باس له‌وه‌شده‌كات، "هاواردەکەین‌و ڕایدەگەیەنین کە لەڕۆزاکانەوە تاوەکو ساراکان، لەسێڤییەکانەوە تاوەکو کادەرەکان‌و دایە تایبەتەکان، لەمرابێلەوە تاوەکو ئەو ژنانەی توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، لێپرسینەوە بکرێت".

ئاماژه‌ى به‌ژنانى ڕۆژئاوا كردوه‌و ده‌ڵێت:"بەپێشەنگایەتیی ژنان لەڕۆژئاوا، مۆدێلی ڕۆڵی شۆڕشی ئینتەرناسیۆنالیست، ئەوەی سەلماند کە ژنان نە بێچارەن نە بێ ئەڵتەرناتیڤن، هاواردەکەن‌و ڕایدەگەیەنن، کە هاوارو دەنگی دایکان لەهەموو چەکەکان بەهێزترە".

گیوڤەن لەپەیامەکەیدا داوا لەهەموو ژنان ده‌كات‌و ده‌ڵێت:"ئێوە لەپێش هەموشتێکەوە نوێنەری ئەو ژنانەن کە لەدژی گۆشەگیری لەمانگرتندان، نوێنەری ئەو ژنانەن، لەگەڵ منداڵەکانی خۆیاندا زیندانیکراون‌و نوێنەری هەموو زیندانیانی نەخۆشن، ئێمە 8ى ئاداری 2021 بەهەموو ڕەنگەکانی خۆیەوە، دەکەینە پەلکەزێڕینەو ڕەنگی پەلکەزێڕینە بەسەر زەویدا دەبارێنین، ئێمە هاوار بۆ ئاشتی، خۆشەویستی‌و خۆشبینی دەکەین، بژی 8ى ئادار".