تورکیا لەیەک کاتدا هەشت ناوچەی هەرێم بۆردومان دەکات

کوردستان

10/06/2021‌ 1209 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەفڕۆکەی ئێف 16، تورکیا دەستی بەبۆردوومانی زیاتر لەهەشت ناوچەی بادینان کردووەو سەرچاوەکانیش باس لەوەدەکەن، ئەوە یەکەمجارە بەوشێوە بەرفراوانە تورکیا لەیەک کاتدا ئەو بۆردومانە سەختە بکات.


لەڕۆژی چوارشەممەوە تورکیا بەبەردەوامیی بۆردوومانی ناوچەکانی (بنێ زنارێ، هەفشێ کۆرێ، گەلیێ زوبەیری، پشتا چەلکێی کریستیانا لەنزیک دێرێ، ئاقاری گوندی کێستەو هرورێ، ملا سۆرێ‌و ناڤدارکا) دەکات، ئەوەش یەکەمجارە بەوشێوە بەرفراوانە بۆردوومانی هەرێمی کوردستان بکات.

بەهۆی ئەو بۆردوومانەشەوە ناوچەیەکی زۆر ئاگری تێبەربووەو زیانێکی زۆر بەر دارو درەختەکانی ئەو ناوچانە کەوتوون، لەهەندێک شوێنیش خەڵکی ناوچەکە گوندەکانیان چۆڵکردووە.

مەهدی بەهائەدین موختاری گوندی چەلکێی سەیدان کە یەکێکە لەو گوندانەی بۆردوومانکراوە بەمیدیاکانی وتووە، "زەوی دێمی‌و ئاوییەکانی ناوچەکەو ڕەزو باخەکان بەگشتی بەهۆی ئەو بۆردوومانانەوە 100٪ لەناوچون".