وەزارەتى کشتوکاڵ هۆشدارى دەدات.. ئەو کەسانەى قوربانى دەکەن وریای ئەم خاڵانە بن

کوردستان

18/07/2021‌ 856 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێری هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندوە، چەند رێنماییەک بۆ بەرچاو روونی ئەو هاووڵاتیانەی خوازیاری قوربانی کردنن بەبۆنەی جەژنەوە، بەتایبەتی دوابەدوای بڵاوبونەوەی نەخۆشی تای خوێن بەربوون(الحمی النزفیة) لە عێراق.

 وەزارەتى کشتوکاڵ ئاماژەى بەوەشکردوە، لەبەر هەبوونی نەخۆشی تای خوێن بەربوون لەعێراق ،هەرچەندە تا ئێستا لە کوردستان ئەم حاڵەتە بەدی نەکراوە ، لەپێناو کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکە و سەلامەتی ئێوە بەهۆی ئەوەی کە ئەم جۆرە نەخۆشیەکە راستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو وبەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و فێترنەری بەپێویستی دەزانێت کە ئەم رێنماییانەی خوارەوە بۆ بەرچاو روونی زیاتری بەڕێزتان بلاو بکاتەوە :

یەکەم: ئەو ئاژەڵەی سەردەبڕدرێت دەبێت تەندروست بێت و قڕنە و گەنەی لەسەر نەبێت.
دووەم: ئاژەڵی قوربانی لە کوشتارگە سەردەبڕدرێت، تاکو پشکنینی پێش سەربڕین و دوای سەربڕینی بۆ بکرێت و دڵنیابین لە تەندروستی گۆشتەکە.
سێیەم: گۆشتی قوربانی لە ناو کیسی شەفاف دابەش بکرێت و دەبێت کیسەکە خاوێن و نوێ بێت .
چوارەم: سەربڕینی ئاژەڵ لە ناو ماڵ و کۆڵان هۆکارێکە بۆ بڵاوبونەوەی نەخۆشیەکان و پیس بوونی ژینگە، هەروەک دیاردەیەکی ناشارستانیە، بەتایبەتی لە ئێستادا کە چەند حاڵەتێکی نەخۆشی خوێن بەربوون (الحمی النزفیة)لە عێراقدا تۆمار کراوە.
پێنجەم: لەکاتی وەرگرتنی گۆشتی قوربانی راستەوخۆ بەکاری مەهێنه و بیست چوار کاتژمێر لە ساردکەرەوەی بهێڵەوە.
شەشەم: لەکاتی دەستکاری کردنی گۆشت و لاشەی ئاژەڵ دەستکێش بەکار بهێنە.
حەوتەم: ئەگەر گومانت لە گۆشتی ئاژەڵی قوربانی هەبوو پەیوەندی بە لێژنەکانەوە بکە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوو وەزارەتی تنەدروستی عێراق رایگەیاند، چەند حاڵەتێکیان لە توشبوون بە نەخۆشی تای خوێن بەربوون تۆمارکراوە کە نەخۆشییەکە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و تا ئێستا هیچ ڤاکسین و چارەسەرێکی نییە و لە ٦٠% توشبووان گیانلەدەستدەدەن.