وردەکاریی ڕێککەوتننامە 25 ساڵییەکەی نێوان ئێران و چین

جیهان

28/03/2021‌ 743 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

رۆژی شەممە، محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران و ووانگ یی وەزیری دەرەوەی چین، لەمیانی ڕێورەسمێکدا کەلە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تاران بەڕێوەچوو، ڕێککەوتتنامەی ٢٥ ساڵەی ستراتیژی نێوان ئێران و چینیان واژۆ کرد .

لەوبارەیەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند: بۆئەوەی ناوچەکە لەبێسەرەوبەرەیی رزگاری ببێت و سەقامگیری بەخۆوە ببینێت، دەبێت لەڕکابەری جیۆسیاسیی هێزە گەورەکان رزگاری ببێت و فشار و دەستتێوەدانی دەرەکیی لەسەر نەمێنێت و ڕێگای پەرەپێدانی گونجاو بۆ دۆخە هەرێمایەتییەکەی بدۆزێتەوە.

سەبارەت بە ناوەرۆکی ڕێککەوتنەکە، چاودێران دەڵێن هەرچەندە تاران بەر لە واژۆکردنەکەی هیچ وردەکارییەکی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام تاراددەیەکی زۆر ڕێککەوتنەکە هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ئەو رەشنووسە  ١٨ لاپەرەییەدا نییە کە ساڵی رابردوو رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" بڵاویکردەوە، کەبەپێی ئەوە وڵاتی چین لەماوەی ٢٥ ساڵی داهاتوودا، بەبەهای ٤٠٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنان لەچەندین بواری جۆربەجۆردا دەکات، لەوانە بانکەکان، گەیاندن، بەندەکان، هێڵی ئاسن، چاودێریی تەندرووستیی و تەکنەلۆژیای زانیارییەکان.

باس لەوەشکراوە کە لەبەرانبەر ئەوەدا، چین نەوتی هەرزانی بەشێوەیەکی ڕێکوپێک لەئێرانەوە دەستدەکەوێت، جگە لەوەی لە پرۆژەکەدا باس لە قوڵکردنەوەی هاوکاری سەربازیی، لەوانە راهێنانی سەربازیی هاوبەش و لێکۆڵینەوەی هاوبەش و پەرەپیدانی چەک و گۆڕینەوەی زانیاریی هەواڵگری کراوە.

لەبەرانبەر ئەو ڕێککەوتنەدا، رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمەریکی باسی لەوە کردووە کە ڕێککەوتنەکە هەژموونی چین لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بەهێزتر دەکات و هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ گۆشەگیرکردنی ئێران لاواز دەکات.

چاودێران دەڵێن نازانرێت تاچەند دەتوانرێت ئەو پرۆژانەی لەناو ڕێککەوتنەکەدا باسی لێوەکراوە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، بەتایبەت ئەگەر بێت و ڕێککەوتننامەی ناوەکیی نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێز هەرسسبهێنێت، ئەوە کۆمپانیا چینییەکانیش کە لەئێران کاردەکەن دەکەونە بەر سزا و گەمارۆی ئەمەریکا، کە ئەو بابەتە پێشتر چینییەکانی زۆر تووڕەکردووە.
ئامادەکردن : ئاکۆ ئاڵی