بۆچی سەردانى هەولێری کرد؟.. چەند دۆسییەکى گرنگ و هەستیار بەرهەم ساڵح دەباتە هەولێر

عیراق

30/04/2021‌ 4651 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەرچەندە پێشتر هەولێر و بەغدا سەبارەت بە ناكۆكییەكانیان لەسەر دۆسییەی نەوت گەیشتبوونە چەند لێكتێگەیشتنێكی مامناوەند، ئەم پرسەش پەسەندكردنی بودجەی گشتی عێراقی كەمێك دواخست، كەچی هێشتا چەند دۆسییەیەكی وەك دەستور و بەستنی هاوپەیمانییە سیاسییەكان و هەڵوێستی دەوڵەتانی دەوروبەری وەك توركیا و ئێران بە هەڵپەسێردراوی لە نێوان هەردوو لادا ماونەتەوە.

سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح بۆ تاوتوێكردنی ئەو دۆسییە هەڵپەسێردراوانە سەردانی هەولێری كردووە، هاوكات ئامانجی سەردانەكە یەكخستنی گوتاری هێزە كوردییەكانە، بە تایبەتیش كە سەردانەكە كەمێك دوای سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریفی بوو بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان.

بە پێی زانیارییەكانی سەرچاوەیەكی سیاسی كوردی ئاگادار، دوێنێ ئێوارە سەرۆك بەرهەم چاوی بە هەرسێك سەرۆكایەتییەكەی هەرێم (سەرۆكی هەرێم نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆكی حكومەت مەسرور بارزانی ، سەرۆكی پەرلەمان ڕێواز فایەق) كەوتووە. لەو دیدارانەدا باس و خواس لە بارەی دوا پێشهاتە سیاسی و دۆسییە هەلأپەسیردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كراوە.

سەرچاوە كوردییەكە بە {ۆژنامەی شەرقلئەوسەتی ڕاگەیاندووة كە گفتوگۆكان تایبەت بوون بە پرسە سەرەكییە هەلأپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها چارەسەركردنی ئەو ناكۆكییانەی یەكڕیزی ناو ماڵی كوردییان لە هەرێم خستۆتە مەترسییەوە، بە تایبەتیش پەیوەندی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكیەتی نیشتمانی كوردستان. هاوكات باس لە پەیوەندییەكانی نێوان پارتە كوردییەكان و پارتە عێراقییەكان كراوە، تاوتوێی ئەوەش كراوە كە پارتە كوردییەكان بە شێوەیەكی كارا بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی ئایندەدا بكەن كە نەخشە ڕێگای گشتی پڕۆسەی سیاسی ئایندەی عێراق ڕەنگڕێژ دەكات.

هەر لەو سەردانەدا سەرۆك بەرهەم لە هاوینەهەواری سەڵاحەدین لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبۆتەوە، مەحمود محەمەدی وتەبێژی فەرمی پارتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا لەوبارەوە وتی:  "لە ئێستادا كە سەرۆك كۆمار لەگەڵ هێزە سیاسییە كوردییەكان لە هەولێر لە گفتوگۆدایە، شاندێكی دیكەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدایە بۆ تاوتوێكردنی پرسەكانی هەڵبژاردن و  بەستنی هاوپەیمانییە سیاسییەكان لەگەڵ هێزە عێراقییەكاندا، هەروەها پرسی گەڕانەوەی هێزە كوردییەكان بۆ ناوچەكانی كەركوك و نەینەواو شەنگال و مەخمور، وتەبێژەكەی پارتی ئەوەشی گوت كە تاوەكو ئێستا ئەو پرسانە یەكلایی نەكرانەوە و مشتومڕیان لەسەر دەكرێت".

وتەبێژەكەی پارتی سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی ئایندەی عێراق وتی: " لەگەڵ فراكسیۆنی سائیرونی سەر بە ڕەووتی سەدر گفتوگۆمان كردووە، بەڵام تاوەكو ئێستا نەگەیشتوینە هیچ ڕێككەوتنێكی فەرمی.

ڕەووتی سەدر لە ئێستادا گەورەترین فراكسیۆنی لە پەرلەمانی عێراقدا هەیە كە ژمارەی كورسییەكانیان 54 كورسییە، نیازی ئەوەشیان هەیە لە هەڵبژاردنی ئایندە كە بڕیارە لە 10 ی ئۆكتۆبەری ئایندە ئەنجام بدرێت، زۆرترین كورسی بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن، ئەمەش وایكردووە سەرجەم پارت و هێزە سیاسییە عێراقییەكان بە گرنگییەكی زۆرەوە لە ڕەووتی سەدر بڕوانن و ئارەزووی هاوپەیمانییەتی لەگەڵدا بكەن.

سەبارەت بە پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك وتەبێژەكەی پارتی گوتی: "داوای كاراكردنەوەی ماددەی 140 ی دەستوری دەكەین، لەو ڕێگەیەشەوە میكانیزمێك دەدۆزینەوە بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، گەڕانەوەی پێشمەرگەش بۆ ئەو ناوچانە گرنگییەكی زۆری دەبێت لە ئەنجامدانی هەماهەنگییەكی تۆكمە لەگەڵ هێزە ئەمنییە عێراقییەكاندا بۆ پڕكرنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەو ناوچانەدا دروست بووە، بەو ئامانجەی ئەم هەنگاوە بتوانێت بەر بە هێرشە تیرۆرستییەكان بگرێت".

هەر لەو بارەوە وتەبێژی ناوبراو  گوتی: "سەرۆك بەرهەم لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان باسیان لە پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كردووە كە چارەسەرێكی دەستورییان بۆ بدۆزرێتەوە.

لە بەیاننامەیەكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشدا هاتووە كە سەرۆكی حكومەتی هەرێم مەسرور بارزانی، پێشوازی لە سەرۆك كۆماری عێراق دكتۆر بەرهەم ساڵح كردووە، لەو دیدارەدا باس لە دوا گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسییەكانی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان كراوە، هەروەها جەخت لەوەش كراوەتەوە كە زۆر گرنگە پرسە هەڵپەسیردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بە گوێرەی دەستور چارەسەر بكرێن.
پێگەی ئەلەكترۆنی: شەڕقلئەوسەت
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر