عێراق، ئەگەرەکانی کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی S-400 رووسی به‌هێزه

عیراق

11/06/2021‌ 737 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی پێگەی " DefenseNews"ی ئەمەریکی کە پشتی بە بۆچوونی پسپۆڕانی سەربازیی بەستووە، ئەگەری هەیە لەدوای هەریەک لە چین و هیندستان و تورکیا، عێراق ببێتە خاوەنی سیستەمی بەرگری ئاسمانیی دوورمەودای S-400 ی رووسیی، ئەوە جگە لە کڕینی فڕۆکەی شەبەحی رووسی لە جۆری SU-57، بەڵام پێگەکە ئاماژەی بۆئەوەکردووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەو جۆرە گرێبەستە سەربازییە رازیی نابێت.


پێگە ئەمەریکییەکە لەسەر زاری نۆرمان ڕیکڵفس، راوێژکاری پێشوو لە وەزارەتی بەرگری عێراق گواستوویەتییەوە کە وتویەتی: ئەوەی روونە ئەوەیە کە کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی S-400  لەلایەن ئەمەریکاوە هێڵی سوورە، بەتایبەت کە پێشتر واشنتۆن لەسەر هەمان بابەت سزای بەسەر تورکیادا سەپاندووە کە هاوپەیمانییەتی لەناو هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ"دا.

لەبەشێکی تری بابەتەکەی پێگە ئەمەریکییەکەدا هاتووە کە نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر باس لەوەکراوە کە عێراق هەنگاو بەرەو کڕینی سیستەمە مووشەکییە رووسییەکە دەنێت، لەئابی هەمان ساڵیشدا، عیماد زەهیری  پشکنەر لە وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاند کە عێراق گرنگی بە کڕینی فڕۆکەی SU-57 ی رووسیی دەدات.

هەروەک بەگوێرەی جەنەراڵ فرانک ماکینزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریکا، لەمدواییەدا هەریەک لە ئەمەریکا و رووسیا و چین لەبارەی پتەوکردنی پێگەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و فرۆشتنی چەک و چۆڵ کەوتوونەتە رکابەرییەکی توندەوە، بەقسەی ئەو بەرپرسە ئەمەریکییە، بەراورد بە ئابوورییە لاواز و فشەڵەکەی، خەرجییە سەربازییەکانی عێراق و کڕینی چەکی ناپێویست لەلایەن سوپای ئەو وڵاتەوە زۆر گەورەیە.

لای خۆشییەوە، ئەلێکساندەر جەلیل، شرۆڤەکار لە Gulf State Analytics دەڵێت" بەراورد بەو کێشە داراییەی عێراق هەیەتی، ئەو وڵاتە هیچ پێویستییەکی بە کڕینی فڕۆکەی شەبەحی رووسیی و سیستەمی بەرگری ئاسمانی S-400 نییە، لەهەمان کاتیشدا دانی بەوەداناوە کە بەگشتیی چەکی رووسیی لە چەکی ئەمەریکی هەرزانترە، ئەمەش یارمەتی عێراق دەدات لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی بڕیار لە بژاردەکانی بدات.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی