ئایا پێویست دەکات لەکاریگەرییە لاوەکییەکانی ڤاکسینی کۆڕۆنا بترسین ؟

تەندروستی

04/04/2021‌ 515 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی راپۆرتێکی تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریکی، لەگەڵ ئەوەی هەندێک کەس کە لەکاتی کوترانیان بە ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆڕۆنا، بەدەست نیشانەی لاوەکیی وەک تا و ماندووبوون و نیشانەی ترەوە دەناڵێنن، بەڵام پزیشکان دڵنیاییانداوە بەوەی لەوبوارەدا هیچ پێویست بە ترس و نیگەرانی ناکات.

کاریگەرییە لاوەکییەکانی ڤاکسینی کۆڕۆنا ماوەیەکی زۆر بەردەوام نابن و بەڵگەشن لەسەر ئەوەی کە سیستەمی بەرگری جەستەی کەسەکە بەشێوەیەکی پێویست کاردەکات.

لێرەدا دیارترین کاریگەرییە لاوەکییەکانی ڤاکسینەکانی کۆڕۆنا دەخەینەڕوو:
دوکتۆر پیتەر هۆتێز، پسپۆڕی ڤاکسینەکان لە کۆلێژی پزیشکی بایلۆر دەڵێت " ئەو نیشانانەی لەدوای کوتران بە ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆڕۆۆنا دەیانبینین بریتین لە ئازاری قۆڵ، ئازاری جەستە، هەندێک جار هەستکردن بە ماندوێتی و گەندە تایەک".

لەبەشێکی تری قسەکانیدا هۆتێز دەڵێت : لەدوای وەرگرتنی ژەمی دووەمی ڤاکسینی فایزەر، بۆماوەی چەند کاتژمێرێک هەستم بە لەرز کرد، ئێمە هۆکاری روودانی ئەوە دەزانین، ئەوە مانای وایە ڤاکسینەکە لەدرووستکردنی وەڵامدانەوەی بەرگری لەجەستەدا زۆر کارا بووە، ئەمە وادەکات ئاستێکی بەرز لە بەرگری دژ بە ڤایرۆسی کۆڕۆنامان دەستبکەوێت.

لای خۆشیانەوە ناوەندە ئەمەریکییەکانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکان و پێشگرتن لێی دەڵێن نیشانە لاوەکییەکانی تری خۆکوتان بە ڤاکسینی کۆڕۆنا بریتییە لە ئازار یان سووربوونەوە و ئاوسانی شوێنی کوترانەکە، رەنگە سەرئێشە و دڵ تێکەڵهاتنیشی لەگەڵدا بێت.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی