هەرێم و بەغدا بۆ بڵاوکردنەوەی هێزی فیدراڵیی لەسەر سنوورەکانی تورکیا لە گفتوگۆدان

عیراق

09/05/2021‌ 935 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەڕلەمانی عێڕاق ئاشکرایکردووە کە هەوڵێکی پەڕلەمانی هەیە بۆئەوەی لەدوای جەژن لەپەرلەمانەوە بڕیارێک بۆ دەرکردنی هێزە سەربازییەکانی تورکیا لەسەر خاکی عێراق دەربکرێت.


بەدر زیادی ئەندامی لیژنەکە لەلێدوانێکی رۆژنامەوانی بە پێگەی "مەعلوومە"ی راگەیاندوە، بەغدا دەیەوێت هێزە فیدراڵییەکان لەسەر سنووری نێوان هەرێم و تورکیا بۆ ڕێگەگرتن لە هاتنی سوپای تورکیا و بەرکەوتنی سەربازیی لەگەڵ گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کورستان بڵاوەپێبکات.

ئاماژەى بەوەشکردوە، لێدوانەکانی حکوومەت و سەرکۆنەکردن و بانگهێشتکردنی باڵیۆزی تورکیا لەسەر پێشێلکارییەکانی ئەمدواییەی تورکیا و هاتنی وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە بۆناو خاکی عێراق بەس نین.

بەوتەى ئەو پەرلەمانتارە پەڕلەمان سوورە لەسەر دەرکردنی بڕیارێک بۆ کردنەدەری هێزەکانی تورکیا هەر لەموسڵەوە بۆ زاخۆ و هەولێر و ڕێگەگرتن لە بنیادنانی بنکەی سەربازی نوێی تورکی لەسەر خاکی عێراق، ڕوونیشی کردۆتەوە کە تۆمارکردنی سکاڵا لەئەنجوومەنی ئاسایش و کۆمکاری عەرەبیی دژی تورکیا مافێکی دەستووریی حکومەتی بەغدایە.

زیادی ئەوەشی وتووە کە لەئێستادا هەرێم و بەغدا لە گفتوگۆدان تاوەکو هێزێکی فیدراڵی بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا رەوانە بکرێت، تاوەکو لەوڕێگایەوە ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی گەریلاکانی پەکەکە لەناوچەکە و دەستتێوەردانی سەربازیی تورکیا لەناو خاکی عێراق بگیرێت.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی