تورکیا بەنیازی تیرۆرکردنی چەند سیاسەتمەدارێکی کورد بووە لە ئەوروپا

جیهان

26/03/2021‌ 2333 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس - سەلاح خدر
بەگوێرەی بەدواداچونێکی رۆژنامەی ئوزگور پۆلەتیکا ئاشکرا بووە کە میتی تورک و باڵیۆزی تورکیا لە فەڕەنسا بە سەرپەرشتی راستەوخۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پشت شەهیدکردنی هەرسێ ژنە شۆڕشگێڕەکەی پاریس بوون لە ساڵی ٢٠١٣ دا.

هاوکات تیمێکی دیکە لەلایەن پۆلیسی بەلجیکاوە دەستگیراوون کە هەوڵی تیرۆرکردنی چەند پیشەنگێکی دیکەی کوردیان داوە.

لە نۆی کانونی دووهەمی ساڵی 2013 سێ ژنە شۆڕشگێڕی کورد (ساکیەن جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز) لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا تیرۆرکران، سەرەڕای ئاشکرا بونی بکوژێک بە ناوی عومەر گونەی و دەستگیرکردنی لە لایەن دەسەڵاتدارانی فەڕەنساوە بەڵام دواتر گونەی لە رەوشێکی گوومناویدا چەند ڕۆژێکی کەم بەرلە دادگاییکردنی لە زیندان مرد و پاشان کۆمەڵێک گوومان لەسەر مردنەکەی درووست بوون، ئەمەش وەک شادنەوەی دەستەکانی پشت ئەو تیرۆرە خوێندرایەوە کە ڕاستەوخۆ لەلایەن میت و ئەردۆغانەوە ئەنجامدرابوو، بەڵام لە ساڵی 2017 دا لە بڕۆکسلی پایتەختی بەلجیکا ئەندامانی ئەو تیمە بکوژە تورکە ئاشکرا بوون.

ڕۆژنامەی ئوزگور پۆلەتیکا ڕاپۆرتێکی بەرفراوانی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: ڕۆژی 14 حوزەیرانی 2017 ئۆتۆمۆبیلێکی جۆری مارسیدسی ڕەش سێ جار بە چواردەوری بارەگای کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) دا سوڕاوەتەوە.

رۆژنامەکە بڵاویشی کردۆتەوە، بەڕێوەبەرانی کەنەکە پۆلیسیان لەو ئۆتۆمبێلە ئاگادار کردۆتەوە و پۆلیسی بەلجیکیش دەستبەجێ بەدوادا چون دەکەن و پاشان ناسنامەی کەسانی ناو ئۆتۆمۆبیلەکە ئاشکرا دەبێت. 

دواتر دەردەکەوێت هەر یەک لە (زەکەریا چەلیک بیلەک ئەندامی هێزی تایبەتی تورک، یەعقوب کۆچێ ئەندام لە ڕیزەکانی پۆلیسی تورک و کەسی سێیەمیش کوردێکی دانیشتوی بەلجیکا بە ناوی حاجی ئاک کولاک) بوون. 

پاش دەستگیرکردنی حاجی ئاک کولاک لە دانپێدا نانەکانیدا ئاشکرای دەکات کە ئەو تیمەی میتی تورک بەنیازی تیرۆکردنی هەریەک لە (ڕەمزی کارتاڵ هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل و زوبێر ئایدار ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتی کەجەکە) بوون. 

ئاک کولاک دانیشی بەوەدا ناوە کە پاش پەسەندکردنی داواکاری سیخوڕی بۆی ئاشکرا بووە بابەتەکە وابەستەیە بە کوشتنی کوردانەوە و ئەو تیمە کوژەرە لە لایەن کەسێکەوە بەڕێوە دەبرێت بە ناوی (نەجات دەمیر ئۆغڵولەری) بۆ ئەو مەبەستە پۆلیسی بەلجیکا داویانە بەسەر ماڵەکەیدا و پاش دەستگیرکردنی نەجات دانی بەڕاستیەکاندا ناوە.

هەریەک لە زەکەریا چەلیک بیلەک و یەعقوب کۆچ هەڵهاتن و پاشان وێنەی ئەو کەسانە لە باڵەخانە تایبەتەکەی ئەردۆگان لە ناوچەی بێشتەپەی ئەنکەرە و کونسوڵخانەی تورکیا لە پاریس بڵاوبوەتەوە و لەلایەن ئاژانسی فوراتیشەوە بڵاوکرایەوە، بەم شێوەیە پەیوەندی ئەو بکوژانە لە گەڵ ئەردۆگان و باڵوێزخانەی تورکیا لە پاریس ئاشکرا بووە.  

هەروەها لە دانپێدانانەکان و ئەو بەڵگانەی بەردەستن دەردەکەوێت کە (ئیسماعیل حەقی موسا) باڵیۆزی تورک لە پاریس سەرپەرشتیاری ئەو تیمەی کردووە کە بۆ کوشتن و تیرۆرکردنی کوردان ئامادە کرابوو.

ڕۆژانامەی لا ژۆرناڵ دو دیمانشێ –ی فەڕەنسی لە ١٤ی ئەم مانگەدا هەمان شتی پشت ڕاست کردبووەوە.

لەلایەکی دیکەوە ساڵی 2017 پاش پوچەڵکردنەوەی پلانێکی میتی تورکیا لە باشوری کوردستان و دەستگیرکردنی دوو ئەفسەری باڵای میت لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی پەکەکەدا لە شارۆچکەی دوکان، دانپێدانانەکانی هەردوو میت (ئەرهان پەکچەتین و ئایدین گونەل) سەبارەت بە کۆمەڵکوژکردنی سێ ژنە شۆڕشگێڕی کورد بڵاوبوەوە و ئاشکرایان کرد کە تیرۆری پاریس بە سەرپەرشتی میتی تورکیا ئەنجامدراوە.

مانگی شوباتی ئەمساڵیش دوای شکستی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا لە چیای گارە سەرۆکی پێشوی هەواڵگری سەربازی تورکیا (ئیسماعیل حەقی پەکین) لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی تورکیا گوتی، بەئامانج گرتنی سەرکردەکانی پەکەکە لە قەندیل زەحمەتە، بۆیە وەک ئەوی لەپاریس کردمان پیویستە بەرپرسانی کەجەکە لە دەرەوەی ووڵات بکەینە ئامانج.   

ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆژی 9 کانونی دووەم ساڵی 2013 هەریەک لە ساکینە جانسز و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەماز سێ ژنە شۆڕشگێڕی کورد لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا بە پلانێکی میتی تورکیا و دەسەڵاتەکەی ئەردۆگان شەهید کران.