شارپرێس:
سەندیکای رۆژنامەنوسان هەڵوێستى خۆی لەسەر مامەڵەى رۆژنامەنوسانى رووداوەکەى هەولێر راگەیاندو دەڵێت،بە داخەوە ئەو کەناڵ و ڕۆژنامەنووسانەی لە شوێنی ڕووداوەکە بوون، زۆر نابەرپرسانە خەریکی ڕووماڵی ڕووداوەکە بوون.
سەندیکاى رۆژنامەنوسان راگەیاندوە،ئەنجومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان نیگەرانی خۆی لە سوتاندنی گەنجێك و ڕووماڵی میدیاكان دەردەبڕێت، پاش ئەوەی ئەمڕۆ (18ی ئایاری 2021) ژمارەیەک پەنابەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری هەولێر کۆبوونەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بێ وەڵام مانەوەی کەیس و داواكانیان، هاوڵاتییەکی ڕۆژهەڵات بە ناوی (بێهزاد مەحمودی) ناسراو بە (محەمەد) بەنزینی بە خۆیدا کرد و لە بەردەم چەند ڕۆژنامەنووسێک ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو کەناڵ و ڕۆژنامەنووسانەی لە شوێنی ڕووداوەکە بوون، زۆر نابەرپرسانە خەریکی ڕووماڵی ڕووداوەکە بوون، بێ ئەوەی گوێ بدەنە ئەوەی کە دەبوو لە جیاتی گرنگیدان بە هەواڵی خۆسوتاندنەکەی، گیانی ناوبراویان ڕزگار بکردایە و نەیانهێشتایە خۆی بسوتێنێت و ئەوە دەبوە پیشەییبوون و ئینسانیبوون و کارێکی مۆراڵی، کە دەیانتوانی ئەو کارە بکەن و نەیانکرد.
سەندیکاى رۆژنامەنوسان دەشڵێت، ئەم ڕووداوە پێماندەڵێت، هێشتا میدیا و ڕۆژنامەنووسی ئێمە تەنها و تەنها بە دوای هەواڵەوەیە، نەک ناوەڕۆکی هەواڵ و ڕەهەند و لێکەوتەکانی، گەر وانییە، دەبوو ڕۆژنامەنووسەکان مایکەکان فڕێبدەن و باوەش بە گەنجەکەدا بکەن، ئەوە دەبوە هەواڵ و شانازی، نەک ئەوەی بە بەرچاوی ئەوانەوە ڕوویداوە و بێدەنگبوون.
هاوکات نیگەرانی خۆشی لە پەیامنێرانی ئەو کەناڵانە ڕادەگەیەنێت کە دەبوو بە ئەرکی ئینسانی خۆیان هەستن، چونکە ڕۆژنامەنووس پێش هەر شتێک ڕێزگرتنە لە ئینسان و بەهاکانی مرۆڤایەتی.
س.هـ