پێش هەڵبژاردنى پێشوەختە کابینەکەى مستەفا کازمى رووبەرووی قەیرانى گەورە دەبێتەوە

عیراق

13/06/2021‌ 978 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکردووە  کە بەمزووانە گۆڕانکاریی وزاریی لە کابینەی حکوومەتەکەی مستەفا کازمی روودەدات، بەشێوەیەک گۆڕانکارییەکە پێنج وەزارەت دەگرێتەوە کە یەکێکیان وەزارەتی تەندووستییە.

سەلمان حەسەن ئەندامی لیژنەی تەندرووستیی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە پێگەی IQ NEWS ی راگەیاندووە کە هەرچەندە عێراق بە قەیرانێکی تەندرووستیی قوڵدا تێپەڕ دەبێت کە خۆی لە بوونی قەیرانی ڤایرۆسی کۆڕۆنادا دەبینێتەوە، کە ئەوەش پێویستی بە بریاری یەکلاکەرەوە هەیە، لەناویاندا یەکلاییکردنەوەی پۆستی وەزارەتی تەندرووستیی، بەڵام هێشتا ئەو وەزارەتە بەچۆڵی ماوەتەوە.

حەسەن ئاماژەی بۆئەوەکردووە کە دواکەوتنی یەکلاییکردنەوەی ئەو بابەتە بۆئەنجامدانی گۆڕانکاریی وزاریی کابینەی حکوومەتەکەی کازمی دەگەڕێتەوە کە وابڕیارە پێنج وەزارەت بگرێتەوە، وابڕیاریشە لەو گۆڕانکاریانەدا وەزیرێکی نوێش بۆ وەزارەتی تەندرووستیی کاندید بکرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە قسەکردن لەسەر کەمی ماوەی کابینەی حکوومەتەکەی مستەفا کازمی کەمی و بەستنەوەی بە بەچۆڵی هێشتنەوەی پۆستی وەزارەتی تەندرووستیی راست نییە، لەبەرئەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان و راگەیاندنی ئەنجامەکان و گەیشتنە قۆناغی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت کاتێکی زۆری دەوێت و زۆر لەکاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لەمانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ تێدەپەڕێت.

لەدوای رووداوی سووتانی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب بەغدا  لە ٢٥ی نیسانی رابردوو کە بووە هۆی مردنی ٨٢ کەس و برینداربوونی زیاتر لە ١٠٠ کەسی تر، حەسەن تەمیمی وەزیری تەندرووستیی دەستی لەکارکێشایەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی