وەزارەتی رۆشنبیری لەسەر بڵاوكردنەوەی دیمەنی خۆسوتانی گەنجەكە بڕیاریدا

کوردستان

18/05/2021‌ 954 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس


وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێم لەسەر بڵاوكردنەوەی دیمەنەی خۆسوتانی گەنجێك لەبەردەم نوسینگەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر لەلایەن چەند كەناڵێكەوە بڕیاریدا بە سزادانی ئەو كەناڵانە بەپێی رێنماییەكان.

 

لەسەر رووماڵكردنی خۆسوتانی گەنجێك لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لەلایەن چەند كەناڵێك و سۆشال میدیایەكەوە، وەزارەتی رۆشنبیری راگەیەنراوێكی بڵاوكردوە  و  رایگەیاند، لەسەر ئەو پرسە لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان كۆبوونەوە، لە كۆبونەوەكەدا دۆخی ئێستای راگەیاندن و سۆشیال میدیایان بە دۆخێكی نالەبار و خراپ وەسف كرد.


لەبەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، لە رێی بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوەوە وێرای رێنمایی ژمارەیەكی ساڵی 2014 و ئاگاداری نامەی مانگی ئایاری 2021 بە هەموو كەناڵەكانی راگەیاند، كە خۆیان بە دووربگرن لە پەخشكردنی ئەو هەواڵ و ریپۆرتاژ و بەرنامانەی دەچنە خانەی بڵاوكردنەوەی هاندانی توندوتیژی و كوشتن  خۆكوشتن، كە لەرووی دەرونیەوە زەمینەیان بۆ خۆش دەكەن.


وەزارەتی رۆشنبیری لەو راگەیەنراوەدا ئەوەی خستووتەڕوو ئەو كەناڵ و سۆشال میدیایانەی ئەمڕۆ رووماڵی خۆسوتانی ئەو گەنجەیان كردووە، لە رێگەی دەستەی داوای كاری گشتی و لەبەر رۆشنایی یاسا و رێنماییە بەركارەكانی هەرێمی كوردستان، رێكاری یاساییان بەرامبەر وەردەگیرێت.


داواش لە دەستەی سەرۆكایەتی داواكاری گشتی دەكات، هەمو رێكارێكی یاسایی بەرامبەر ئەو دەزگا راگەیاندن و پەیجانەی سۆشیال میدیا و پەیامنێر و وێنەگرانەی كە رووماڵی رووداوەكەیان كردووە، وەربگرێت.


بەیانی ئەمڕۆ، ، دوو گه‌نجى خه‌ڵكى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان كه‌ له‌شارى هه‌ولێر نیشته‌جێن چونه‌ به‌رده‌م نوسینگه‌ى ڕێكخراوى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان له‌وشاره‌و ئاماژه‌یان به‌وه‌دا، له‌لایه‌ن ئه‌و ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ هیچ مافێكیان بۆ ده‌سته‌به‌رنه‌كراوه‌و وه‌كو كاردانه‌وه‌یه‌كیش له‌به‌رامبه‌ر خراپى ژیانیاندا، یه‌كێك له‌گه‌نجه‌كان ئاگرى له‌جه‌سته‌ى خۆى به‌رداوه‌.