ئایا بەهۆی کەوتنەخوارەوەی موشەکێکی چینی مەترسیی لەسەر دانیشتوانی جیهان هەیە؟

جیهان

04/05/2021‌ 1268 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان باس لەوەدەکەن، پێشبینیدەکرێت، موشەکێکی لەکۆنترۆڵ دەرچووی چینی لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا بکەوێتە خوارەوەو مەترسیی لەسەر دانیشتووانی زەویی دروستبکات.


بەگوێرەی پێگەی "سپەیس نیوز"ی تایبەتمەند بەهەواڵە گەردوونییەکان پێشبینیدەکرێت تەنێکی مووشەکیی زەبەلاح کە سەکۆی سەرەکیی مووشەکی "لۆنگ مارش 5 بی" چینییەو کێشەکەی 21 تۆن دەبێت، لەیەکێک لەناوچەکانی نیشتەجێبوونی دانیشتووانی زەویی بکەوێتە خوارەوە.

باس لەوەدەکرێت، ئەو مووشەکە هەفتەی ڕابردوو ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کراوەو لەکاتی سوڕانەوەی بەدەوری زەویدا لەکۆنترۆڵ دەرچووە.

ئەو مووشەکە لەلایەن چینییەکانەوە ڕەوانەی ئاسمان کراوە یەکەم بەشی وێستگەیەکی بۆشایی ئاسمانی هەڵگرتووە کە چینییەکان بەنیازن بەتەنها لەخولگەی زەویدا بونیادی بنێن.

پێگەکە لەزاری جۆناسان ماکدوێڵ زانای گەردونناسی کە کار لەسەر بەدواکەوتنی ئەو تەنانە دەکات کە بەدەوری زەویدا دەسوڕێنەوە وتویەتی:"بەپێی هەموو پێوەرەکان ڕێگەپێدراونییە بێ کۆنترۆڵکردن بواری ئەوە بەمووشەکەکە بدرێت بگاتە ناو بەرگە هەوای زەوی".

پێگەکە باسی لەوەکردووە، پارچەکانی مووشەکەکە دوای تێپەڕین بەبەرگەهەوای زەویی دەکەونە ناو یەکێک لەزەریاکان کە بەشی هەرەزۆری زەوییان داپۆشیوە، بەڵام هێشتا مەترسیی لەسەر ناوچەکانی نیشتەجێی دانیشتووان دروستدەکات.

بەگوێرەی پێگەی "حوڕرە"ی ئەمریکی، چین یەکەم بەشی وێستگەی بۆشایی ئاسمانی تایبەت بەخۆی ڕەوانەی ئاسمان کردووە کە وابڕیاربوو ببێتە جێگای مانەوەی درێژمەودای کەشتیوانە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە، ئەوەش وەک بەشێک لەهەوڵەکانی چین بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی گەورە لەبواری گەردوونناسیدا، بەوپێیەی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چین سەرکەوتنی گەورەی تێدا بەدەستهێناوە.

ئەو یەکەیه‌ى سەر بەوێستگەی بۆشایی ئاسمانی چینه‌ لەڕێگای مووشەکی "لۆنگ مارش 5 بی" لەناوەندی هەڵدانی مووشەکیی "وونچانگ" لەهەرێمی دورگەی هاینانی باشووری چینەوە ڕەوانەی ئاسمان کراوە.

ئەو یەکەیه‌ کە مەترسیی کەوتنە خوارەوەی لەسەرەو ناوی "تیانخە"یە، یەکێکە لەسێ پێکهاتەی سەرەکیی کە دەبنە یەکەم وێستگەی بۆشایی ئاسمانیی پەرەپێدراو لەلایەن چینەوە کە وابڕیارە ڕکابەریی وێستگەی بۆشایی ئاسمانیی نێودەوڵەتیی پێبکات، ئێستاش یەکەم وێستگەیە ماوەی 20 ساڵە لەخولگەی زەویدا کاردەکات‌و کەشتیوانە ئاسمانییەکانی وڵاتانی جیهانی تێدا دەمێنێتەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، هەریەک (ئه‌مریكا، ڕوسیا، کەنەدا، ئەوروپاو ژاپۆن) پشتیوانی وێستگەی بۆشایی ئاسمانی نێودەوڵەتیی دەکەن، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش ڕێگەی بەچین دابوو بەشداریی لەوێستگەکەدا بکات.

هەڵدانی یەکەی "تیانخە" دەبێتە یەکەم ئەرک لەکۆی 11 ئەرکی تر بۆ تەواوکردنی وێستگە ئاسمانییە چینییەکە کە وابڕیارە دوای تەوابوونی لەبەرزیی 340 بۆ 450 کیلۆمەتری زەوییەوە بسووڕێتەوە.

چین دەیەوێت تاوەکو ساڵی 2030 ببێتە یەکێک لەوڵاتە سەرەکییەکان بۆ دۆزینەوەی گەردوون، پێشتریش لەڕێگای سەردانی مانگ‌و ڕەوانەکردنی گالیسکەی بێسەرنشین بۆسەر هەسارەی مەریخ، بەرنامە ئاسمانییەکەی بەهێزترکردووە.

و: ئاکۆ ئاڵی