پلانێكی میلیشیاكان بۆ دزەكردنە ناو خۆپیشاندانەكان‌و لەكارخستنی كازمی

مەلەفی تایبەت

28/04/2021‌ 1046 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

چەند سەرچاوەیەكی هەواڵگری عێراقی ئاشكرایانكردووە، میلیشیا چەكدارەكانی كەتیبەكانی (حزبوڵا، بەدر، نوجەباو سەید ئەلشوهەدا) فه‌رمانیان پێكراوە دزە بكەنە ناو خۆپێشاندانەكان‌و هەوڵی توندكردنی بارگرژییەكان بدەن‌و داوای ڕوخاندنی حكومەتەكەی كازمی بكەن.


میلیشیاكانی نزیك لەئێران پێیانوایە، كات لەبەرژەوەندی ئەواندا نییەو نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكان لەزەرەریانە.

چاودێرانى سیاسیی عێراقیش دەڵێن: میلیشیاكان كار لەسەر قۆزتنەوەی توڕەیی شەقام دەكەن بەتایبەتیش كارەساتەكەی نەخۆشخانەی ئیبن ئەلخەتیب‌و ناڕەزایی كەسانی بێكار لەدەرچوانى زانكۆو پرسی نەبوونی خزمەتگوزارییەكان بەگشتی‌و كارەبا بەتایبەتی، بەوپێیەی وەرزی گەرما نزیكدەبێتەوەو لەهەندێك شوێن لەشەو ڕۆژێكدا چوار كاتژمێر كارەبا هەیە.

له‌چه‌ند ڕۆژى ڕابردودا میدیای میلیشیاكان هەواڵێكیان بڵاوكردەوە كە داوادەكات، ئەوانەی لەحەشدی شەعبی لەسەر كارلابراون دەگەڕێندرێنەوە سەركارەكانیان‌و داوایان لێكردبون، سه‌ردانى فەرمانگە پەیوەندیدارەكان بكەن، ئەوانیش لەجادریە كۆبوونەوەو كە زانیویانە هەواڵەكە ڕاست نییه‌، گرژیی‌و ئاڵۆزییان ناوەتەوە.

سەرچاوەیەكی پەرلەمانیش باس له‌وه‌ده‌كات، حزب‌و میلیشیاكانی نزیك لەئێران كار لەسەر لەكارخستنی حكومەتەكەی كازمی دەكەن، بەتایبەتیش كە هەڵبژاردنەكان نزیكدەبنەوەو ئەوان نایانەوێت هەڵبژاردن بكرێت یان سەركەوتووبێت، چونكە لەبەرژەوەندی پاڵێوراوەكانی ئەوان نابێت.

مستەفا كامل نوسەر ئاماژە بەوەدەكات، میلیشیاكان نیازی ئەوەیان هەیە دزە بكەنە ناو ڕیزەكانی خۆپێشاندەران‌و بەپاساوی نەبوونی خزمەتگوزاری‌و شكستی دامەزراوەكانی دەسەڵات دۆخەكە تێكبدەن، هەروەها دەیانەوێت دروشمە سیاسییەكانی خۆپێشاندانەكان لەپرسی هەڵبژاردنەكان‌و دژایەتی تایەفەگەری‌و گەندەڵی‌و دەستتێوەردانی ئێرانەوە بگۆڕن بەدروشمی خزمەتگوزاری‌و شكستی دەزگا ئەمنییەكان.

نوسەری ناوبراو پێیوایە، چاوەڕواندەكرێت لەم پرسەدا موقتەدا سەدر پشتی حكومەتەكەی كازمی بگرێت، ئەمەش توانستێكی باشی مانۆڕو جوڵەكردن بەكازمی دەبەخشێت.

زۆرینەی چاوێران پێیانوایە، لەم قۆناغەدا ئێران كار لەسەر شكستپێهێنانی حكومەتی عێراق دەكات لەبەرەنگاربوونەوەی میلیشیاكان، تاوەكو كازمی لەپلانە ئابوورییەكانی شكستبێنێت كە نیازی هەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ‌و دەوروبەردا ئەنجامیان بدات، ئامانجیش ئەوەیە ئێران پارێزگاری لەباڵادەستی خۆی بكات بەسەر عێراقەوە.

نوسەر لەو باوەڕەدایە ئێران كار بۆ ئەو ناكات شیعەكان لەهاوپەیمانییەك یان زیاتردا كۆبكاتەوە، بەڵكو كار بۆ ئەوەدەكات ڕێكخراوە شیعییەكان بەدەموچاوی تازەو قەوارەی تازەوە بچنە ناو هەڵبژاردنەكانەوە.

وەرگیران‌و ئامادەكردنی: لوقمان حاجی قادر
سەرچاوە: پێگەی ئەلیكترۆنی عەرەب