سەرۆك كۆمار پیرۆزبایی لەئیبراهیم ڕەئیسی دەکات

عیراق

19/06/2021‌ 574 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق، بەبۆنەی سەرکەوتنی ئیبراهیم ڕەئیسی لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئێراندا په‌یامێكى پیرۆزبایی ئاراسته‌كردو ڕایگه‌یاند، "ئومێدەوارم سەركەوتوبن لەو ئەركەی دەكەوێتە سەرشانتان لەخزمەتكردنی گەلی ئێرانی دۆست‌و هەمیشەش لەپێشكەوتن‌و ئارامی‌و گەشەسەندندابن".


له‌و بروسكه‌یه‌دا سه‌رۆك كۆمارى عێراق نوسیویه‌تى:"ئێمە لەعێراق چاومان لەوەیە پەیوەندییەكی باش‌و تۆكمەمان لەگەڵ گەل‌و وڵاتی ئێراندا هەبێت كە چەندەها ڕایەڵەی شارستانی‌و ڕۆشنبیریى‌و كۆمەڵایەتی ڕەسەنی مێژوویی بەیەكەوەمان دەبەستێتەوە".

د.به‌رهه‌م وتویه‌تى:"كۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆڵێكی باڵای هەبووە لەیارمەتیدانی عێراق لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو تیرۆریستان‌و ئەو لێكەوتانەی هەڕەشە لەئاسایشی ناوچەكەمان دەكەن، ھەروەھا ململانێ‌و تەنگژانەش كە لەئارادان، لەدوا دیداریشماندا لەبەغدا پەرۆشی‌و گرنگیپێدانی بەڕێزتانم هەستپێكرد لەپاراستن‌و پتەوكردنی ئەو ئەو پەیوەندییانەی لەنێوان هەردوو گەل‌و وڵاتی عێراق‌و ئێراندا هەن".


دەقى بروسکەى پیرۆزباییەکەى سەرۆک کۆمارى عێراق بۆ سەرۆکى نوێى ئێران


ئەمەش دەقی بروسكەی پیرۆزباییەكەیە:

فەخامەتی د. ئیبراهیم رەئیسی
سەرۆكی ھەڵبژێراوی كۆماری ئیسلامی ئێران

سڵاوی خودای گەورەتان لێ بێت

بەبۆنەی سەركەوتنتان لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی كۆماری ئیسلامی ئێران گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایتان ئاڕاستە دەكەم. ئومێدەوارم سەركەوتووبن لەو ئەركەی دەكەوێتە سەرشانتان لە خزمەتكردنی گەلی ئێرانی دۆست و هەمیشەش لە پێشكەوتن و ئارامی و گەشەسەندندابن.

ئێمە لە عێراق چاومان لەوەیە پەیوەندییەكی باش و تۆكمەمان لەگەڵ گەل و وڵاتی ئێراندا هەبێت كە چەندەها رایەڵەی شارستانی و رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی رەسەنی مێژوویی بەیەكەوەمان دەبەستێتەوە، كۆماری ئیسلامی ئێران رۆڵێكی باڵای هەبووە لە یارمەتیدانی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تیرۆرستان و ئەو لێكەوتانەی هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەكەمان دەكەن، ھەروەھا ململانێ و تەنگژانەش كە لە ئارادان. لە دوا دیداریشماندا لە بەغدا پەرۆشی و گرنگیپێدانی بەڕێزتانم هەستپێكرد لە پاراستن و پتەوكردنی ئەو ئەو پەیوەندییانەی لە نێوان هەردوو گەل و وڵاتی عێراق و ئێراندا هەن.

ناوچەكەمان بە دۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت، ئەم دۆخەش پێویستە بە دانایی و ووریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، پێویستی بەوەیە زمانی گفتوگۆ و دانوستان و بەردەوامیدان بە پەیوەندییەكان سیمای سەرەكی و دروشم و سەرمەشق بن، بەوپەڕی پەرۆشی و گرنگییەوە مامەڵە لەگەڵ بەرژەوەندیی و رایەڵە پێكداچووەكانی گەلانی ناوچەكە بكەین و پەرەیان پێبدەین، بەو ئامانجەی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی ناوچەكە بپارێزین و رێز لە سەرورەی وڵاتەكانی بگرین. 

سیمای پڕشنگداری نووسینەوەی مێژووی هەر گەل و نەتەوەیەكیش بەو هەوڵە و كۆششە ماندوونەناسانە دەپێورێت كە لە پێناو چاكەی گشتی و مرۆڤدۆستیدا خراونەتەگەڕ، ئەمەش بەرجەستەی ئەو ئایەتە پیرۆزە دەكات كە دەفەرمێت: " كُنتُمْ خَيْرَ أُمَّةٍ أُخْرِجَتْ لِلنَّاسِ تَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَتَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنكَرِ وَتُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ"..

ئێمە متمانەی تەواومان بەوە هەیە كە بەڕێزتان زۆر بە پەرۆشن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوانمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش، بەشێوەیەك بەرژوەندی و خێری و بێری گەلانی ناوچەكەشی تێدا بێت.

دووبارە پیرۆزبایی گەرمی خۆمتان ئاڕاستە دەكەم بەبۆنەی سەركەوتنتان لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئێران، چاومان لەوەیە پەیوەندییەكانی نێوانمان گەشەسەندن و پەرەسەندنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

پەروەردگار خێر و بەرەكەت بەسەر كۆماری ئیسلامی ئێران و گەل و سەركردایەتی و حكومەتەكەیدا بڕێژێت، هەمیشە ئومێدی سەركەوتن و سەرفرازیتان بۆ دەخوازین.

بەرهەم ساڵح
سەرۆك كۆماری عێراق

بەپەلە