کێ چوار ساڵی تر لەسەر کورسی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەبێت؟

عیراق

23/05/2021‌ 898 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەرچەندە هێشتا زووە بڕیار لەوە بدرێت کێ دەبێتە سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق، بەڵام لە ئێستاوە ئاماژەکان بۆ ڕکابەرییەکی توند لەسەر باڵاترین پۆستی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە عێراق دەستیپێکردووە.

بڕیارە ڕۆژە ٢٠٢١.١٠.١٠ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، چاوەکان تا ماوەی ڕابردوو لەسەر مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق بوون کە لیست بۆ ئەو هەڵبژاردنە دروستبکات، بەڵام ناوبراو لە زاری خۆیەوە دروستکردنی لیست و بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ڕەتکردەوە، ئەی کەواتە چارەنووسی کازمی دوای هەڵبژاردن چی دەبێت؟

چاودێرانی سیاسی دەڵێن، مستفا کازمی چانسی ئەوەی هەیە دوبارە ببێتە کاندیدی ڕێککەوتن لەسەرکراوی هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق، بەئەوەی جارێکی دیکە ببەێتەوە بە سەرۆک وەزیرانی عێراق.

تا ئێستا زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق خۆیان بەدوورگرتووە لەوەی ناوی کاندیدەکانیان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو ئاشکرا بکەن و دەڵێن، ئەو بابەتەیان هێشتووەتەوە بۆ دوای دەرچوونی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و دەستپێکردنی دانوستانەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.

بەڵام هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا نەیشاردووەتەوە کە نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکە کاندیدی ئەوان دەبێت بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق، کەواتە بەو پێیە بێت مستەفا کازمی یەکەم ڕکابەری بۆ دروستبووە.

ڕەوتی سەدر چەند مانگێکە بانگەشەی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە لە سەدرییەکان دەکات، بەبێ ئەوەی ناوی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران ئاشکرابکات، بەڵام چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، موقتەدا سەدر لەبەر پێگەی جەماوەریی و دروستنەبوونی درز لە ڕیزەکانی ڕەوتی سەدر، نایەوێت سەرۆک وەزیران لە حزبەکەی ئەو بێت.

عەلی بیدەر، چاودێری سیاسی بۆچوونی وایە، هەر لایەنێک لە ئێستادا باسی پۆستی سەرۆک وەزیران و کاندیدەکەی بکات، ئەوا هیچ نییە جگە لە ڕاکێشانی سۆزی جەماوەر و دەنگدان، چونکە ئەو پرسە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەو کەشەی لەدوای هەڵبژاردن لە عێراق دروستدەبێت.

ئەو چاودێرە سیاسییە پێیوایە چانسی کازمی بۆ بوونەوە بە سەرۆک وەزیران وەک خۆی و بە هێزی خۆی لاوازە، بەڵام ئەگەرێک هەیە کە وەک جاری پێشوو ببێتە کاندیدی تەوافوقی، بەڵام ئەوەش لە زیانی ئەودایە، چونکە ئەگەر هەیە لە هەر کێشەیەک کە ڕووبکاتە حکومەتەکەی، لایەنە سیاسییەکان پشتی تێبکەن.

گەورەترین ئاڵنگاریی بەردەم کازمی میلیشیا شیعەکانن کە ڕێگرن لەوەی دووبارە ناوبراو بگەڕێتەوە سەر کورسی دەسەڵات، بەوپێیەی زیاد لە جارێک گرژیی لەنێوان ئەو گروپانە و کازمی ڕوویدا.

سەرمەد تائی، شارەزا لە کاروباری عێراق رایدەگەیەنێت، لەڕابردوودا پۆستی سەرۆک وەزیران لەڕێگەی "یاریی ژمارەکان"ەوە یەکلادەکرایەوە، بەڵام خۆپیشاندانەکانی عێراق ئەو هاوکێشەیەی هەڵوەشاندەوە بەتایبەت کاتێک حکومەتەکەی عەبدولمەهدی شکستیهێنا لەسەر دەستی خۆپیشاندەران.

ئێستا دۆخی سیاسی عێراق و یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران گۆڕاوە، بەتایبەت کە سەرۆک کۆماری عێراق تا یەکلاکردنەوەی کازمی بۆ ئەو پۆستە، سێ کاندیدی ڕەتکردەوە.