ئەمریکاو تورکیا ئاگری شەڕی نێوان رووسیا و کورد خۆش دەکەن

کوردستان

30/04/2021‌ 3332 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەژێر ئەو ناونیشانە، ڤلادیمێر مۆخین بابەتێکی لە رۆژنامەی "نیزاڤیسیمایا گازێتا" ی رووسیدا بڵاوکردۆتەوە و تێیدا باسی لەبەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ئەمەریکا و تورکیا لە سوریا کردووە کە چۆن هەوڵ دەدەن ئاستەنگ بۆ بوونی رووسیا لەو وڵاتەدا درووست بکەن و بەریەککەوتن لەنێوان رووسیا و کوردانی رۆژئاوادا درووست بکەن.

راپۆرتەکە ئاماژەى بەوە کردوە کە هەفتەی رابردوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەفەرمی تورکیای ئاگادارکردەوە کە لە بەرنامەی درووستکردنی فڕۆکەی ئێف-٣٥ دوورخراوەتەوە، لەهەمان کاتیشدا، ئەنقەرە لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەستیکرد بەئەنجامدانی پرۆسەی سەربازیی بۆسەر هێزە کوردییەکان کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەهاوپەیمانی خۆیان هەژمار دەکات، لەتورکیاش دەنگۆی داخستنی هەردوو بنکەی سەربازیی ئینچەرلیک و کۆرجیک بەڕووی سوپای ئەمەریکادا لەئارادایە.

لەوچوارچێوەیەدا، ناکۆکی نوێ لەنێوان رووسیا و تورکیا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست سەریانهەڵداوە، بەگوێرەی عەقید ڤلادیمێر بۆبۆڤ شرۆڤەکاری سەربازیی رووسیی، کێشەی سەرەکیی لەبەردەم هێزە سەربازییەکانی رووسیا بریتییە لە دۆخی رۆژئاوای کوردستان، کە بەریەککەوتنی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی تورکیا و ئەمەریکا بۆ درووست دەبێت و هێزەکانی رووسیا بەرەو ململانێ لەگەڵ هیزە کوردییەکان پەلکێش دەکات.

بۆبۆلۆڤ ئاماژەى بەوە کردوە، لەم ماوەیەی دواییدا بەیەکدادان لەنێوان ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان و هێزەکانی بەرگری نیشتیمانی سەر بە دیمەشق لە شاری قامیشلۆ درووست بوو، کە ئەنجامدا کوردەکان ناوچەکەیان لە هێزەکانی سەر بە ئەسەد پاککردەوە، ئەوەش کاریگەریی دەبێت لەسەر پرۆسەی دەنگدان لە ناوچە قەرەباڵغەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی سوریا دەبێت  کە دیمەشق بڕیاری لێداوە لەمانگی ئایاردا ئەنجامی بدات.

شرۆڤەکارە رووسییەکە ئەوەى خستووەتەڕوو کە ئەو رووداوانە هەمووی لەبەرژەوەندی تورکیا و ئەمەریکادایە کە دەیانەوێت ئەسەد لەپۆستەکەی دووربخەنەوە، بەڵام مۆسکۆ ئاستەنگی بۆ درووستکردوون.

سەبارەت بە دۆخی نێوان تورکیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەسوریا، بۆبۆلۆڤ دەڵێت: ئەوان سەرکەوتنێکی دوولایەنەیان بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا تورکیا هێرش دەکاتە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات لە رۆژئاوای کوردستان، کەچی کوردەکان رووسیا تۆمەتبار دەکەن بەوەی دەیەوێت سەقامگیری ناوچەکە تێکبدات، کە ئەوەش لەبەرژەوەندی تورکیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادایە.
ئامادەکردن : ئاکۆ ئاڵی