بەرهەم ساڵح پەرلەمانی عێراق ڕوگیر دەكات

مەلەفی تایبەت

24/05/2021‌ 2403 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق پێشدەستییەكی سیاسی تازەی خۆی خستۆتەڕوو بەئامانجی گێڕانەوەی پارە بەتاڵانبراوەكانی عێراق‌و لێپیچینەوە لەگەندەڵكاران‌و پەلكێشكردنیان بۆ بەردەم دادگاكان، سەرۆك بەرهەم بەمكارەی سیاسییە عێراقییەكان‌و پەرلەمانی ڕوگیركردووە، بەوەی پێدەچێت جگە لەپەسەندكردنی پڕۆژەیاساكە بژاردەیەكی دیكەیان نەبێت.


سەرۆك بەرهەم لەو وتارەی لەوبارەوە لەپەرلەمانی عێراق پێشكەشیكرد سەبارەت بەدۆسییەكانی گەندەڵی دارایی‌و كارگێڕی لەعێراقدا، ئاماژەی بەوەكرد، پڕِۆژەیاساكە "پارە بەتاڵانبراوەكانی گەندەڵی‌و داهاتەكانیان دەگێڕێتەوە"، لەئایندەشدا هەنگاوی دیكەی بەدوادادێن، پشتیوانی لەدامەزراوە دارایی‌و چاودێرییەكان دەكات‌و ڕۆڵ‌و كاریگەری میكانیزمەكانیان كاراتر دەكات.

پڕِۆژەیاساكەی سەرۆك كۆمار سەبارەت بەبەگژداچوونەوەی گەندەڵی پڕِۆژەیەكی سیاسییەو پاڵپشتیش لەپێشدەستییەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق مستەفا كازمی دەكات لەبەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا، پێدەچێت ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ناونیشانی هەڵمەتە هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی ئایندە بێت، ئەم جوڵەیەی سەرۆك بەرهەم دەرفەت‌و هەلەكانی زیاد دەكەن لەوەی بۆ گەڕێكی دیكەش پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار بگرێتەوە دەست.

لەكاتێكدا پارتە سیاسییەكانی عێراق لەساڵی 2003وە سەرقاڵی سەپاندنی هەژموون‌و باڵادەستی خۆیانن بەسەر پەرلەماندا، هەریەك لەسەرۆك بەرهەم‌و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران خاوەن هەمان پڕِۆژەو پێشدەستی سیاسین، هەردووكیان گرەو لەسەر پەرلەمانی ئایندەی عێراق دەكەن لەوەی لەدوای هەڵبژاردنەكان ئەو سەركردە سیاسییە بەناوبانگ‌و لێوەشاوانە پەسەندبكەن كە بەهەڵوێستە باش‌و پاكو بیگەردەكانیان ناسراون‌و گەرەكیانە وڵات لەبەشبەشێنەی حزبی‌و حكومی‌و دارایی دەربازبكەن كە یەكێك لەخراپترین سیستەمی گەندەڵیان لەجیهاندا بەرهەمهێناوە.
یەكێك لەسیاسییە عێراقییە شارەزاكان لەوبارەوە دەڵێت:"هەریەك لەسەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیران ئەركی دەربازكردنی عێراقیان لەگێژاوی هەژموونخوازی‌و باڵادەستی حزبی لەئەستۆ گرتووە كە سامان‌و دەرامەتی عێراقیان بەفیڕۆداوەو وڵاتیان خستۆتەسەر ساجی عەلی، هەردوو سەرۆك بەهەنگاوەكانیان پەرلەمانیان ڕووگیركردووە، هیچ بژاردەیەكیان بۆ نەهێشتوونەوە جگەلەوەی بەناچاری پڕۆژەیاسای بەگژداچوونەوەی گەندەڵی پەسەندبكەن، هیچ پەرلەمانتارێكیش ناتوانێت دژ بەو پڕۆژەیە بوەستێتەوە".

سەرۆك بەرهەم لەوتارەكەیدا لەوبارەوە وتی:"بەهۆی گەندەڵییەوە عێراق لەساڵی 2003وە نزیكەی 150 ملیار دۆلاری زەرەر كردووە، ئەو پارانە دزراون‌و براونەتە دەرەوەی وڵات"، داواشیكرد لەڕێگەی هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتییەوە بەرەنگاری گەندەڵی ببنەوە.

پرسی گەندەڵی گرێكوێرە هەرە ئاڵۆزو سەختەكەی عێراقەو لەساڵی 2003وە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكان لەبەرامبەریدا دەستەوەستان بوون‌و نەیانتوانیوە سنورداری بكەن، عێراقییەكانیش لەسەرئەوە كۆدەنگن كە بەرپرسە گەندەڵەكانی دەوڵەت ئەم دۆخە ناهەموارەیان خوڵقاندووەو جومگەكانی دەوڵەتییان پەكخستووە. 

چاودێرێكی سیاسی عێراقیش لەوبارەوە دەڵێت:"گەندەڵكاران لەهەسارەیەكی دیكەوە نەهاتوون، ئەوان هۆكاری سەرەكی دۆخی ناهەمواری ئێستای وڵاتن".

سەباح موختاریی سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی عەرەب لەبەریتانیا پێیوایە، "هیچ سەیر نییە كە عێراق لەدوای گلانی ڕژێمی پێشوو لەساڵی 2003وە گەندەڵترین وڵاتە، كەچی سەرجەم بەرپرسە گەندەڵەكانی باس لەبەگژداچوونەوەی گەندەڵی دەكەن، دەڵێی ڕۆژنامەنووسن‌و هەواڵەكانی گەندەڵی دەگوازنەوە".

موختار باس لەدانپێدانانی ئاشكرای سیاسییە گەندەڵەكانی عێراق دەكات كە مشعان جبوری پەرلەمانتار یەكێكیان‌و بەڕاشكاوی وتویەتی كە بەرتیلی وەرگرتووە، خالید عوبێدی وەزیری بەرگری پێشووتری عێراقیش ڕووبەڕوو تۆمەتی گەندەڵی دایەپاڵ سەرۆكی پەرلەمان كە داوای بەرتیلی لێكردووە، سەرۆك بەرهەمیش ئاماژەی بەوەكردووە، بەهۆی گەندەڵییەوە نزیكەی 150 ملیار دۆلاری عێراق بەفیڕۆ چووە.

موختار باسی لە یاسای سزادنی عێراقی ژمارە 111 ی ساڵی 1996 كردووە كە لە24 مادەدا (317-341) بەتێروتەسەلی باسی لەپرسی بەرتیلخۆری‌و گێڕانەوەی داهاتەكانی گەندەڵی كردووە، دەشڵێت:"دەستور سەرۆك كۆماری پابەندكردووە كە حوكمەكانی ئەو یاسایە جیبەجێبكات".

كیفاح مەحمودی توێژەری سیاسی عێراقیش لەوباوەڕە دایە كە سەرۆك بەرهەم بەهەموو شێوەیەك هەوڵدەدات شوێنپەنجەی خۆی بەسەر پڕۆسەی سیاسی لەعێراقدا جێبێڵێت، لەوانەیە جوڵەو كۆششەكانیشی گەڕێكی دیكەی سەرۆكایەتی كۆماری بۆ مسۆگەر بكەن.

توێژەری ناوبراو دەشڵێت:"ئەگەر هەوڵەكانی بەرهەم ساڵح سەربگرن، ئەوا دەبنە قەڵەمبازێكی جۆری‌و دەستكەوتێكی مەزن لەپڕۆسەی بەرێوەبردنی دەوڵەتی عێراقدا، بەوەی دەوڵەت لەبازنەی گەندەڵی دەچێتە دەرەوەو دەبێتە نەیاری‌و جەنگی لەدژ بەرپا دەكات".

توێژەری ناوبراو ئاماژە بەوەشدەكات، دۆخی سەخت‌و دژواری عێراق ئاستەنگ‌و ئاڵێنگاری زۆر دەخاتە بەردەم ئەو پڕۆژە چاكسازیانەو وادەكات ئەگەری سەركەوتنیان ئەستەم بێت، هۆكارەكەشی لاوازی دەوڵەت‌و باڵادەستی میلیشیاكانە بەسەر سەرجەم جومگەكانی دەوڵەتەوە هەر لەپرسی دەروازە سنورییەكانەوە تاوەكو بازرگانی‌و پەیوەندی لەگەڵ هێزە هەرێمییەكان كە بەهەموو شێوەیەك لەهەوڵدان هەژموون‌و بەرژەوەندییەكانیان لەعێراقدا بپارێزن‌و هەموو پڕۆژەیەكی چاكسازیش لەناوەڕۆكەكەی بەتاڵبكەنەوە.

سەرچاوە: پێگەی ئەلكیترۆنی عەرەب
وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر