شارپرێس:
وه‌زیرى دارایی‌و ئابورى حكومه‌تى هه‌رێم ئاشكرایكرد، ئەگەر عێراق بودجە بۆ هه‌رێمى كوردستان نەنێرێت، ئه‌وا ئه‌م مانگه پێدانی موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران هاوشێوەی مانگی ڕابردوو بەلێبڕینی 21% دەبێت، سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕانیش له‌په‌رله‌مان ورده‌كاریی زیاتر له‌وباره‌یه‌وه ئاشكراده‌كات.
بەگوێره‌ى هه‌واڵێكى میدیاى نزيك لەپارتى، دواى ئه‌وه‌ى ئەمڕۆ شاندی دانوستاندنكاری حكومە‌تی ھە‌رێم بە‌سە‌رۆكایە‌تی قوباد تاڵە‌بانی چوه په‌رله‌مان‌و كۆبونه‌وه‌یه‌كى دیاریكراویان ئه‌نجامداوه، وه‌زیرى دارایی له‌باره‌ى لێبڕین له‌موچه په‌یامێكى پێڕاگه‌یاندون‌و وتویه‌تى:"ئه‌گه‌رى به‌غدا پاره‌مان بۆ نه‌نێرێت، ئه‌وا موچه هاوشێوه‌ى مانگه‌كانى پێشوو به‌ڕێژه‌ى 21% دابه‌شده‌كرێت".
گوڵستان سه‌عید سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان له‌په‌رله‌مانى كوردستان به‌شارپرێسى وت:"له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا وه‌زیرى دارایی پێیڕاگه‌یاندین، ئه‌و پاره‌یه‌ى كه دێت له‌به‌غداوه بۆ 682 هه‌زار موچه‌خۆره، به‌ڵام هه‌رێمى كوردستان خاوه‌نى ملیۆنێك‌و 720 هه‌زار موچه‌خۆره ئێستا".
به‌وته‌ى سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان، "وه‌ك چۆن لێبڕینى موچه بڕیارى ده‌سته‌جه‌معی بوه له‌ناو ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانداو كه‌سێك به‌ته‌نها ئه‌و بڕیاره نه‌داوه، به‌دڵنیاییه‌وه ئێستاش به‌هه‌مانشێوه به‌بڕیارى ده‌سته جه‌معى بڕیارى لابردن‌و هێشتنه‌وه‌ى لێبڕینى موچه ده‌درێت".
گوڵستان سه‌عید ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، "ئه‌گه‌ر به‌غدا پاره بنێرێت ئه‌وا ڕاسته‌وخۆ ده‌درێت به‌موچه، له‌ئه‌گه‌رى نه‌ناردنیشیا په‌رله‌مانتاران داوایانكرد، داهاته‌كان فره‌چه‌شن بكرێن‌و كه‌رته‌كانى كشتوكاڵ‌و گه‌شتیارى‌و پیشه‌سازى‌و وه‌به‌رهێنان ببوژێنرێنه‌وه".
به‌گوێره‌ى یاساى بودجه، پێویسته هه‌رێمى كوردستان سه‌ره‌تا پابه‌ندى خۆى به‌فیعلى به‌یاساى بودجه‌وه بسه‌لمێنێت، ئه‌وكات به‌غدا پاره‌و بودجه‌ى بۆ ڕه‌وانه ده‌كات، شارپرێس له‌زارى سه‌رچاوه‌یه‌كى په‌رله‌مانه‌وه له‌به‌غدا زانیویه‌تى، تائێستا هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌كى ته‌كنیكى له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا به‌ڕێوه‌نه‌چوه، بۆیه ئه‌گه‌رى ئه‌وه هه‌یه ئه‌م بۆ مانگه هیچ بڕه پاره‌یه‌ك ڕه‌وانه‌ى هه‌رێم نه‌كات.
ش.هـ