شارپرێس:
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئهمریكا ئاشکرایانکردووە، ویلایەتەیەکگرتووەکان ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەرئەوەی بەبەهای سەدان ملیۆن دۆلار چەکو تەقەمەنیو بۆمبی زۆر پێشكهوتوو بەئیسرائیل بفرۆشێت.
رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ی ئهمریكی بەپشتبەستن بەسەرچاوەی باڵای ئهمریكی باسی لەوەکردووە، سەرەڕای هەڵکشانی ئاستی گرژییەکان لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیدارەی جۆ بایدن ڕەزامەندی دەربڕیوە بەبەهای 735 ملیۆن دۆلار چەکو تەقەمەنی پێشکەوتوو بەئیسرائیل بفرۆشێت.
بەپێی ئەو سەرچاوانە، لەڕۆژی پێنجی ئەم مانگەو چەند ڕۆژێکی کەم پێش دەستپێکردنی شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیلو گرووپە چەکدارییە فەڵەستینییەکان لەکەرتی غەززە، ئیدارەی ئهمریكا کۆنگرێسی لەمامەڵەکە ئاگادارکردۆتەوە.
گرێبەستەکەی ئیدارەی بایدن لەلایەن بەشێک لەدیموکراتەکان کە دژ بەپشتیوانیکردنی سیاسەتەکانی بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلن ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی توند بۆتەوەو پێیانوایە، ڕازیبوون بەو فرۆشتنی ئەو جۆرە چەکانە بەئیسرائیل، بێ گوشارخستنەری بەوەی دەبێت بەپرۆسەی ئاگربەست ڕازیبێت، وادەکات ژمارەیەکی زیاتر لەخەڵکی مەدەنی ببنە قوربانی.
لەوبارەیەوە، یاسادانەرێکی دیموکراتو ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەکیی لەئەنجومەنی نوێنەرانی ئهمریكا بەڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ڕاگەیاندووە، لەهەفتەی ڕابردووەوە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆر لەخەڵکی مەدەنی کوشتووەو ئەو باڵەخانەیەشی وێرانکردووە کە ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی ئهمریكی نووسینگەی تێداکردبۆوە.
ئهمریكا هەرچەندە داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی هێرشە مووشەکییەکان لەنێوان ئیسرائیلو بزووتنەوەی حەماس دەکات، لەهەمانکاتیشدا جەخت لەسەرئەوە دەکاتەوە کە ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە بەرامبەر بەهێرشە مووشەکییەکانی گرووپە فەلەستینییەکان بەرگری لەخۆی بکات.
و: ئاکۆ ئاڵی
