برای یەكێك لەسزادراوانى بادینان باس لەدواین پەیوەندیكردنی كوڕەكەیان دەكات

کوردستان

09/05/2021‌ 811 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس


برای یەكێك لە دەستگیركراوانی بادینان رایگەیاند، ڕۆژی شەممە قسەیان لەگەڵ كوڕەكەیاندا كردووە و ئەو تەنها پرسیاری ڕۆتینی كردووە، ماڵەوەمان زۆر پرسیاریان لێكردووە بەڵام وەڵامی نەبوو چونكە لە سەر سەری وەستاون و پێیوتووین، ئەو پرسیارانە مەكەن چونكە تەلەفۆنەكە دادەخرێت.


مێڤان سەعید برای شڤان سەعید یەكێك لە پێنج سزادراوەكەی بادینان بە دەنگی ئەمریكای وتووە،  ڕۆژی شەممە پەیوەندی پێوە كردووین، هەر تەنها پرسیاری ڕۆتینی كردووە چۆنن و باشن، ماڵەوەش زۆر پرسیاریان لێكردووە بەڵام وەڵامی نەبوو چونكە لە سەر سەری وەستاون و وتی ئەو پرسیارانە مەكەن چونكە تلیفۆنەكە دادەخرێت.

برای ئەو چالاكوانە سزادراوەی بادینان دەشڵێت، داواكاری ئێمە ئەوەیە كە دادگای تەمیز خۆی دوربخات لە دەستێوەردانی حزبی و كەسانی سیاسی و بڕیارێكی سەربەخۆ بدات، بۆ هەموو لایەنێكیش ئەم كەیسە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكار نەهێنن چونكە نزیك بووینەتەوە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكان هەندێك كەس خۆیان بە خاوەنی دەزانن زیاتر وەكو مادەیەكی هەڵبژاردنەكان و بانگەشەیە.

سەبارەت بە دوا بڕیار و زانیاری لەسەر كەیسی دەستگیركراوانی پارێزگای دهۆك، هەرێم ڕەفعەت، یەكێكە لە تیمی پارێزەرانی ئەم دۆسێیە و بە دەنگی ئەمەریكای وتووە، هێشتا بڕیاری یەكلاكەرەوە دەرنەچووە چونكە دوو ڕێكار ماون ئەوانیش ڕاستكردنەوەی بڕیارەكەیە و دەستەی گشتییە، و ئومێدێکیش هەیە چونکە ئەنجومەنی دادوەری ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردووەتەوە كە دەڵێت" هێشتا ڕێكار ماون و كۆتایی نەهاتووە.

باسی لەوەشكردووە، داواكاریەكیان پێشكەش بە سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم كردووە بۆ دەستەی گشتی، لە دەستەی گشتی هەموو دادوەرەكان لەسەری دادەنیشن لە جیاتی ڕای پێنج دادوەر ڕای دە دادوەر هەیە.

جێی باسە هەریەك لە چالاكوان و ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی و گوهدار زێباری و ئەیاس كەرەم و هاریوان عیسا و شڤان سەعید لە لایەن دادگای تاوانی دووی هەولێر بە تۆمەتی ئەوەی كە هەوڵی تێكدان و كاری سیخوڕییان كردووە بڕیاری شەش ساڵ زیندانی کردنیان بەسەردا سەپێندرا، دواتر پارێزەرانی ئەو دەستگیركراوانە تانەیان لە بڕیارەكە دا و ڕەوانەی دادگای تەمیز كرا دادگای تەمیزیش بڕیارەكانی دادگای تاوانی دووی هەولێری پەسەند كرد.

بەپەلە